ئاگربەستی نیوان ئیسرائیل و حەماس!!… عەبدوڵا مەحمود

0

سەرئەنجام دوای ١٥ مانگ لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاگربەستیکی کاتی راگەیەنرا. ڕاگەیاندنی ئاگربەست بووە مایەی خۆشحاڵی سەرجەم خەڵکی ئاشتیخوازو ئینساندۆست. ئەوەی کە وای کرد راگرتنی شەر ببێتە مایەی خۆشحاڵی ئینسانیەتی ئەم سەردەمە، خوێناوی بوونی ئەم شەڕە و بەتایبەتی تر ئەو جینۆسایدە بوو کە ئیسرائیل لە خوڵقاندنیدا، گەورەترین داهێنانی کرد. لە ماوەی ١٥ مانگی جەنگدا، لایەنی هەرە بەرجەستە و دیاری جەنگ، کوشتاری دەست ئەنقەستی دەیان هەزار ئینسان لە ژن و مناڵ و پیرو پەککەوتە، وێرانکاری بوو، بوردمانی خەستەخانە، قوتابخانە، کەمپی ئاوارەکان، دامەزراوەکانی ئاو و کارەبا، کارمەندانی یوئین، رۆژنامەنووسان، کوشتاری سەرەی وەرگرتنی خۆراک و چیننەوەی بوو. بۆیە بەمانای وشە جەنگ، لایەنی بەرجەستەی جەنگ، لەلایەک دەوڵەتی ئیسرائیل و لەلایەکەی تر، خەڵکی فەلەستین و بەتایبەتی غەززە بوو، تا حەماس.

ئەم جینۆ سایدەی ئیسرائیل لە جەنگ لەگەڵ حەماسدا بەسەر خەڵکی فەلەستین و غەززەی هێنا، جینۆسایدێک بوو بە پشتیوانی ئەمریکا و غەرب و دیموکراسی، کە دیوی دووەمی درندەیی ئیسلامی سیاسی و لە پێشیناوە داعش خستەوە روو کەبەسەر خەڵکی شەنگال و موسڵ و ناوچەکەی هێنا. چ دەوڵەتی ئیسرائیل و چ داعش، بوونە دوانەی هارێنی ئینسانی بێ تاوان لەو پەرێ دڵرەقی و دڕندەییدا، لە میژووی هاوچەرخی دنیادا.

لەم جەنگەدا حەماس گوزی سەختی بەرکەوت و بەدەیان لە فەرماندە سیاسی و سەربازیی و هەواڵگریەکانی تیرۆرکران و کوژران، توانا سەربازیی یەکجار زۆری لەدەستدا، لەپاڵیدا حزب اللە لوبنان، گورزی سەربازی گەورەی بەرکەوت و بەدەیان لە فەرماندە سیاسی و سەربازی و هەواڵگریەکانی و بەدیاریکراوی چەندین کەسایەتی یەکەمی تیرۆرکران و کوژران. ئێران خەسارەتێکی زۆری کرد و هێزە نیابەتیەکانی شەتەک کران.

ئامانجی دەوڵەتی ئیسرائیل لەم جەنگەدا، کۆتاییهێنان بە حەماس و خۆ رادەستکردنیان، ئازادکردنی بارمتەکان، گێرانەوەی ئاسایش بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، تیکشکاندنی ورەی خەڵکی فەلەستین بوو، کەچی هیچ کام لەو ئامانجانە بەدی نەهاتن، حەماس گوزی سەربازی سەختی لێدرا، بەڵام خۆی رادەست نەکرد و مایەوە… بارمتەکان بە جەنگ، رزگار نەکران و نەگێردرانەوە و ڕیکەوتنی ناچاری کرا، ورەو ئیرادەی خەڵکی فەلەستین تێک نەشکا، وە هیچ زەمانەتێک بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، فەراهەم نەبووە.

ئیسرائیل لە باری سەربازیی و بە پشتیوانی تەکنۆلۆژیای سەربازی سەردەم و بە هاوکاری ئەمریکا و غەرب، لەباری سەربازییەوە، چ بەسەر خەڵکی فەلەستین و غەززەو چ بەسەر حەماس و حزب اللەدا، باڵادەست بوو! بەڵام لەباری سیاسییەوە، هیچ کام لە ئامانجەکانی بەدەست نەهێنا. حەماس مایەوە و ناچار بە گفتوگۆ لەگەڵ کردنی بوو. بارمتەکان بە رێکەوتن لەگەڵ حەماس، پۆل پۆل ئازاد دەکرێن و خەڵکی فەلەستین بە ورەی بەرزەوە دەگەڕینەوە سەر ماڵ و شاری خاپورکراویان و ئایندەی ئاسایشی ئیسرائیلیش لە گرەوی چارەسەری کیشەی سیاسی خەڵکی فەلەستیندایە.

