دەربارەی پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان… هاوڕی سەردار عەبدوڵا حەمە وەڵامی داوەتەوە

0

پرسی ڕۆژ

 پرسی رۆژ: پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان ولێکدانەوەکان.

ماوەی ٢٦ ساڵە عەبدوڵا ئۆجەلان (ئاپۆ) سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان( پکک)، دوای ئەوەی لەپلانێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا، و لەزیندانی ئەمیراڵ زیندانیکراوە. لەنێوجەرگەی ئاڵوگۆڕە سیاسی وئابوورییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسی گەرمی رەوای کورد لەناوچەکە بۆجارێکی تر هێندراوەتەوە سەر ئاستی ناوچەیی وجیهانی وتورکیا ناچارکراوە دەرگایەکی گفتوگۆبکاتەوە بۆئەو پرسە. پکک وەک کاراکتەری سەرەکی وعەبدوڵا ئۆجەلان وەک رێبەری ئەو حزبە، قسە وپەیامەکانی بەیەکلاکەرەوە دادەندرێت. بۆیە ئەمڕۆ ٢٧ی شوبات ٢٠٢٥ لەئەستەنبۆڵ پەیامێکیان بڵاوکردەوە بەهەردووزمانی کوردی وتورکی. ناوەرۆکی پەیامەکە لێکدانەوەی جۆروجۆری بۆدەکرێت. بۆیە ئەم پرسیارەمان ئاراستەی بەڕێز (سەردار عەبدوڵا) هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی کرێکاریی کرد:

کاریگەرییە سیاسی ولێکەوتە سیاسییەکانی پشتی پەیامەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن بۆ تورکیا ودۆزی کورد وناوچەکە وخودی پکک؟

