هەڵبژاردن چی لەژیانتان گۆڕیوە؟ نووسینی: ڕۆژ عەزیز
بەراست لەوەتەی هەیە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕوستدا، هەڵبژاردنی پەرلەمان وحکومەتی بورژوازی و حکومەتە سەرکوتگەرەکانی قەومی و ئیسلامی چیان لەژیانی خەڵک گۆریوە، بێجگە لە شەڕ کوشتارو برسیکردنی خەڵک و دزی وتاڵانچێتی؟ پەرلەمان و حکومەتی بورجوازی بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی بەسەرچوویان دیسان ٤ ساڵ جارێک بەدرۆو دەلەسە خەڵک پەلکێشی سەرسندوقەکان دەکەن و بانگەشە دەکەن کەگوایە ژیان وگوزەرانتان باش دەکەین، هەرجارەو هێزێکی قەومی مەزهەبی خۆی دەگۆرێت بانگەشەی ڕیاکارانە دەکات کە گوایە ژیان گوزەرانی خەڵک باش دەکات ئاڵوگۆڕ لەکۆمەڵگەدا بەدی دەهێنێت.
ئەم ساڵ وا بڕیارە لە ١٣ی ئایاردا هەڵبژاردن لەعێراق کوردستان ئەنجام بدرێت و لەئێستاوە لایەنەکان خەریکی بەخشینەوەی وەعدو بەڵێنن بە خەڵکی عێراق کوردستان، کە دڵنیام چۆن لە ماوەی حاکمیەتی دەسەڵاتی عێراق کوردستاندا بێجگە لە نەهامەتی شەڕ وکوشتارو خوێن رشتن و برسیکردن وهەژاری زیاتر هیچی دیکە بەدیاری بۆ خەڵک نەهاتووە. بەبڕوای من لەدوای هەڵبژاردنی ١٣ی ئایاری ٢٠١٨ ئەگەرەکان ئەوە نێشان دەدەن نەک وەزعی کوردستان وعێراق باش نابێت، بەڵکو هەنگاویکی دیکەی ململانێی تازەو شەڕێکی دیکەی تازە بەرۆکی خەڵکی عێراق و کوردستان دەگرێت، چونکە حکومەتی عێراق خودی عەبادی بەنیازە میلیشیاو حەشدی شەعبی لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری نەکەن، ئەمەش ململانێکان توندتر دەکەنەوەو حەشدی شەعبی کە دروستکراوی ئێرانە وا بەئاسانی بێدەنگ نابن لەم کۆمەڵگەیەدا، لەکاتێکدا کە ئێران پاڵپشتیان دەکات لەعێراقدا. هەر بۆیە ئەگەری ناکۆکیەکان لەدوای هەڵبژاردنەوە روو لەزیادبوون دەکات.
ئەوەی دەگەرێتەوە سەر کوردستان ئەویش ئەوەیە حاکمیەتی دەسەڵاتی کوردی و ئەزمونی ٢٦ساڵ حوکمرانی کوردی و ڕق و بیزاری خەڵک بەجێگەیەک گەیشتووە کە ئیتر کەمترین خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکات، هەرچەندە ئەم ململانێیانە وای کردوە هەم بزوتنەوەی سیاسی نوێ بێنە ساحەکەوە وە هەم ململانێی باڵەکانی بورژوازی کورد وای کردوە خەڵک هەر بەشداری دەکات بەس بەڕێژەیەکی کەمتر. لە دەورانی هەڵبژاردنی رابوردودا بزوتنەوەی گۆڕان خۆی کردە فریادرەس و بە وەعدو بەڵێنە ڕیاکارەکانیان جارێکی دیکە هەڵبژاردنەکانیان گەرم کردەوە و خەڵکیان پەلکێش کردەوە بۆ هەڵبژاردنێک کە شەرعیەتدان بێت بەهەمان دەسەڵات کە لەساڵی ١٩٩١کەوە خەریکی تاڵانچێتی بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەن.
