بژی بزوتنەوەی راستەوخۆی ئیرادەی جەماوەری!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

ئەمڕۆ مامۆستایان و موچەخۆران کە سەرتۆپی جوڵانەوەیەکی گەورەی ڕەوان لە پێناو دەرهێنانی مافی موچە و کرێی کارەکانیان لە گەروی دەسەڵاتدارانی کوردایەتی، دەستیان برد بۆ رێگەگرتن لەو تانکەرە نەوتانەی کە بێ هیچ حیسابکردنێک بۆ ئیرادەی دانیشتوانی کوردستان نەوت و وزە دەگوازنەوە.

ئەم هەنگاوە بە دروست کێشمەکێش و ڕوبەڕونەوەی دەسەڵاتی کەمایەتی دەسەڵاتداری سەرمایەداری کوردستانی ئەمڕۆی لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی پێنج میلیۆنی کە کار و ژیان و موچە و خۆشبەختیەکەی لە لایەن ئەو کەمایەتیە بە بارمتەگیراوە گەیاندە شێوازێکی دیاریکراوی پیادەکردنی ڕاستەوخۆی ئیرادەی  جەماوەری بۆ دەرهێنانی داهات و سەروەت و ئیمکاناتی کۆمەڵگە لە چنگی ئەم کەمایەتیە دەسەڵاتدارە.

 ئەزمونی چەند دەیەی ئەو بەشەرییەتە، ئەزمونی ئەو بە هەدەرچوون و لەبەر ڕۆیشتنە گەورەیەی کە ئەو کۆنەپەرەستیە بۆرژواییە سەپاندویەتی بەسەر ژیان و گوزەران و چارەنوسی کۆمەڵگەیەکی پێنج میلیۆنی سەپاندویەتی و هەروەها ئەزمونی ڕەفتارێکی سەرسەریانەو بێباکی موتڵەقی ئەو دەسەڵاتە بە هەموو پرس و داوایەکی ڕەوای جەماوەری چینی کرێکار و چینە بێبەش و کارکردوانی کوردستانی ئەمرۆ و لەوەش واوەتر ئەزمونی پەنابردنی بێئابڕوانەیان بۆ سەرکوت و پەلاماردانی هاوڵاتیانی کوردستان و مامۆستایان و فەرمانبەران و کارکردوانی کوردستان، ئەوەی بە هەزاران زمان سەلماندووە کە ئەم کۆنەپەرەستیە بۆرژواییە، به زمانی خۆش و بە پاڕانەوە و داواکردن ڕادەستی هیچ داواکاریەک نابێ و هیچ مافێکی جەماوەری بێبەش و کارکردوی کوردستان دانپێدانانێ. ئامادە نابێ موچە و کرێکان ڕادەست بکا, ئامادە نابێ دەست لەو یاریە قێزەونەی هەڵبگرێ کە بە سفرە و گوزەرانی هاوڵاتیان، بە موچە و دەخل و داهاتی وڵات و بە چارەنوسی سیاسی هاوڵاتیان دەیکا.

ئەم جوڵانەوە ئیسانیە گەورەیە لەسەرحەقە بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی خۆی بە دەستەوە بگرێ، لەسەر حەق بۆ ئەوەی تێیبکۆشێ ئابوری و سەروەت و سامانی ئابوری و ئیمکاناتی ئەو کۆمەڵگەیە لە دەستی یەکێتی و پارتی و هێزەکانی تری چینی دەسەڵاتدار دەربێنێ. نەک هەر ئەوە بەڵکو لەسەر هەقە چارەنوسی پێنج میلیۆن هاوڵاتی کوردستان لە دەست ئەو دەسەڵاتە بەڵاگرتوەی چینی دەسەڵاتدار دەربێنێت و بەسەر ئەو کۆنەپەرەستیە سیاسیە دەسەڵاتدارە دا سەر بکەوێ.

بزوتنەوەی کاری ڕاستەوخۆی جەماوەری، بزوتنەوەی ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری، ئەو بزوتنەوەیەیە کە دەتوانێ قودرەت و ئیرادەی ئەو مرڤایەتیە ناڕازی و ژیانخوازە بۆ ئەو سەركەوتنه سیاسیە و بۆ ڕزگاریەکی گەورەتری سیاسی بێنێتە مەیدان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.