کۆ دەنگی لە پێناو بێدەنگی… نووسینی:  کاکەلاو تەحسین

0

ئەوەی عێراق لێی دەترسێت فرەییە، ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەن یەک رەنگیە، جا گەر کرا بە هێز، ئە گەر نەکرا بە هێزی دیموکراسی پەرلەمان.

لەو تابلۆیەی عێراقیش هەرێمی کوردستان هەردەم دەستیکردۆتەوە بۆ سواڵ و صەدەقەیەک عێراق پێی ببەخشێت.

هەر لەبەر ئەو خۆ بە کەمزانینەش بوو کورد بە ئاسانی چووە ژێر باری رێکەوتنێکی سیاسی بۆ پەسندکردنی یاسای باری کەسیەتی، ولێبوردنی گشتی لە پێناو پەسندکردنی یاسای هەڵوەشانەوەی بریاری حیزبی بەعس لە دژی موڵکی کوردەکان.

ئەوەی سونە وەریگرت مافێک بوو هەر لە رۆژی پەسند کردنی یاساکە لە پەرلەمانەوە چووە جێبەجێکردن، نەک لە رۆژی بڵاو کردنەوەی. هی شیعە بە بڵاوکردنەوەی یاساکە دەستدەکەن بە کردنەوەی نوسینگەی باری کەسیەتی لە لایەن عەمامە لەسەرەکان، و دەستدەکەن بە شەرع و فەتوادان.

هەرچی ئەوەی کوردە؛ سپێردرا بە دادگاکان بۆ ئایندە! کاتێک گەر خاوەن موڵکێک داوای موڵکەکەی لە داگیرکەرەکە کردەوە، ئەوا دەبێت دادگا بەو یاسا نوێیە کار بکات.

جا دادگا بەو هەموو راو بۆچونەی دادوەرەکان، و فشاری سیاسی لەسەریان، هەر دەبێت بە نیازی جێبەجێکردنی بن.

بۆیە سەرکردایەتی سیای کورد لە ناچاری، و لاوازی و نەزانی چووە ژێر باری پەسندکردنی ئەو سێ یاسایە.

خەڵکی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی گشتی، و رێکخراوەکان و رۆشنبیران و چالاکوانان رەزامەندی و بێدەنگیان هەڵبژارد. ئەوان وای دەبینن کە ئەم یاسایە بۆ مناڵەکانی ئەوان نابێت!! ئەوان بێئاگان لەوەی  گەر ئەمرۆ رزگاریان بێت؟ ئەوا بە دڵنیایی بەیانی ئەکەونە داوی یاسای باری کەسیەتی، جا ئەوکات کە کچە دوانزە ساڵەکەیان وتی من شو دەکەم بە فەرمانی مەلا، ئەوا ناتوانن بڵێن ئێمە رەزامەند نین.

جگە لەوە بەشێک لە هاوڵاتیان پێیایان وایە ئەو یاسایە لە هەرێم جێبەجێ نابێت، بەڵکو تەنها باشور و ناوەراست دەگرێتەوە. ئەم ڕایە پێش ریفراندۆم کەمێک جێگای راستی بوو، بەڵام ئێستا وا وەزیری مالیە بریار بۆ حکومەت دەدات کە لە ماوەی یەک ساڵ، نە یەک فەرمانبەر دامەزرێنن نە گرێبەستیان بۆ بکەن. ئیتر چۆن هەرێم لەوە بەداوە رزگاری دەبێت. وە بیرمان بێت دەرچوونی ئەو یاسایە پشتی بەستوە بەدەستوری عێراق، وە دەستوری عێراق دادگای ئیتیحادی بەرگری لێدەکات وەک بینیمان لە رابردوو دەیەها یاسایان لە سەر ئەو بنەمایە لە دژی هەرێم دەرکرد، بۆیە گەر هەرێم جێبەجێی نەکات؟ وە هەر هاوڵاتیەک بچێتە دادگا ئەوا دەیباتەوە. جگە لەوە کەرکوک سعاتێ لە هەولێروسلێمانی دوورە بۆ مارەکردن و تەڵاق و میرات، لەوکاتەدا کورد رووی تێدەکات.

بۆیە ئەوەی کرا؛ سەرەتایەکی پر مەترسیە بۆ مناڵ و نەوەکانمان لە عێراق بە گشتی، و هەرێم بە تایبەتی. بۆیە هێشتا رەگی دانەکوتاوە، و دەرئەنجامە خراپەکانی لێ نەکەوتۆتەوە. بۆیە گرینگە فشارەکان بەردەوام بێت تا هەڵوەشانەوەی، بە تایبەت لە ئێستادا کە ناکۆکی کەوتۆتە نێوان دادگای ئیتیحادی و دەستەی باڵای دادوەری.

Leave A Reply

Your email address will not be published.