یەک دیکتاتۆری و یەک چارەنوس! لە دێگەڵەوە تا عەربەت! نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

عەربەت تا ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوت و پەلاماری ئۆباشی دەسەڵاتدار بۆ سەر مامۆستایان و فەرمانبەران ڕووداوێکی دەگمەن نەبوو، بەڵام تا ئەوەندەی کە پەیوەندی بە دەستبردنی ئەوانەوە هەیە لە دەستبردن بۆ ئەو شێوە دەرکەوتنە لە پیادەکردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خۆیانەوە، ڕووداوێکی گەورە و دەگمەن بوو لە دڵی ئەو جوڵانەوە گەورە ئینسانیە گەورەیەدا. ڕەنگێک لە ڕادیکاڵیزمی شۆڕشگێڕانەی شورایی کوردستانی عێراقی ساڵانی نەوەدەکانی هەڵگرتبوو کە یەکەم جوڵانەوەی ئیرادەی لە خوارەوەی چینی کرێکار و جەماوەری چینە بێبەشەکان بوو لە پێناو لە دەستگرتنی چارەنوسی سیاسی خۆیان و له پێناو کوردستانێکی ئازاد و خۆشگوزەران.

کوردایەتی لە هەولێر بێ یان لە سلێمانی ناتوانێ خێری دیکتاتۆریەت ببەخشێتەوە، لە هەولێر بێ یان لە سلێمانی ناتوانێ دیکتاتۆر نەبێ، ناتوانێ کۆنپەرەست نەبێ. ناتوانێ ئیرادەی خەڵک بۆ دەست هەبوون لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان قبوڵ بکا. ناتوانێ قبوڵ مافی خەڵک مانگرتن و ئازادی سیاسی و هەڵسووڕانی سیاسی قبوڵ بکا، ناتوانێ ڕێگە بدا ڕابەرانی ڕادیکاڵ و عەدالەتخوازی کرێکاران و چینە بێبەشەکان وەک نوێنەرانی سیاسی چینی دەسەڵاتدار مەیدانی سیاسی کۆمەڵگەیان لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە ڕزگاری ئەو مرۆڤایەتیە و لە پێناو گرتنە دەستی دەسەڵات و پیادەکردنی بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان، بکەوێتە دەست.

ئەو جوڵانەوەیەی کە دوێنێ هەڵیان کوتایە سەر مامۆستایان و فەرمانبەران و موچەخۆرانی کوردستان لە عەربەت لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو ناهەقیەی کە بە ژیان و گوزەرانیانەوە دەکرێ، ئەوانەی لە دێگەڵە هەمان کار و ڕەفتاریان کرد دەرهەق بە مامۆستا و فەرمانبەر و کارکردوانی کۆمەڵگەی کورستان و لە هەولێر مامۆستایان دایە بەرشەق و دیکتاتۆریەتێکی بێباک و کەللەشقیان دروستکردوە، ئەوانەی داهات و ئابوری و ئیمکانات و تەواوی سەروەت و سامانی ئەو مەملەکەتەیان قۆرخ کردوە و ئازادی و خۆشبەختی و چارەنوسی سیاسی  پێنج میلیۆن هاوڵاتی مەملەکەتێکیان بە بارمتەگرتوە، هەمان ئەو جوڵانەوەیەیە کە چەکی لە جوڵانەوەی شورایی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی راکێشا. بەکر عەلی ڕابەری بێخانەولانەکانی لە جەرگەی سلێمانی تیرۆر کرد. پێنج کۆمۆنیستی لە ناو سلێمانی تیرۆرکرد، شاپور و قابیلی لە هەولێر و نەزیر عومەری لە بادینان و سەردەشت و ویدادی بە تاوانی ئاشکراکرن و ڕەخنەکردنی تاڵان و بڕۆیەک کە بە سەروەت و سامانی وڵات و یاریەکی قێزەون کە بە چارەنوسی سیاسی ئەو مرۆڤایەتیەی کوردستانەوە دەیکەن، تیرۆر کرد. چەندین کەسی لەسەر ئازادئەندێشی و ڕەخنە ئاخنیوتە زیندان.

ئیتر راستیەکی حاشاهەڵنەگری چینایەتی کوردستانی ئەمرۆ ئەوەیە کە ئەگەر کورستان بە ڕووی ئازادیدا بکرێتەوە، ئەگەر ڕابەرانی عەدالەتخوازی ئەو کۆمەڵگەیە ئازاد بن و ئیمکاناتی پێویستی سیاسی و ئابوری و ئیعلامیان لەبەر دەست بێ بۆ نوێنەرایەتی خواست و داوای ئەو بەشەرییەتە کرێکار و زەحمەتکێشە، وە ئەگەر ئەو خەڵکە ئەو ڕێکخراوە جەماوەریە ڕادیکڵانەی خۆی لە بەردەست بێ کە ئیرادەی ڕاستەوخۆی ئەوان و ئینسانییەت و ژیاندۆستی ئەوان نوێنەرایەتی بکا، ئەم کۆنەپەرەستیە سیاسیەی چینی دەسەڵاتدار هەرەس پێدەهێنێ و ئامادە نابێ ئازادی و خۆشبەختی و چارەنوسی خۆی ڕادەستی ئەم کەمایەتیە دیکتاتۆر و کۆنەپەرەستە بۆژواییەی ئەمڕۆ بکا. ئەمە دەعوایەکی چینایەتی قوڵ و چارهەڵنەگرە و بۆ بەدیهێنانی خواست و داوای ئینسانی خۆی بۆ ژیان و چارەنووسێکی باشتر و بۆ بە دیهێنانی کوردستانێکی ئازاد و خۆشگوزەران دەبێ و ناچارە بە شێوەی سیاسی سەربکەوێ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.