گۆڕینی شێوازی خەبات… نووسینی: میرۆ عبدولکەریم

0

لە بێرتۆلت برێشتەوە فێر دەبین کە کوشتن یەکجۆری نیە، دەسەڵاتی سەرکوتکەری دەوڵەت دیوی بینراو و نەبینراوی هەیە. برێشت دەڵێت: ڕێگا زۆرن بۆ کوشتنی مرۆڤێک ، ئەتوانیت کەسێک بکوژی بەوەی چەقۆیەک بکەی بە سکیدا، کەسێکی تر بکوژی بەوەی نان و خۆراکی لێبگریتەوە ، بۆ یەکێکی تر ڕێگەی چارەسەری نەخۆشیەکی بۆ فەراهەم نەکەیت، ئەوی تر بئاخنیتە خانویەکی بێ کەڵک و خراپەوە ، یەکێکی تر لە ژێر کاری قورسا بڕەتێنی تا مردن، یەکێکیش بنێری بۆ بەرەکانی جەنگ، تەنیا کەمێک لە کوشتنەکان لە وڵاتی ئێمە قەدەغەن. لە کوردستان و عێراقدا حکومەت هەمو ڕۆژیک خەڵک دەکوژێت. پارتی و یەکیەتی هەمو ڕۆژێک خەڵک دەکوژن و دەبنە هۆی مەرگی ناوادە. هەمو ڕۆژێک بە یەکێک لەو ڕێگایانەی سەرەوە و زۆر ڕێگای دیکە مرۆڤ ڕەوانەی مەرگ دەکەن. پارتی و یەکیەتی و ئەوانەشی شەرعیەت بە دەسەڵاتیان دەدەن، چەکیان بۆ هەڵدەگرن و قەڵەمیان بۆ دەخەنە کار، بەشداری لە پەرلەمان و حکومەتە کارتۆنیەکەیان دەکەن بەرپرسن لە مەرگی ناوادەی خەلکی کوردستان. مانگرتن لە خواردن و بێباکی دەسەڵات بەرامبەر بە مەرگی مانگرتوان، تاوانبارکردنیان بە دەستی دەرەکی ، ناوناتۆرە لێنانیان بەوەی خەریکی نمایشی سیاسین، بەکارهێنانی نەریت و ئاین بۆ فشار خستنەسەریان، تەنها واقیعێک زەق دەکاتەوە کە هەمو جار بەو زەقیە دەرناکەوێت: ئەویش بێباکی دەسەڵاتە بەرامبەر بە ژیان و مەرگی خەڵکی کوردستان. ئەویش بێبایەخی مرۆڤە لە کێشمەکێشی باڵە جیاوازەکانی سەرمایە و نوێنەرانیان لە دەوڵەتدا. مانگرتن لە خواردن پەیامێکی ڕادیکاڵی مانگرتوانە بەوەی کە نەک تەنها تەسلیم نابین بە حەکایەت و گورگانەشەوێکانی ئێوە ، بەڵکو لە پێناوی ژیانێکی پڕ شکۆ و شایستەدا ئامادەی مەرگیشن. وەڵامی ڕادیکاڵی دەسەڵاتیش بەوان ئەوەیە تا ئەو کاتەی خەڵک خەریکی کار و کەسابەتی خۆیان بن و ڕێگەی ئێمەش بدەن خەریکی کارو کەسابەتی خۆمان بین بە خاک و خوێنی ئێوەوە، مەرگ و ژیانی ئێوە بۆ ئێمە هیچ بایەخێکی نیە. لەبری خۆنیشاندان وەک مرۆڤدۆست و خەمخواردنی گیانی مانگگرتوان، باشتر وایە خەڵکی چەوساوەی کوردستان خەباتی خۆیان دژ بە دەوڵەت و دەسەڵاتێکی بێباک ڕادیکاڵتر کەنەوە. لەبری بون بە مرۆڤدۆست هەوڵی ڕوخانی دەسەڵاتێکی مرۆڤکوژ و هێنانە کایەی سیستەمێکی مرۆڤ دۆست بدەن. گەر دەتانەوێت مانگرتوان پەنا بۆ عەشرەت و کەسوکاریان نەبەن ئێوە ببن بە “کەسوکار” ی ئەوان و بە دەسەڵاتێکی بێباک بڵێن کە لە پێناوی ژیانی هاوخەباتەکانماندا ئێمەش دەستمان دەچێتە خوێنی ئێوە! ئێمەش دەتوانین بەهەشتی بزنس و کەڵەکەکردنی سەرمایەتان لێبکەین بە دۆزەخ. مانگرتوان هەمو گەورە و سەرو هەژدە ساڵن ، خاوەنی بڕیاری خۆیانن، مامۆستان و خۆیان ڕۆژ تا ئێوارە خەریکی ئامۆژگاری خەڵکن، پێویستیان بە پاڕانەوە و کڕوزانەوە و ئامۆژگاری و خەمخواردنی ئێمە نیە. هەر کەی ویستیان خۆیان واز لە مانگرتن دەهێنن. لەبری داوای گۆڕینی شێوازی خەبات لە مانگرتوان ، لەبری دیاریکردنی شێوازی خەبات بۆ ئەوان، کاتی ئەوە نەهاتوە لەوانەوە فێربین کە خەباتمان دژ بە دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی، دژ هەمو بێباکان بەرامبەر ژیانی مرۆڤ ، دژ بە ئۆپۆزسیۆنی هەلپەرست ڕادیکاڵ تر بکەین؟

Leave A Reply

Your email address will not be published.