ناڕەزایەتی، بایکۆت و چادرهەڵدان… لە پێناو موچەدا، بەڵگەی شەرمەزاری و بن بەستی دەسەڵاتە لە فەرمانڕەواییدا!
ماوەی چەند رۆژێکە بەشیک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەدژی دواکەوتن و پاشەکەوتکردنی موچەکانیان لە شاری سلێمانی و لەبەردەم نووسینگەی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان خێمەیان هەڵداوەو ژمارەیەکیش لە موچەخۆران مانیان لە خواردن گرتووە. هەروەها مامۆستایانی گرێبەست بەهۆی دابەش نەکردنی ٣ مانگی موچەکانیان لە هەولێر و بریارە لەم چەند رۆژەدا لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران دەست بدەنە خۆپیشاندانی فراوان و بەهەمان شیوە لە دهۆکیش خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
دابەش نەکردن و دواخستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و مامۆستایان وانە بێژ، بۆتە گرێیەکی گەورە و کۆسپێکی گەورەی سەر ژیان و گوزەرانی بەشێکی بەرین لە خەڵکی کوردستان. هۆکاری دواخستن و دابەش نەکردنی موچە، بە جیا لەهەر هەراو هۆریاو بانگەشەیەکی دەسەڵاتدارانی هەرێم سەبارەت بەوەی بەغدا هۆکارە، لە بنەرەتدا هۆکاری سەرەکی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە، کە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیان کردۆتە کارتێک بۆ ململانێی سیاسی و چاوچنۆکیان لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا. رادەست نەکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم، لیستی ساختە و ناوی دوبارە و نارۆشنی لە لیستی ناوی فەرمانبەراندا، کێبەرکێ لەسەر جۆری دابەشکردنی لە نیوان بانقە ناوەندییەکان و هەژماری من” تەوتین و هەژماری من” هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی موچەکان و دابەش نەکردنیەتی.
دابەش نەکردنی موچەو دواخستنی بەردەوامی لەگەڵ راگرتنی پلە بەرزکردنەوەو…تاد، بەڵگەی شەرمەزاری و بن بەستی تەواوی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە لە بەڕێوەبردن و فەرمانڕەواییدا لەهەرە ئاستە نزم و ناشیرینەکەیدا.
دەسەڵاتێک نەتوانێت موچەی موچەخۆرەکانی بدات، کە مافێکی حاشاهەڵنەگر و رەوای خۆیانە، دەسەڵاتێکە دەبێ بڕوات و رابماڵرێت…
یاداشت نووسین، مانگرتن و بایکۆت و کۆبونەوەو خۆپیشاندان، لە ساڵی ٢٠١٤ وە بەشیوەی بەردەوام لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمەوە بەردەوامە، کەچی دەسەڵاتی هەرێم میشیش میوانی نییە، گوێ بە لێکەوتەکانی دابەش نەکردنی موچە لەسەر پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و دامەزراوەکان و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگە نادات.
موچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەوەی بتوانن گوشارەکانیان لەسەر دەسەڵاتی هەرێم زیاتر بکەن، ناچارن رێگە و شیوازی تر بۆ رووبەرووبونەوەی ستەم کاری دەسەڵات و بگرنە بەر و فراوانتری بکەن…. مانگرتنەکان لە شوێنی کارەکانیان، هەڵدانی خێمە لە بەردەم دەروازە سنوریەکان و خاڵە گومرگیەکان، بۆ ڕیگەگرتن لە تاڵان و برۆی نەوت و قاچاخچێتی، بردنی کۆبونەوەکان بۆ بەردەم بارەگای سەرەکی حزبە دەسەڵاتدارەکان…. بەشێک لەو رێگایانەن دەبێ بەدەستەوە بگیرێن… بەتەنها خێمە هەڵدان و کۆبونەوە بەدوور لە شوێنی کارەکانیان و بەدوور لە گوشار لەسەر شادەماری دزی و تاڵانی دەسەڵات و بەدووری لە ناوەندی بریاری دەسەڵات، لەوەش زیاتر بەبێ پشتیوانی بەشەکانی تری کۆمەڵگە و چینی کرێکار لە خواست ومافەکانی فەرمانبەران کاریگەریی سنوردار دەبێت… کاتی ئەوە هاتووە، هەڵسوراوانی ناو فەرمانبەران ڕیگای کاریگەرتر بگرنە بەر و تەنانەت واوەتر لە پرسی موچە و دواخستنی، بڕۆن و پێداگری زیاتر لەسەر مافەکانیان بکەن…