جەنگی غەززە جەنگی ئیسلام و جوو نییە ؟!…سەردار عەبدوڵا حەمە

0

جگە لەحیزبەکەی حاجی کاروان و ئیخوانەکان و ئێران وگروپە شیعەکان و بەشێکی جووەکان کە بە زایۆنی ناسراون هیچ کەس و لایەنێکی تر ئەم جەنگەی ئێستا بەجەنگی ئیسلام وە جوو ناناسێت. بۆیە بەم ئاگربەستەش دەڵێن سەرکەوتنی ئیسلام ئەمەش بە مانای سەرکەوتنی حەماسە وەک ڕێکخراوێکی ئیخوانی. ئامانجی ئەمانە بەکارهێنانی ئیسلامە بۆ بازرگانی و بەرهەمهێنانی سەرمایەو هەژارکردنی زیاتری کۆمەڵگە و قبوڵکردنی ئەم بارودۆخەلە لایەن چینە هەژارو برسیەکانەوە. ئامانجی ئەمانە بەهێزکردن و پایەگای ڕێکخراو ودەوڵەتی خۆیانە بەم پرۆپاگەندانە. بۆ ڕاستی ئەمانە با بە خاڵ چەند بەڵگە باس بکەین:

ئەگەر جەنگی ئیسلام وجوو بوایە ئەوا دەبوو هەموو جووەکانی دونیا پشتگیری ئیسرائیلیان بکردایە، بەڵام بە پێچەوانەوە بەشێکی زۆر لە جووەکان لە ناوەوەی ئیسرائیل و لە ئەوروپا و ئەمەریکا وکەنەدا وتەواوی جیهاندا بە ئاشکرا ناڕەزایەتیان دەربڕی دژی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە.

 ئەگەر جەنگی ئیسرائیل دژی ئیسلام بوایە ژنان و پیاوانی موسڵمان لە ناو غەزەی وێرانەوە دژی حەماس و ئیخوان ناڕەزایەتی توندیان دەرنەئەبڕی وەک لە چەندین ڤیدیۆدا بینیمان .

ئەگەر جەنگی ئیسلام و جوو بوایە هەرگیز ئێران و شیعە و هاو هەڵوێست نەدەبوون لەگەڵ حەماسدا، چونکە حەماس سوونییە و ئەوان شیعەن کە بەدرێژایی مێژووی ئیسلام ئەم دوو ڕەوتە هەمیشە دژ بەیەکتر بوون تەنانەت ئیمام و سەرکردەکانیان بەدەستی یەکتر کوژراون. بۆ نموونە ئیمام حسین کە هەموو ساڵێک شیعەکان یادی دەکەنەوە بەدستی سوونەی وەک حەماس تیرۆر کراوە.

ئەگەر جەنگی ئیسلام جوو بوایە ئەمەریکاو ڕۆژئاوا پشتی ئیسرائیلیان نەدەگرت، چونکە ئەوانە هەر یەکەیەیان حوکمی کۆمەڵگەیەک دەکەن کە زۆربەی مەسیحیە. هەر بۆ زانین مەسیحیەکانیش پێ یان باش نییە جوو بە هێز بێت و سەرکەوتوو بێت. مێژووی دژایەتی مەسیحییەت لەگەڵ جوودا ئەو ڕاستیەمان نیشان ئەدات.

ئەگەر جەنگی ئیسلام و جوو بوایە ئەوا دەبوو لە ئەمەریکا و ئەوروپا یەک موسڵمان نەبوایە و ڕێگایان بە یەک موسڵمان نەدایە ببێتە پەنابەر وهاووڵاتی (ئەمەریکا وئەوروپا پاڵپشتی ئیسرائیل بوون و هەن) کەچی بە پێچەوانەوە بە ملیۆنەها موسڵمانی فەلەستینی و عەرەبی و کوردوئەفغانی و پاکستانی وهندی لەم وڵاتانەی ئەمەریکا وغەرب بە ئازادانە دەژین هەرکەس تاوانیان بەرانبەر بکات یاسووکایەتیان پێ بکات بە پێ ی یاسا بە ڕاسیست دائەنرێ و سزا ئەدرێت، ئەگەر سەرۆک وەزیر یا وەزیر وپەرلەمانتاریش بێ. موسڵمان لە ئەمەریکاو غەرب وتا ئیسرائیلیش خاوەنی هەزاران مزگەوت و سەنتەری ئیسلامین نوێنەریان لە ناو حکومەت وپەرلەمانەکانیاندا هەیە. هۆکاری ئەم جەنگە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بەرژوەندییە ئابورییە جیاوازەکان، نەک ئایدۆلۆجیا (ئیسلام و جوو) ئیسرائیل نایەوێ مافی ئینسانی بۆ فەلەستینیەکان بە رەسمی بناسێ، چونکە ئابوریەکەی گەشە ناکا و بازارەکەی دادەبەزێت. ئیسرائیل نایەوێ فەلەستین جیابێتەوە وئابوری سەربەخۆی خۆی هەبێت، چونکە لەو ڕێگەوە ئابوری خۆی کز دەبێ ناتوانێ قازانج و سەرمایە کەڵەکە بکاو بەرگەی قەیرانەکان بگرێ. لە م ڕێگایەوە دەتوانێ فەلەستین بکاتە بازاڕێک بۆ کاڵاکانی خۆی و بۆ کڕینی هێزی کاری هەرزان و بۆ دەست بەسەرا گرتن بەسەر کەرەستە خاوەکەی و بۆ سەرمایەگوزاری. ئیسرائیل هەر بۆ ئەم مەبەستە پەلاماری سوریاو لوبنان دەدات، ئەمەریکا و غەربیش بۆیە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن، چونکە دەتوانن چەکی پێ بفرۆشن وبازرگانی لەگەڵدا بکەن و لە ڕێگای سەرمایەگوزاری لە ناوچەکە ئیسرایلیان بۆ گرنگە لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا قازانجێکی زۆریان لێ دەست دەکەوێ لەم ڕێگایەوە دەتوانن بازاڕێکی باش بۆ خۆیان دابین بکەن و فروانتریشی بکەنەوە. لە بەرانبەر ئیسرائیل و غەربیشیدا حەماس و ناسیۆنالیستەکانی وەک فەتح و هەروەها ئێران و تورکیاش بەدوای هەمان بەرژوەندیەوەن. ئەمە کڕۆکی جەنگە لە فەلەستینە. هەرئێستا بۆ چاککردنەوەی غەززەی وێران بوو ٦٠٠ ملیار دۆلار پێویستە، وەک خۆیان باسی دەکەن، کە قازانج و بەرژەوەندی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەرمایەداری دابین دەکات بەشێوەیەکی زۆر گەورە ئەمەش ئامانجێکی تری هەڵگیرسانی ئەم جەنگەیە. تا کێشەی خەڵکی فەلەستین چارەسەر نەکرێ تا دەوڵەتێک بۆ فەلەستین دانەمەزرێ ئەم شەڕو کوشتارەش کۆتایی نایەت. ئەنجا تا ئەم کێشەیە هەبێت ڕاسیزمی ئیسرائیلی بەهێزتر دەبێ ولەولاشەوە ئیسلامی سیاسی چ باڵە ئیخوانەکەی و چ باڵە شیعەکان و چ باڵە جیهادیە سوونیەکان دەبنە گورگی برسی بەسەر خەڵکی فەلەستینەوە و دەبنە هۆکار بۆ مەینەتی زیاتر بەسەر ئەم خەڵکەدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.