یاسایەک بۆ ئازادیی ڕەها، لە کۆیلەکردنی ژنان و منداڵبازی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە… نووسینی: سالار سۆفی
هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێڕاق ژمارە ١٨٨ کە لە ساڵی ١٩٥٩ داڕێژراوە و کاری پێ دەکرێت، لە چەندین ڕووەوە پێشێلی مافەکانی منداڵان و ژنان دەکات. بڕگەکانی وەک ڕێگەدان بە هاوسەرگیری منداڵان و بێبەشکردنی دایک لە سەرپەرشتیکردنی منداڵ و چەندژنە و بێبەشکردنی ژنان لە ئازادیی جیابوونەوە و میراتگری و نەفەقە، هەوڵێکی نامەردانەن بۆ بەکۆیلەکردنی منداڵان و ژنان، کە زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵگە دەگرنەوە.
دوای ٦٦ ساڵ لە دارچوونی یاسا بنەڕەتییەکە و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، پاشەکشەیەکی ئابڕووبەرانە بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێندرێت و بڕگەی هاوسەرگیریی منداڵان جێگیر دەکرێت کە هاندان و بڵاوکردنەوەی ئاشکرای منداڵبازی و بازرگانیکردن بە منداڵانەوەیە.
هاوسەرگیریی منداڵان دەبێتە هۆی بێبەشکردنیان لە ژیانی منداڵیی خۆیان و پەروەردە و خوێندن و ئاڵۆزبوونی باری دەروونییان کە بە ئاسانی لەکۆڵیان نابێتەوە و گرێی دەروونیی گەورەتر دروست دەکات.
بە دڵنیاییەوە ئەم هەموارکردنەوەیە دەبێتە هۆی فراوانبوونی دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان و لە ئەنجامدا زیادبوونی ڕێژەی هەڵوەشاندنەوەی زیاتری خێزانەکانیش، بەتایبەتی کە منداڵان توانای پێکهێنان و سەرپەرشتیکردنی خێزانێکی تەندروستیان نییە و هێشتا خۆیان پێویستییان بە پەروەردەکردن فێربوون هەیە. ئەمەش دەبێتە هۆی سەرگەردانبوونی منداڵەکانیشی ئەوانیش کە نەوەی داهاتووترن.
ئەم هەموارکردنەوەیە دەرگای یاسایی بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەخاتە سەر پشت و باوکان ئازاد دەبن کە بە ناوی هاوسەرگیرییەوە کچۆڵەکانیان بفرۆشن.
ئەم هەموارکردنەوەیە ئازادییە کەسییەکان زەوت دەکات و مافی منداڵبوون لە منداڵان دەسێنێتەوە و پێش گەیشتن بە تەمەنی یاسایی، منداڵان لە هەموو مافێکی داهاتووی هەڵبژاردنی ئازادانەی هاوسەری خۆیان و پێکهێنانی خێزانێکی تەندروست دادەماڵێت.
ئەم هەموارکردنەوەیە ماف بە هەر پیاوێک دەدات کە لە دەرەوەی دادگاکان، هاوسەرگیری لەگەڵ چەندین ژن و منداڵ بکات، تەنانەت بەبێ ڕەزامەندیی ژنی پێشتریشی، ئەمەش شکاندنێکی تری شکۆی ژنانە و پێشێلکردنی بێشەرمانەی مافەکانی ژنانە و نایەکسانی و جیاکاری لە کۆمەڵگەدا زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە.
هەموارکردنەوەکە، لێسەندنەوەی مافی جیابوونەوەی ئازادانەش لە کچان و ژنان دەسێنێتەوە و مەحاڵە بتوانن بەبێ ڕەزامەندیی مێرد و سەرپەرشتیاری کچەکە جیا ببنەوە، کە خۆیان دوو لایەنی کڕیار و فرۆشیاری ئەم بازرگانییەن. بەم جۆرە مێرد دەسەڵاتی ڕەهای لەم بابەتەشدا دەبێت.
بەڵای ئەم هەموارکردنەوەیە، دوای جیابوونەوەش بەردەوام دەبێت و بەپێی ئەم هەموارکردنەوەیە، مێرد تەنانەت لە پێدانی پارەی نەفەقەش بە ژنەکە دەبووردرێت.
لەم هەموارکردنەوەیەدا، دوای جیابوونەوە، دایک تەنها لە ساڵانی یەکەمی تەمەنی منداڵەکەیدا مافی سەرپەرشتیکردنی دەبێت و دواتر، ئەو مافە لە دایکەکە دەسەندرێتەوە و منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی دایک بێبەش دەکرێت. بێبەشکردنی دایک لە سەرپەرشتیکردن، دەبێتە هۆی پەروەردەیەکی لاسەنگ و لێکەوتەی کارەساتبار بۆ منداڵان و پەیدابوونی نەوەیەک کە ئەگەری لادان و کردەوەی تاوانکاریشیان زیاتر دەبێت.
ئاشکرایە ئەم هەموارکردنەوەیە، پاشەکشەیەکی ئاشکرای مرۆڤبوونە، لە کاتێکدا کە دەبووایە بەرەو یاسایەکی هاوچەرخانەتری گونجاو لەگەڵ مرۆڤی ئەم سەردەمەدا هەنگاو بنرێت. ئەم هەموارکردنەوەیە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژنان و منداڵانە و جۆرێکە لە کۆیلەکردنیان.
ئەم هەموارکردنەوەیە، دەبێتە هۆی وێرانەیەکی کۆمەڵایەتیی سەخت و لەدەستدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا، بۆیە ئەگەر پێش بەم یاسایە نەگیرێت، منداڵان لە هیچ شوێنێکی عێڕاق سەلامەت نابن؛ لە کۆڵان، لە مێوانداریی ماڵی دراوسێ و خزم و تەنانەت لە باخچە و فێرگەکانیشدا، دەبنە ئامانج و نێچیرێکی سەرنجڕاکێشی ئەو پیاوانەی کە لە مرۆڤبوون شۆراونەتەوە و هەموو خەمێکیان سک و لەززەتی ئاژەڵانەی ژێرسکیانە.
دەسەڵاتێکی پیاوسالار کە ژێر زەوی وسەر زەویی وڵات تاڵان بکات و خەڵکەکەی وەک کۆیلە ببینێت، بە دڵنیاییەوە منداڵانیش بێبەش ناکات و لای ئاساییە کە چڵێسیی نامەردانەی ناوگەڵی پیاوانیشیان پێ دابمرکێنێتەوە. ئەوەی تۆزقاڵێک هەستی مرۆڤبوونی تێدا مابێت، بەرانبەر بەم کۆیلەدارییە سەردەمییە دەوەستێتەوە.