پشتیوانی هاوڵاتیان و دوکاندار و کاسبکارانی سلێمانی لە ناڕەزایەتی و مانگرتوان… ئەزمونێکی نوێی هاوپشتی!

0

داخستنی زوربەی زۆری دوکانەکانی سلێمانی یان باشتر بلێین مانگرتنی پشتیوانی کاسبکار و دوکانداران بۆ ماوەی سەعاتێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران و ناڕەزایەتیەکانیان، ئەزمونێکی نوێ و داهێنانی شکۆدارە لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستاندا.بە دەنگەوە هاتنی هاوڵاتی و دوکاندارانی سلێمانی بە داواکاری ژمارەیەک لە رێکخراوەی مەدەنی بۆ داخستنی دوکانەکانیان بۆ ماوەیەک وەکو پشتیوانی لە مانگرتوان و داخوازییەکانیان… نیشانەی روو لە پێشی بزوتنەوەی نارەزایەتی و گرتنەبەری رێگا و شێوازی تری خەباتە. دەست بردن بۆ ئەم ئەلگۆیە بۆ پشتیوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران، هێمایەکی رۆشنە بۆ رەوایەتی داخوازییەکان و لێکهەڵپێکرانی داخوازییە گشتییەکانی جەماوەری نارازییە لەگەڵ خواستەکانی مانگرتوان.

ئەم پشتیوانییەی جەماوەرییە و داخستنی دوکان و بازار، یانی واوەتر رۆشتن لە خێمەیەکی مانگرتوان وەکو نیشانەی نارەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران. یانی مامۆستایان فەرمانبەران تەنها نین و لەوەش زیاتر هاوچارەنووسن لەگەڵ سەرجەم جەماوەری بێبەشی کوردستاندا. ئاخر ئەگەر مامۆستایان و فەرمانبەران موچەکەیان دوادەخرێت و نادرێت، یان پلە بەرزکردنەوەیان نییەو دامەزراندن وەستاوە، ئەوا دوکاندار و کاسبکارانیش بەدەست باجی هەمە چەشنی ئەو دەسەڵات و گرانییەوە، دەناڵێین.

هاوپشتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە یەکتری، هەم جوڵانەوە جیاوازەکان بەهێز دەکات و هەم لینکی هاوبەشی داخوازییەکانیان بەیەکەوە ئاوێزانی یەکتری دەکات. جیا لەوانە نیشانەی یەکگرتووییە. ئەم هەنگاوەی کاسبکار و دوکاندارانی سلێمانی بە پشتیوانیان لە بزوتنەوەی رەوای مامۆستایان و فەرمانبەران، هاوکات بانگەوازێکە بۆ بەشەکانی تری کۆمەڵگە، لەوانەش کارگەو ناوەندە کرێکاری و خزمەتگوزارییەکان بەوەی کە ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بە راگرتنی کار ئەگەر بۆماوەی کورت و رەمزیش بێت، بۆ بزوتنەوە کۆمەڵاتیەکانیان رابگەیەنن، تا گوشارەکان بۆسەر دەسەڵات هەمەلایەنە بێت. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی هەست بکات تەنها لەگەڵ مامۆستاو فەرمانبەران بەرەو روو نییە، بەڵکو هاوکات رووبەرووە لەگەڵ چینی کریکار و باقی توێژە بێبەش و پیشەیەکانی تر، کاریگەری گەورەتر لەسەر خۆی دەبینێت. جیا لەوانە بوونی پشتیوانی لە بزوتنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئیرادە و ورە دەبەخشیت بە خەباتی رەوایان و ئاستی خەباتەکەیان دەباتە سەرەوە.

ئەم جوڵانەوە پشتگیرییە، نەک تەنها لە زۆنی سەوز، بەڵکو کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی زۆنی زەردیش دادەنێت و دەبێتە ئەزموونێک بۆ سەرجەم بزوتنەوەی نارەزایەتی حەقخوازانە لەسەراسەی کوردستاندا. 

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.