پەیامێک لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەوە بۆ جەماوەری ناڕازی و خرۆشاوی کوردستان و سلێمانی…
کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و جەماوەری تینوی ئازادی و ژیانێکی شایستە!
وا نزیکەی ١٠ ڕۆژە ژمارەیەک لە ئینسانی ئازادیخواز و تیکۆشەر لە پێناو دابەشکردنی موچە لەوادەی خۆی، پلە بەرزکردنەوەو دامەزراندندا، دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن، تا لەو رێگایەوەو نوێنەرایەتی رەوای خواستەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بکەن و گوشاری خۆیان بگەیەنن بەدەسەڵاتی تاڵانچی و نابەرپرسی هەرێم، تا وەڵام بەخواستەکانیان بداتەوە.
ماوەی ئەم ١٠ رۆژە، مانگرتوان نیشانیان دا، کە خاوەنی ورەو ئیرادەیەکی بەهێزن لە پێناو خواستە ڕەواکانی خۆیان و هاوپیشەو هاوچارەنووسەکانیانداو لەو پێناوەدا ئامادەن مەترسی بخەنە سەر ژیان و تەندروستیان. بەو بڕواو خۆراگریی و ئیرادە بەهێزە و بەو پشتیوانییە بەرینە جەماوەرییەی بەدەستیان هێنا، توانیان زۆر زوو سەرجەم حزب و لایەنەکانی دەسەڵات و بەرپرسەکان ناچار بکەن بێنە سەرخەت یان هەوڵ بدەن خۆیان بە خواستەکانیان هەڵبواسن، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە کە تا ئێستا بەدەست هاتووە.
جەماوەری تیکۆشەر و پشتیوانی خواستەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مانگرتوان!
بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ژیانی مانگرتوان و گۆڕینی شێوازی خەبات و بەردەوامی دان بەو خەباتە لە رێگای مانگرتن و کۆبونەوەو گواستنەوەیان بۆ ناو گەرەک و شوێنی کار و دەوام و بەردەم شوێنەکانی بڕیار…تاد داواتان لێدەکەین، کە لە کۆبونەوەی فراوان و شکۆداری سبەینێ کە بۆ پشتیوانی لە مانگرتوان و خواستەکانیان ئەنجام دەدرێت، داوا لە تێکۆشەرانی مانگرتوو بکەن، مانگرتن لە خواردن بشکێنن و بە شێوازی کاریگەرتر و رێکخراوتر و ئامانجدارانە، درێژە بە خەبات و تیکۆشانیان بدەن، تا دەسەڵات بەتەواوەتی ناچار دەبێت، وەڵام بەخواستەکانیان بداتەوە. ئێمەش وەکو بڵاوکراوەی بۆپێشەوە لەگەڵ ئەوەدا وەکو هەمیشە پشتیوانی لە داواو خواستە رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین، هاوکات داواکارین، لەمانگرتوان کە کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بهێنن و بەشێوازی تر دەست بەو سەرکەوتنەوە بگرن کە تائێستا بەدەست هاتووە، لەپێناو سەرکەوتنی دواتردا.
بژی ئیرادەی مانگرتووان!
بژی ئیرادەی جەماوەری کوردستان لە پێناو ژیانێکی باشتر و پڕ شکۆدا!
بۆپێشەوە
٦/٢/٢٠٢٥