سەرکوت و پیلانگیڕی ناتوانێت بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بەشکست بکێشێت!

0

مامۆستایان و فەرمابەران ئەمجارە بە کۆبونەوە و چادر هەڵدان لەسەر رێگای سلێمانی/عەربەت… بۆ ڕێگەگرتن لە دزینی نەوتی خەڵکی کوردستان و لەپێناو گوشار هێنان بۆ دەسەڵاتی سیاسی تا وەڵام بەداخوازییەکانیان لە موچەو دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە بداتەوە، نیشانیاندا کە بە شێوەی جۆراو جۆر و هەمەچەشن بەردەوام دەبن لەپێناو داخوازییەکانیان. نیشانیاندا کە ئەگەر دەسەڵات بە خۆ کەڕ کردن و بە چاونوقاندن و بە ویژدان سستکردن، دەیەوێت شانی خۆی لە وەڵامدانەوەی بەداخوازییەکانیان نیشان بدات، ئەوا ئەوانیش بەو رێگایانەی کە گوێچەیان هەراسان دەکات چاوی نوقاویان دەکاتەوە و ویژدانی مەیوویان خاو دەکاتەوە، رێگەی خەباتیان دریژە پێدەدەن و گوشارەکانیان زیاتر دەکەن.

مامۆستایان و فەرمانبەران بە کۆبونەوەو رێگەگرتن لە تانکەرە نەوتەکانی سەرانی حزب و کۆمپانیاکانیان، ئەو راستیەیان خستە روو، کە بەبێ گوشار هێنان و بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان و کۆمپانیاکانیان، را ناچەلەکێن و باکیان بە بێ موچەیی و نەبوونی نییە. دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەرگەی تەنها دوو رۆژ رێگەگرتنی تانکەرە نەوتیەکان و زیانی راگرتنیانی نەبوو. بۆیە دەزگا ئەمنی و جاسوسیەکانی خۆی خستە گەڕ و لەلایەکەوە لەڕیگای هەرەشەو سەرکوت و لەلایەکی تریشەوە لە رێگای پلانگیری و فریوکاری و دوبەرکی خستنە نێوان نارازیان و سایەقەکان و لە بنەرەتیشدا لە ڕیگای توندوتیژی و سەرکوتەوە توانی پاشەکشە بە کۆبونەوەکە بکات و میدکار و چەندین رۆژنامەنووسیشی خستە بەردەم غەزەبی قازانج پەرستی خۆیەوە.

شوفێر و سایەق تانکەرەکان، کە ئەوانیش لەژێر زەبری کەمی کرێ و کاری تاقەتپروکێندا ناچار بە کار و گواستنەوەی نەوت و موشەتەقاتەکانی کراون… نەک هیچ کێبەرکیەکیان لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران نییە، بەڵکو وەکو ئەوان قوربانی چاوچنۆکی دەسەڵات و کۆمپانیاکانن. کەچی دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەکان خەریکی هەڵخراندنی ئەوان و بەکارهێنانیان بوون لەدژی نارەزایەتی حەقخوازانەی مامۆستایان و فەرمانبەران… و لەوەش زیاتر ویستیان سەرکوتی نارەزایەتی مامۆستایان وەکو پاراستنی ئاسایش و بۆ بەرگرتن بە “ئاژاوە و ناکۆکی” نێوان نارازیان و شوڤێران، بخەنە روو.

هیزەکانی ئاسایش بەم رەفتار و پیلانە سەرکوتگەرانەیان، ماهیەتی دەسەڵاتی حزبە سۆشیال- دیموکراتەکەی!!ی زۆنی سەوزیان نیشاندا، کە ئامادەن بۆ بەرگری لە دزی و تاڵانی و بۆ خۆدزینەوەی لە خواستی زۆر سادەی مامۆستایان و فەرمانبەران… دەست پاریزی نەکەن و هەرچی لەدەستیان بێت بۆ کۆتاییهێنان بەو کۆبونەوە و نارەزایەتییە دەستی بۆ ببەن… سەر ئەنجام ئاسایش توانی پاشەکشەی کاتی بە مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر رێگای عەربەت- سلێمانی بکات… بەڵام چۆن دەتوانێت پاشەکشە بە دەیان هەزار مامۆستاو کارمەندان و سەدان هەزار هاوڵاتی کە پشتیوانی لێبڕاوانە لە نارەزایەتییەکان دەکەن، بکات.