بەجیا لەوانە… کێشەی سیاسی خەڵکی فەلەستین، کە تا بەر لە کردەوەی ٧ ئۆکتۆبەری حەماس!! وەکو کیشەیەکی چارەسەرنەکراوی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، کەنار کەوتبوو، لاوەکی و پەراوێز خرابوو، بۆ جارێکی تر بووە بە مەسەلەی پرسی رۆژ چ لە ئاستی ناوچەکەو و چ لەئاستی دنیادا. هەرچییەکیش لە ژێر سایەی پەراوێزخستنی کیشەی سیاسی خەڵکی فەلەستیندا، نەخشەی بۆ کیشرابوو، پیلانی بۆ چنرابوو، بەسەریەکدا ڕماو جارێکی تر پرسی سیاسی خەڵکی فەلەستین هاتەوە سەر مێزی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و بەردەم رای گشتی دنیا.

دەوڵەتی ئیسرائیل وەکو دەوڵەتی میحوە و پایەگای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، چ بەو گوزەی غافیلگیرییەی!! ٧ ئۆکتۆبەردا لێی درا چ بەبەرگری و مانەوەی ١٥ مانگەی حەماس و تەسلیم نەبوونی، سامی دەوڵەتی ئیسرائیلی شکاند. زیاتر لەوەش ناوەرۆکی پوچی دیموکراسی ئەمریکا و غەربی بەڕۆشنترین شێوەو لە مەیدانی پرکتیکیدا و لە ئاستی کۆمەڵگەی ئینسانیدا لە مەحەکدا. بەمەش نەک تەنها دەوڵەتی ئیسرائیل، بەڵکو ئەمریکا و غەرب، بە هاوکاری و پشتیوانی بێدرێغیان لە دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەو جینۆسایدەی وەرێیخست، گەورەترین گورزیان لە هەیبەت و لە بەپیرۆز راگرتنی دیموکراسی وەشاند. چینی کرێکار و دنیای ئینساندۆست و ئازادیخواز، بۆ جارێکی تر بە هاتنەوە مەیدانی ملیۆنیان لەدژی جەنگ و ملهوری دیموکراسی و لە پێناو ئاشتی و ئازادیخوازیدا، ناتەبایی و چارهەڵنەگری جەنگی واقعی نێوان بۆرژوازی و چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازیان، نمایش کردەوە.

دەوڵەتی ئیسرائیل و سەرانیان لەلایەن خودی دام و دەزگای دروستکراو و دەستپەروەردەکراوی بۆرژوازی وەکو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و ڕیکخراوەکانی تر… ناویان خرایە لیستی تیرۆرەوە، ئەم هەنگاوە ناچاریەش بۆ گێرانەوەی ئابڕوی دیموکراسی و شان خاڵی کردنەوە بوو لەو تاوانکارییە بێ پاساوانەی دەوڵەتی ئیسرائیل، بە بەرچاوی دنیا و بە دەست ئاواڵاییەوە ئەنجامی دەدان.

دوای ١٥ مانگ لە جەنگێکی خوێناوی و گەیشتن بە ئاگر بەست، کێشەی سیاسی خەڵکی فەلەستین، زیندوتر لە پێشووە. زیندوبوونی زیاتری کیشەی سیاسی خەڵکی فەلەستین هەر لە خۆدزینەوەی ڕێگای چارەسەر و چاو نوقاندن لە ڕیکەوتنەکان و بریارەکانی ریکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا نییە، بەڵکو بەرهەمی دریژەدانە بە داگیرکاری ئیسرائیل و ئاکامی سیاسەتی ئەمریکا و غەربە.

ئەگەر کیشەی سیاسی خەڵکی فەلەستین چارەسەر نەکرێت، کە بەرەسمی ناسینی دەوڵەتە بۆ فەلەستینیەکان لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلیدا، رۆژهەڵاتی ناوەراست ناتوانێت سەقامگیریی دریژ مەودا بەخۆیەوە ببینێت. هەروەها تا ئەو کێشەیە بمێنێتەوە، کەڵک وەرگرتن لێی بەوێنەی کێشەیەکی چارەسەرنەکراو لە ململانێی نێوان ولات و جەمسەرەکانی ناوچەکەدا، دەمێنێتەوەو چەندین حزب و رێکخراوەی سیاسی و قەومی و دینی و کۆنەپەرست و دژە ئینسانی، دروست دەبن و دریژە بە ژیانی خۆیان دەدەن.

دیارە هیشتا ئاییندەی ئەم ئاگربەستە کاتییە، نادیارەو هەرەشەی دوبارە دەستپێکردنەوەی شەر، ئەگەرێکە بەتایبەت لەلایەن ئیسرائیلەوە. ئەوەی دەتوانێت ئەم ڕیکەوتنە کاتییە، بکاتە رێکەوتنێکی درێژ مەودا، تەنها گرەوی بەردەوامی گوشارەکان و بزوتنەوەی دژە جەنگی بەرەی ئینسان دۆست و ئاشتی خوازی ملیۆنی دنیادایە، بۆسەر ئیسرائیل و سیاسەتی هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکاو غەرب.

Leave A Reply

Your email address will not be published.