بزوتنەوەی گۆڕان تا لەدەسەڵات نەبوو وەعدەو بەڵێنەکانیان بەخەڵک دەدا بەڵام کاتێک چوونە دەسەڵات و شەریک بوون لەو دەسەڵاتە ئیتر هەم بێدەنگ بوون لەئاست خواست وداواکاری خەڵکدا وە هەم خەڵکیش خۆشباوەڕی بەم بزوتنەوەیە نەما. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان پاشەکشەی سیاسی کردووە ئینجا نۆرەی بزوتنەوەیەکی سیاسی بورجوازی کوردیە کە سەرۆکەکەی کەسێکی سەرمایەدارەو بزوتنەوەکەی ناوی نەوەی نوێ یە و ناوی شاسوار عەبدولواحیدە، ئەم بزوتنەوەیەش شینی شەریک بوون لە دەسەڵاتی دەکات و کۆپیەکی هەمان بزوتنەوەی گۆڕانە و وە بزوتنەوەی ئایندەی کوردستانیش کە بەرهەم ساڵح و بەشێک ئەندامانی سەرکردایەتی و کادرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەڵی دەسوڕێنن خەریکن بە وەعدو بەڵێنی جۆراوجۆر خەڵک پەلکێشی سندوقەکان دەکەن و بەڵێن بەخەڵک دەدەن کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن گوایە ئاڵوگۆر دروست دەکەن و لەخەمی خەڵکی هەژاردان.
بەبڕوای من هەموو ئەمانە سەر بەهان بزوتنەوەی بورجوازی کوردین وهیچ جیاوازیەکانیان نییە و مسقالە زەرەیەک ناتوانن ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان باش بکەن، تەنها ئەوە دەکەن شەرعیەت دەدەنەوە بە دەسەڵاتی تاڵانچێتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەگینا خۆیان دەنگی ئەوتۆ بەدەست ناهێنن کە ببنە دەسەڵات، تەنها لە دەسەڵات شەریک دەبن.
ئێستا تێناگەم کەسانێک شەو و ڕۆژ قسە لەسەر تاڵانچێتی دزی و بردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگان لەکوردستاندا لەلایەن یەکێتی پارتیەوە، کەچی خەڵک هان دەدەن بەشداری هەڵبژاردن بکات. بزوتنەوەی گۆڕان وحیزبەکەی بەرهەم ساڵح و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگەشە دەکەن خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکات، لەکاتێکدا هەر خۆیانن دەڵێن هەرچیەک بکرێت پارتی یەکێتی لەهەڵبژاردندا دەردەچن.
ئەی ئەگەر وایە چیتان داوە بەپروپاگەندە بۆ هەڵبژاردنێک کە نەک سەرکەوتو نابن ئێوە تێیدا بەڵکو شەرعیەت دەدەنەوە بە پارتی و یەکێتی بۆ ٤ ساڵ ساڵی دیکە. ئێوەیەک لەجیاتی رۆژی هەڵبژاردن بکەنە ڕۆژی نارەزایەتی لەدژی دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی کە ٢٦ساڵە ژیانتانی فەوتاندو هیچ ئاڵوگۆڕێک بەقازانجی ئێوەو خەڵکی کوردستان نەبووە هیچ لەژیان وگوزەرانتان نەگۆڕاوە، کەچی جارێکی دیکە دیسان خەریکن پڕوپاگەندە گەرم دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردن و دیسان پارتی ویەکێتی بێنە سەر کورسی دەسەڵات و شەرعیەتی ئێکسپایەریان تازە دەکەنەوە.