سەرانی دەسەڵات و کۆمپانیاکان بەرگەی دوو رۆژ ڕیگری لە بەشێک لە تانکەرەکان و ڕێگایەکی ئەو تانکەرانە نەگرت، کەچی زیاتر لە دەهەیەکە کایە بە قوتی موچەخۆران و فەرمانبەرانیانەوە دەکەن. موچە دوادەخەن، لێ دەبڕن و پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنیان راگرتووە.

چ یەکێتی و چ پارتی وەکو دوو دەسەڵات لە دوو زۆنی هەرێم، دەبێ ئەو راستییە بزانن، هیچ سەکوت و پلانگێری و فریوکارییەک ناتوانێت، بەر بزوتنەوەی رەوای مامۆستایان و فەرمانبەران بگرێت، ئەگەر رێگاییەک دەگرن، دەیان رێگای تر دەگرنە بەر. ئەگەر لە جێگایەک بەسەرکوت پاشەکشە بە نارەزایەتیەک دەکەن، لە چەندین جێگای تر نارەزایەتی دەست پێدەکات. ئەگەر بە فریوکارییەک پاشەکشەیەک دەسەپینن، ئەوا هوشیاری چینایەتی پوچەڵی دەکاتەوە. سەر ئەنجام بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران ئێستا ریشەی لە کۆمەڵگەدا داکوتاوەو خاوەنی چەندین ئەزموون و پێشرەوییەو هیچ زەبر و زەنگ و فریوکاری و پلانێک، ناتوانێت رایبگرێت و خامۆشی بکاتەوە، تا بەسەرکەوتن نەگات.

ئەم پشتیوانییەی جەماوەرییە و داخستنی دوکان و بازار، یانی واوەتر رۆشتن لە خێمەیەکی مانگرتوان وەکو نیشانەی نارەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران. یانی مامۆستایان فەرمانبەران تەنها نین و لەوەش زیاتر هاوچارەنووسن لەگەڵ سەرجەم جەماوەری بێبەشی کوردستاندا. ئاخر ئەگەر مامۆستایان و فەرمانبەران موچەکەیان دوادەخرێت و نادرێت، یان پلە بەرزکردنەوەیان نییەو دامەزراندن وەستاوە، ئەوا دوکاندار و کاسبکارانیش بەدەست باجی هەمە چەشنی ئەو دەسەڵات و گرانییەوە، دەناڵێین.

هاوپشتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە یەکتری، هەم جوڵانەوە جیاوازەکان بەهێز دەکات و هەم لینکی هاوبەشی داخوازییەکانیان بەیەکەوە ئاوێزانی یەکتری دەکات. جیا لەوانە نیشانەی یەکگرتووییە. ئەم هەنگاوەی کاسبکار و دوکاندارانی سلێمانی بە پشتیوانیان لە بزوتنەوەی رەوای مامۆستایان و فەرمانبەران، هاوکات بانگەوازێکە بۆ بەشەکانی تری کۆمەڵگە، لەوانەش کارگەو ناوەندە کرێکاری و خزمەتگوزارییەکان بەوەی کە ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بە راگرتنی کار ئەگەر بۆماوەی کورت و رەمزیش بێت، بۆ بزوتنەوە کۆمەڵاتیەکانیان رابگەیەنن، تا گوشارەکان بۆسەر دەسەڵات هەمەلایەنە بێت. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی هەست بکات تەنها لەگەڵ مامۆستاو فەرمانبەران بەرەو روو نییە، بەڵکو هاوکات رووبەرووە لەگەڵ چینی کریکار و باقی توێژە بێبەش و پیشەیەکانی تر، کاریگەری گەورەتر لەسەر خۆی دەبینێت. جیا لەوانە بوونی پشتیوانی لە بزوتنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئیرادە و ورە دەبەخشیت بە خەباتی رەوایان و ئاستی خەباتەکەیان دەباتە سەرەوە.

ئەم جوڵانەوە پشتگیرییە، نەک تەنها لە زۆنی سەوز، بەڵکو کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی زۆنی زەردیش دادەنێت و دەبێتە ئەزموونێک بۆ سەرجەم بزوتنەوەی نارەزایەتی حەقخوازانە لەسەراسەی کوردستاندا. 

Leave A Reply

Your email address will not be published.