لەپەراوێزی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨و کاریگەری هاوسەرگیری پێشوەخت… ن/ د. فاتیمە مراد/ راوێژکاری کۆمەڵایەتی لەوەزارەتی پەروەردە
هاوسەرگیری پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی یاساییە لەسەر کۆمەڵێک بنەما و پێوەر بەگوێرەی کولتوور و سیستمی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بە یاسا ڕێکخراوە. یەکێک لەم بنەماو پێوەرانە تەمەنە؛ لە زۆرینەی وڵاتانی دنیادا دوای تێپەڕاندنی قۆناخی منداڵی، واتا سەروو هەژدە ساڵ وەکو مەرج و پێوەر بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە بۆ هەردوو ڕەگەز دیاریکراوە. ئەگەر هاتوو لەخوار ئەم تەمەنە هاوسەرگیرییەکە ئەنجام بدرێت؟ بە هاوسەرگیری پێشوەختە لە قەڵەم دەدرێت.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشودانی کچان لە تەمەنێکی زوودا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک گرفتی خێزانی، ئابوری، پەروەردەیی، تەندروستی ودەروونی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بەگشتی، و لەناو خێزان و ژیانی ژن بەتایبەتی.
لەسەر ئاستی پەروەردە؛ گرفتەکە لەدوولاوە دەردەکەوێت:
لەلایەکەوە دەبێتە هۆی دابڕانی کچەکە لە خوێندن و بێبەشبونی لە چاودێری و پەروەردەی دایک و باوکی، چونکە خۆی هێشتا مناڵەو پێویستی بە پەروەردەیە بۆ بنیاتنانی کەسایەتییەکەی.
لەلایەکی دیکەوە خۆی دەبێتە دایک و ئەرکی پەروەردەکردنی مناڵەکانی دەکەوێتە سەرشان. لەم نێوەندگیرییە دژ بەیەکە هەرگیز ناتوانێ بەخێوکار و پەروەردەکارێکی تەندروست بێت. ئەمەو جگە لە کۆمەڵێک خەونی منداڵی خۆی کە وەدیهێنانیان مەحاڵ دەبێت.
کچانی هەرزەکاری بەشوودراو بە ئەگەری زۆرەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی زیاتر دەبنەوە، و بە بەراورد بە کچانی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، کۆمەڵێ کێشەی تەندروستی بەهۆی منداڵبوونی پێشوەختە کە ئەگەری مردنیان بەهۆی منداڵبوونەوە زۆر زیاتر دەکات.
دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی جیابونەوە لەنێوان هاوسەران، کە ئەمەش کۆمەڵێ کێشەی کۆمەڵایەتی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و ناهۆشیاردا.
لەڕووی دەرونیەوە تاکێکی (ملکەچ، کەسایەتییەکی لاواز، گۆشەگیر، خەمۆک)، بەرهەم دێنێت، ناتوانێ ڕووبەڕووی بچوکترین ئالێنگارییەکانی ژیانی ببێتەوە.
ئەوەی شایانی باس بێت؛ ئەم دیاردەیە بە نزیکەیی لە هەموو کۆمەڵگەکان ولە کۆنەوە هەرهەبووە، تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام هۆکارەکانی لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە گۆڕاوە،
بە بۆچونی ئێمە؛ ئەم دیاردەیە لە ئێستادا کەمیکردووە بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی هۆشیاری خێزانەکان لەمەڕ پڕۆسەی هاوسەرگیری و نەرمی و خۆشەویستی زیاتری دایکوباوکان بۆ کچەکانیان و گرنگیدانی زیاتر بە خوێندنی کچان و هاندانیان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانام وبەشداری لەبەرهەمهێنانی کۆمەڵگە.