نوێترین ئەنالیزەی ئافرەت… نووسینی: هاورێ نەهرۆ
مرۆڤ ئاڵوزترین و سادەترین گیان لەبەری رووی زەمینە. لەبەرانبەر دەسەڵاتی زانست مرۆڤ سادە و بێ دەسەڵاتە. چەند فاکتەرێک هەن کۆنترۆڵی مرۆڤ دەکەن لەوانە ئیکۆنۆمی، سێکس، دەسەڵات بە تێکرای ماناکانی مەعریفی و زانستی و ئاینی. لێرەدا ئافرەت کۆپی جوان و قەشەنگەکەی سروشتە، ئافرەت بەشە هەستیارەکەی گەردوونە، ئافرەت ئاوێنەی گۆڕانکاری هرمۆنی مانگانەیە، هەر چۆن مار کاژ فڕێ ئەداو خۆی تازەو نوێ ئەکاتەوە بە هەمان چەشن ئافرەتیش هەموو مانگێک لە رێگای خوێن لێچوونەوە، لایەنی بایلۆژی و سروشتی خۆی تازەو نوێ ئەکاتەوە، ئافرەت نەبێ، پروسەی ژیان بە نەزۆکی دەمێنێتەوە، ئافرەت سەرچاوەی زاوزێ یە. بایەخی بەردەوامبوونی مرۆڤایەتی بۆ روڵی بوونەوەری ئافرەت دەگەڕێتەوە.
هەر وەک نەوال سەعداوی دەڵێت، ئافرەت بنەماو بنەڕەتە، بەڵام لە هەمان کاتدا نابێ رۆڵی پیاو لەبەرچاو نەگیری، پیاو بە پیتاندنی هیلکەی ئافرەت پروسەکە تەواو دەکا.
گەرچی لە رووی قەبارەی مێشکەوە زانست سەڵماندوویەتی کە قەبارەی مێشکی ئافرەت بچووکترە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ وردبوون و ناسک بوونی ئەندامانی لەشی ئافرەت، بەڵام لێرەشدا سروشت تای تەرازووەکە بەلای قازانجی ئافرەت شکاندۆتەوە، بەهەمان شێوە زانست پێمان دەڵێ، پردی نێوان بەشی ڕاستی مێشک و بەشی چەپی مێشکی ئافرەت بەرینترە لە هی پیاو هەر بۆیە ئافرەت دەتوانی Multi task ئەنجام بدا، لە یەک کاتدا ئافرەت دەتوانێ چەندین ئەرکی جوراوجۆر ئەنجام بدا. ڕاستە ئێمە وەک چەپ و خەڵکی هومانیزم داوای یەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی بۆ توێژی ئافرەتان دەکەین لەگەڵ پیاودا، بەڵام لایەنی فسیولۆژی و سایکۆلۆژی وەک جیاوازی وتایبەتمەندی ئافرەت دەمێنێتەوەو دەبێ رێزی بێ پایانی لێ بگیری و بەردەوام شیکردنەوەو ئەنالیزەی نوێ و تازە لەمەر ئافرەت و تایبەتمەندییەکانی ئەنجام بدرێ. لێرەدا ئەگەر ئافرەت و پیاو لەبەر رۆشنایی هیڵی بەیانی ماتماتیکی و فیزیاوی وێنا بکەین، ئەوە ئافرەت سیمبۆلی هیڵی ئاسۆیی نوێنەرایەتی یی دەکا لە بەرانبەر دا پیاویش سیمبۆلی هێڵی ستوونی نمایندگی یی دەکا، پیاو بە شێوەی ستوونی جوڵەو ڕەفتار دەکا سەرئەنجام بیرکردنەوەی پیاو ستوونی یە، بەڵام ئافرەت بیری تیژوو هەستیارە، بە شێوەی ئاسۆیی جوڵەوڕەفتار