فرۆشتنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بە کەرتی تایبەت… تاوانێکی نە بەخشراوە
هەواڵی بریاری فرۆشتنی تاقیگە پزیشکیەکانی خەستەخانە گشتییەکان بە کەرتی تایبەت، دزەی کردووە. واتە لە بنەرەتدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و بنەماڵە چاوچنۆکەکانیان، هەوڵیان ئەوە بووە ژێر بەژێر و بەدزی و دوور لە چاوی کۆمەڵگەو میدیا، تاقیگەی خەستەخانەکان بفرۆشن. ئەگەر فرۆشتنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەتایبەتیش ئەو کەرتانەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەت هەیە، تاوانکارییەک بێت، ئەوا بەدزی فرۆشتنی و شاردنەوەی لە چاوی رای گشتی کۆمەڵگە، تاوانکارییەکی ترە. جیا لەوانە فرۆشتنی هەر خزمەتگوزارییەک بە شێوەی ژێر بەژێر و نهێنی، نیشانەی ئەوەیە کە ئەوە مامەڵەیەکە لە نێوان دەسەڵات و دەسەڵات خۆیدا، بۆ ئەوەی لەو مامەڵەێەشدا هەر خۆیان سودمەندی یەکەم بن. واتە بە کردەوە مامەڵەیەک لە نێوان فرۆشیار و کڕیارێکدا یان لە نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و بەڵیندەرەکاندا نییە، بەڵکو گواستنەوەی خزمەتگوزارییە گشتیەکانە، بۆ دەستی حزبی خۆیان و بنەماڵەکانیان و کەسانی ناو بازنەی دەسەڵات.
فرۆشتنی ئەو بەشە کەمەی ماوە لە خزمەتگوزاری گشتییەکان، بۆ کەرتی تایبەت یان هەرزان فرۆش کردن و ژێر بەژێر رادەستکردنی بە حزب و کۆمپانیاکانی خۆیان، لە هەلومەرجێکدا، کە موچە کەم یان بەردەوام دوادەکەوێت و لێی دەبڕدرێت، وە رادەو ئاستی داهاتی تاک لەبەرچاو ناگرێت، نموونەی لە هیچ جێگایەکی ئەم دنیاییە نییە، جگە لە دەسەڵاتی تاڵانچی حزبی و بنەماڵەیی بۆرژوازی کورد.
دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لە کاتێکدا کەمی موچەو لێبرینی موچەی کردۆتە مۆتەکەی سەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و موچەخۆرانی کوردستان، لە پاڵیدا بەسەدان رێگا خەریکی کۆکردنەوەی باج و رسومات و خەریکی خۆدزینەوەیە لە هەر جۆرە بەرپرسیاریەتیەک بەرامبەر بە کۆمەڵگە، هاوکات خەریکە دەست بۆ هەموو کەرت و بەشێکی کۆمەڵگە دەبات و هەموو سەرچاوەکانی داهات، حەپەلوش دەکات.
خەڵکی کوردستان و خەمخۆرانی کۆمەڵگە کەرتە گشتییەکان وخزمەتگوزارییەکان، پێویست دەکات، جڵەوی ئەو تاڵانیی و دزییەی دەسەڵات و بنەماڵەکان بگرن… داهاتی ژیر زەوی و سەرزەوی، زەویەکان بەشاخ و گرد و تەپۆلکەو دەشتاییەکانەوە، تا دەگاتە سەرجەم بەڵیندەرایەتی و بازرگانی و … لەلایەن حزب و بنەماڵەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە…. بەشیک لەو خزمەتگوزارییە گشتیانەی ماوە، کەوتوونەتە بەردەم هەرەشەی هەزار سەری هەڵوشین و لەبەین بردنەوە، ئەگەر ئەم رەوتی دزی و تالانییە ئاشکرایە بەری پێنەگیرێت، چەندین هیندەی تر خەڵکی کەم دەرامەتی کوردستان، دەخرێنە ژیر گوشاری سەختی ژیان و گوزەران و بەڕێوەچوونەوە… پیویستە نەک هەر رێگە لەو تاڵانی و دزییە بگیرێت، بەڵکو پیویستە بە خەبات و گوشاری ریکخراوی جەماوەرییەوە، دەسەڵات ناچار بکرێت خزمەتگوزارییەکان زامن بکات و لەوەش زیاتر بەخۆرایی بخرینە خزمەت بە هاوڵاتیانەوە. هاوڵاتیان مافی خۆیانە لە هەموو خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و تەرفیهیەکان، بەهرەمەند بن. وێرانکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و هێنانە خوارەوەی ئاستی خزمەتەکانیان بە بەرنامە بۆ دارێژراو و لەوە زیاتر هەرزان فرۆشکردنیان بە کەرتی تایبەت بەشیوەی ژێر بەژێر بە بنەماڵە حزبیەکان، تاوانێکی نەبەخشراوە بەرامبەر بە کۆمەڵگە و لەپیش هەموویانەوە بەرامبەر بەچینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە. بۆیە دەبێت بریاری فرۆشتنی تاقیگەی خەستەخانەکان بە کەرتی تایبەت هەڵبوەشیتەوە ریگە لەوە بگیرێت بچیتە بواری کردارییەوە.
بۆپێشەوە