لێرەوە ڕووی قسەکانم دەکەمە ئەوانەی پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان وعێراق دەکەن، بەڕاست هەڵبژاردن هیچ لەژیان و گوزەرانتان دەگۆڕێت؟ ئەی ٢٦ساڵ نییە لەکوردستان هەڵبژاردن ئەنجام دراوە؟ نەبوونی ئاو کارەبا بێ موچەی بەرهەمی هەڵبژاردن نییە؟ نەبوونی ئازادی سەرکوتگەری دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی بەرهەمی هەڵبژاردن نەبوو؟. کوشتنی خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ بەرهەمی هەڵبژاردن نەبوو؟ کوشتن و ئازارو ئەشکەنجەو ڕفاندن و زیندانیکردنی خەڵکی ناڕازی خۆپیشاندەکانی چەند مانگی پێشوو بەرهەمی هەڵبژاردن نەبوو؟ کوشتن و تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان وکاوە گەرمیانی سۆرانی مامە حەمەو ویدادو هەموو ئەو رۆژنامەنوس و رەخنەگرو نووسەرانە بەرهەمی دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی نەبوو؟. کە پەرلەمان حکومەتیان لەرێگای هەڵبژاردنەوە بەرهەم هێناو ئەمەش کاروکردەوەکانیانە. کوشتن و قەتڵوعامی کۆمۆنیستەکان لە ١٤ی تەموزی ساڵی ٢٠٠٠دا بەرهەمی هەر ئەم دەسەڵاتانە نین کە ئەمرۆ لەهەڵبژاردندا سەرکەوتوون. دەسەڵاتێک ٢٦ ساڵە بە ملهوری چەکداری میلیشیاکانی حکومی ئەم کۆمەڵگەیە دەکات دەی ئیتر شەرعەیەتیان پێ مەدەن، بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن هەڵبژاردن بێجگە لەنەهامەتی ماڵوێرانی تاڵانچێتی چی دیکەی بەدیاری بۆ خەڵک هێناوە؟. بانگەشە بۆ هەڵبژاردن بەهەر بیانوویەکەوە بێت شەرعیەتدانە بەدەسەڵاتی تاڵانچێتی دزی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردو مشەخۆرەکانیان کەشەریکن لە دەسەڵات.
ڕۆژی هەڵبژاردن گەرم مەکەن بەبیانووی ململانێی تازەو بزوتنەوەی تازەوە خەڵک فری و مەدەن دڵنیابن هیچ لەژیانی خۆتان و لەژیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش ناگۆڕێت. ڕۆژی هەڵبژاردن بچنە پای سندوقەکان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕن، بڵێن هەڵبژاردن گاڵتەجاڕیە، بڵێن هەڵبژاردن شەرعیەتدانەوەیە بەهەمان دەسەڵاتێک کە ٢٦ ساڵە ئێمە دەست وپەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەین، کە بێجگە لە برسی کردنمان و بێ مافی کردنمان و بێکاری کردنمان هیچی دیکەمان لێی نەدی.
ڕۆژی هەڵبژاردن بکەنە “نا” یەکی گەورە لەدژی دەسەڵاتێک کە خۆی کردوە بە حاکم بەسەر خەڵکی کوردستانەوە بەزەبری میلیشیاو چەک دەسەڵاتی خۆی سەپاندوە بەسەر خەڵکیدا. وە ئەوانەشی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن و داوا لەخەڵک دەکەن بچن لەپرۆسەی هەڵبژاردنی گاڵتەجاڕیدا بەشداری بکەن هیچ جیاوازیەکایان نییە لەگەڵ دەسەڵاتێک کە ٢٦ ساڵە خەڵکی ئەم هەرێمەی بەم رۆژەگەیاندووە.
ئەوانەی بەحساب دژی یەکێتی و پارتین لەنێو بزوتنەوەی گۆڕان و جوڵانەوەی نەوەی نوێدا بانگەشە بۆ هەڵبژاردن دەکەن، بێجگە لە ڕیاکاری خۆیان و بزوتنەوەکەیان هیچی دیکەیان پێ نییە، ئەوان لەلایەک دژی نەمانی یەکێتی پارتی کار دەکەن ولەو لاشەوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردن دەکەن کە زۆر باش دەزانن پارتی ویەکێتی دەنگ دەهێننەوە دیسان دەسەڵاتی تاڵانچێتی و میلیشیای شەرعیەت پەیدا دەکاتەوە بۆ ٤ ساڵی دیکەو کەس بۆی نییە تا ٤ ساڵی دیکە قسە بکات. کاتێک خەڵکیش بۆ خواست وداواکاریان نارەزایەتیش دەردەبڕن، دەڵێن ئێمە بەدەنگی خەڵک هاتووینەتە ئەم جێگەیە. کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرانی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد بەهەڵبژاردن ناکرێت، بەڵکو هەڵبژاردن شەرعەت بەمانە دەداتەوە، کۆتاییهێنان بەم دوو حیزبە میلیشیا تاڵانچێتیە لەگرەوی ناڕەزایەتی سەراسەری و ڕێکخراوبوونی کرێکاران وخەڵكی زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخوازو چەپ کۆمۆنیستەکانە لە دەووری بزوتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێرانەو ئازادیخوازانەو کۆمۆنیستانە، کە دەتوانێت ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان باشتر بکات و ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی بەدی بهێنێت…
1/28/2018