دەکا، ئاکام بیرکردنەوەی ئافرەت ئاسۆیی یە، لە درێژەی ئەم بۆچوونە ئەگەر بەپێ ڕەگەزە کلاسیکیەکانی گەردوون و سروشت ئافرەت و پیاو ئەنالیزە بکەین، ئەوە بە گوێرەی هێڵی بەیانی ماتماتیکی ئافرەت سەر بە ڕەگەزی ئاو و ئاگرە، لەبەر ئەوەی ئافرەت بە شێوەی ئاسۆیی هەنگاو دەنێ، ڕەگەزی ئاویش ئاسۆیی دەڕوا، هەروا ڕەگەزی ئاگر بە نەرمی لە شوێن خۆی دەسووتێ، بەڵام بە ئاراستەیەکی ئاسۆیی، کەچی پیاو سەر بەڕەگەزی هەوایی و خاکی یە، وەک پێشتر گوتمان پیاو بەشێوەی ستوونی هەنگاو هەڵدێنێ، ئیدی سەری لە ئاسمان و قاچی لە ئەرز گیر کردووە، پیاو زیاتر سەر بە ئایکۆنی نەگۆڕە بەڵام ئافرەت سەر بە ئایکۆنی گؤڕاوە، تەنانەت لە رووی بایلۆژی یەوە ئافرەت گۆڕان بە سەر هرمۆنەکانی دێت و مانگانە دەگوڕدرێت، ئەمەش خاڵی لاوازی ئافرەت نییە، بەڵکو ئەم فاکتەرە دەگەڕێتەوە بۆ دینامیکیەتی جەستەو بیری ئافرەت کە هەمیشە خۆی تازە دەکاتەوە، تەنانەت لە دێڕ زەمانەوە گوتراوە کە ئافرەت بە بیری تیژی کشتۆکاڵی دۆزیوەتەوە، داهێنانی دۆزینەوەی پروسەی کشتوکاڵ زادەی بیری داهێنەرانەی ئافرەتە.
تەنانەت بە پێ زنجیرەی مێژوویی، سەرەتا دەسەڵات بەدەستی ئافرەتەوە بووە لە نێو خێزان و دام و دەزگای خێڵی سەرەتایی، وەک ئینگلس لە پەرتووکی بنەچەی خێزان و خاوەنداریەتی تایبەت و دەوڵەت باسی دەکا، کە کار دابەش کرا، هەنگاوی شکستی ئافرەت دەستی پێکرد لە مێژوودا، دەسەڵات لە دەستی ئافرەت سێندرایەوە ئیدی ئافرەت کەوتە ماڵەوە، پیاویش لە دەرەوە کاری کشتوکاڵ و ڕاوو شکاری دەکرد.
لێرەدا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئەنالیزەی ئافرەت لە ڕوانگەی سیمبۆلەکانی ماتماتیکی یەوە، ئەوە ئافرەت سەر بە سیمبۆلی بازنەیی یە لە بەرانبەردا پیاو سەر بە سیمبۆلی سێگۆشەیی یە، سێگۆشەیی سیمبۆلی پیاو بریتی یە لە جەمسەری مرۆڤ دوستی بەرانبەر سوپەر ئیگۆی فروید، دووەم جەمسەری خوشەویستی بەرانبەر ئیگۆی دابەشبوونی فروید، هەروا سێ یەم جەمسەری سێکس و پێداویستی بایلۆژی یە بەرانبەر ئیگۆی خوارەوە، بەڵام لای ئافرەت ئەم دابەشبوونەی جەمسەرەکان تێکچرژاوە لای ئافرەت ئەم سێ سیمبۆل و جەمسەرە تێکەڵە، بەشێوەیەکی بازنەیی پەێڕەوی لێدەکرێ، ئافرەت مرۆڤ دوستی و خوشەویستی و سێکس ئاوێزانی یەکترن بە شێوەیەکی هارمۆنی، ئاکام بەشێوەیەکی بازنەیی ئاراستەی ئەم سێ جەمسەرە لای ئافرەت وێنا کراوە.