بەڕێز( سەردار عەبدوڵا حەمە) وەڵامی ئەم پرسەی بەمشێوەیە دایەوە؛

لە ڕاستیدا پەیامەکەی ئۆجەلان ئەوەندەی ڕووی لە چەک داماڵینی پکک، و هەڵوشاوەنەوەیەتی، ئەوەندە ڕووی لە چارەسەری کێشەی کورد نییە. بۆ نموونە دیاری نەکردووە کە کێشەی کورد لە تورکیا چۆن چارەسەر دەکرێ؟ و ڕێگای گونجاو چییە لەو بوارەدا؟
هۆکاری
  چەک داماڵین و هەڵوەشانەوەی پکک لە لای ئۆجەلان ئەوەیە؛ کە زەمینەی نەماوە چونکە پکک لە کاتێکدا دروستبوو کە بلۆکی سۆشیالیستی هەبوو، وە لە ژێر کاریگەری ئەودا بووە. بەڵام کە ئەو بلۆکە نەماو هەڵوەشایەوە، ئیتر پکک ناکرێ هەر خۆی دووبارە بکاتەوە لەسەر هەمان ڕێچکە. بەڵام لای من ئەو پرسیارە هەیە؛ کوا پکک لەسەر ڕێچکەی سۆشیالیستی باوی ئەو سەردەمەش مابوو؟ ئەوان دەمێکە وازیان لە فیکری مارکسی وسۆشیالیستی هێنابوو. ئەوان ئیتر لەسەر ڕێبازەکەی گەورە ئەنارشیستی ئەمەریکی (بوکچینی) درێژەیان بەفیکروپراکتیک دەدات. بۆیە ناکرێ ئەوە فاکتەر بێت بۆ هەڵوەشانەوەی پکک.
لە پەیامەکەدا هەژموونی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا زاڵە، بە تایبەت دەوڵەت باخچەلی وئۆردوغان؛ کەدیارە ئەمانەش چەندە شۆڤینی و فاشیستن، چونکە ئۆجەلان لە بەرانبەر چەک داماڵینی پکک و هەڵوەشاندنەوەی هیچ مەرجێکی دانەناوە! بۆ نموونە؛ ئازادکردنی خۆی وسەرجەم زیندانییە سیاسیەکان ناکاتە پێشمەرج!.
کاتی خۆی (نیلسۆن مانديلا) سەرۆکی کۆنگرەی ئازادی باشووری ئەفریقا؛ لە زیندانەوە داوای لێکرا توندوتیژی ڕەش پێستەکان ڕاگرێ، بەڵام ئەوە بوو مەرجی ئازادکردنی خۆی و زیندانیەکانی هاوڕێی دانا. بەڵام لانیکەم خۆیان لە زیندان هێنایە دەرەوە، هەرچەندە ئازادی تەواوی نەبوو، بەڵام مەرجەکەی خۆی سەپاند.
هەروەها لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئۆسلۆ لە نێوان یاسر عەرەفات و پێم وابێ مەناحم بیگنی سەرۆکی ئیسرائیلی ئەوکاتە،
  کۆنگرەی ئاشتی بەسترا یاسر عەرەفات مەرجی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیلی سەپاند، بەڵام ئیسرائیل تا ئێستایش جێبەجێی ناکا.
مەبەستم ئەوەیە پەیامەکەی ئۆجەلان زیاتر داواکەی باخچەلی وئوردوغانە، بەبێ مەرج پکک چەکدابنێ، و کۆتایی بە تیرۆر بێنێ. ئەگەر لە پەیامەکە ورد بینەوە؛ تەنها پکک ناگرێتەوە، بەڵکو هەسەدەش دەگرێتەوە،
 چونکە داوای چەک دانان لەهەموو گروپەکان دەکات .
پەیامی ئۆجەلان
  جگە لەوەی لەژێر فشارە ناوخۆیەکانی تورکیایە، لە ژێر فشارەجیهانی وئەقلیمیەکانیشە کە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستوەتە بەردەم ئاڵوگۆڕێکی نوێوە، کەسەرمایەداری پێویستی بە ناوچەیەکی ئارامە بۆ سەرمایەگوزاری ناوچەیەک، بە بێ حەماس و حزب اللە، حەشدیی شەعبی و حوسیەکان و پکک و هەسەدە کە ئێستا ئەمانە گرفتی سەرەکین بۆ سەرمایەگوزاری لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لایەنێکی تری ئەم پەیامە وازهێنانی پکک و ئۆجەلانە لەو سیستەمەی بەڕێوەبەری خۆسەری و کۆمۆنییە کە لە دوای وازهێنانیان لە چەپ دەستیان بۆ بردبوو، چونکە دەبێ پکک هەڵوەشێتەوە، واتە سیستەمەکەش هەڵوەشێتەوە، و ناچار بچنە ژێر سیستەمی پەرلەمانی تورکیاوە، کە خۆی بەدیموکراسی پەرلەمانی
  و فرەنەتەوەیی دەناسێنێ .
بە ڕای من ئۆجەلان بەم پەیامەی ئۆتۆریتەی خۆی کەم دەکاتەوە کە بەئۆتۆریتەترین ڕابەری ناسیۆنالیستی کورد بووە تا ئێستا. نەک لەبەر ئەوەی داوای کۆتاییهاتنی پکک و چەکداماڵینی دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی پارسەنگی پەیامەکە زیاتر بەلای حکومەتی فاشیستی تورکیا ئەشکێنێتەوە. ئیتر نازانم پکک ئەمە قبوڵ دەکات یا نا؟ چونکە لەهەفتەی ڕابووردوو قەیرەلان سەرۆکی
  پکک لە قەندیلەوە، لە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند، ئەگەر پەیامەکەی ئۆجەلان لەدەمی خۆی بە ڤیدیۆ نەگەیەنرێ ئەوان قبوڵی ناکەن. من وەک خۆم هیچ کات باوەرم بەم جۆرە بزووتنەوە چەکداریانە نەبووە و نییە، و باوەریشم بە هیچ جۆرە ناسیۆنالیزمێک نییە کە کێشەی کورد چارەسەر بکات. لە کاتی قازی محمد وکاژیک وحیزبی دیموکرات وپارتی ویەکێتییەوە بگرە تا پکک ش، دواجار هەردەبێ سازش بکەن لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزیەکان، و کێشەی خەڵکی کوردستانیش بێچارەسەری ڕیشەیی دەمێنێتەوە!
بۆ چارەسەری ڕیشەیی ئەم کێشەیە تەنها کۆمۆنیزمەکەی مارکس و کۆمۆنیزمی کرێکارییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.