شایانی باسە فروید دەڵێ، سی ساڵ لە بواری سایکۆلۆژیای مرۆڤ ئیش دەکەم تا ئێستا نازانم ئافرەت چی دەوێ، بەرای من لەبەر ئەوەیە ئافرەت سەر بە سیمبۆل و ئایکۆنی بازنەیی یە، بە ئاسانی مەبەستی ئافرەت دیاری ناکرێ، هەندێ جار ئافرەت قسە ئەکا لە پێناوی قسە کردن، ڕەنگە لەزەت لە قسە کردن وەرگرێ لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر یان ئەگەر لیسپسک بێت بە واتای هاورەگەز، لەزەت لە قسەکردن وەرگرێ لەگەڵ ژن وەک هاوڕەگەزی خۆی.
وەک لە شوێنیکی دیکە گوتومانە، سەرجەم داهێنانە زانستیەکانی مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو، کوپی سروشت و گەردوون و میکانیزمی ئیشکردنی جەستەی مرۆڤ و ئاژەڵ و گیان لەبەرانی دیکەیە، تەنانەت موبایل و کومپیوتەرو کوپی ماشین زادەی لێکۆڵینەوەیە لە توانای ڕادەبەدەری ئەلیکتروموگناتیسی سروشت لەگەڵ میکانیزمی چونیەتی ئیش کردنی لەشی مرۆڤ، هەر لە مێشکەوە بگرە تا دەگاتە ئورگانەکانی دیکە، تەنانەت ڕێژەی کارەبا لە دڵی مرۆڤ دە توان ناقس چواردەیە.
پروسەو تیئورەکانی بواری سوسیولوژیا تێکڕا لە ئیش کردنی ئەلکترونی دام و دەزگای کارەباییەوە دەرهێنراون.
لێرەدا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ چەمکەکانی ڕادیکالیزم و ریفۆرم کە دوو چەمکی جیاوازن بگرە لە هەندێ حاڵەتدا یەکتر تەواو دەکەن. لە ڕاستیدا ئافرەت خاوەنی چەمکی ریفۆرمە لە بەرانبەردا پیاو خاوەنی چەمکی ڕادیکالیزمە، لەبەرانبەر ئەم دوو چەمکە سوسیولوژییە دوو پارچەی ئەلکترونی هەن هەمان میکانیزمی ئیش کردن دووبارە دەکەنەوە ئەوانیش Capacitor and Transistor ئیشی کاپاسیتور کارکردنی ریفۆرمە ڕێک وەک ئافرەت و بیرکردنەوەی ئیش دەکا، سەرەتا بارگاوی دەکرێ دواتر پەیتا، پەیتا بەتاڵ دەکرێ لە بەرانبەردا ئیشی ترانسیستور میکانیزمی ڕادیکالە وەک پیاو ئیش دەکا و بیر دەکاتەوە، ئەگەر پێناسەی ترانسیستور بکەین بە واتای کلیلی ئەلیکترونی، کاتێ ئەم کلیلە دەکرێتەوە بە وزەیەکی کارەبایی دیاریکراو، بڕێک تەوژمی کارەبا بەڕێ دەکا، بۆ پێکردنی دەزگایەکی دیاریکراو کەواتە دەرئەنجام کاپاسیتور ئیشی ریفۆرمە وەک ئیشی ئافرەت، ترانسیستوریش ئیشی ڕادیکالە وەک ئیشی پیاو.
لە کۆتایی دا دەبێ بە ئاشکرا ئەوە بدرکێنین کە هەقیقەتە گەورەکەی ژیان و گەردوون و سروشت لە ٧٥٪ لای ڕەگەزی مێیەنەیە، مێیەنە بە تێکرای گیان لەبەرەکانەوە، بەسەراپای سروشتەوە کەواتە پیاو بەشی نیرینەی سروشت و گەردوون و ژیان نوێنەرایەتی دەکا، کەمینە پێک دێنێ لە هەقیقەتی بوون و پروسەی ژیان بە گشتی.
هەر بۆیە لە ئاینی جوولەکە ئەوەی تازە ببێتە هەڵگری پەیامی ئەم ئاینە دەبێ لە رووی دایکایەتییەوە خزمایەتی و نزیکایەتی خوێنی هەبێ.
٢٠ / ٢ / ٢٠٢٥