پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری!! عەبدوڵا مەحمود
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووە و بەدیاریکراوی بە دوای لێدوانی (دەوڵەت باخچەلی) سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورک و دواتریش ئەردوغان، جارێکی تر باسی پرسی چارەسەری لە تورکیا هاتۆتە گۆڕێ.
لێدوانی ئاشتیخوازانە!!ی دەوڵەت باخچەلی و ئەردوغان لە چەشنی “دەستی ئاشتی بۆ خەڵکی کورد درێژ دەکەن!” “ئەگەر هەر تورکێك کوردی خۆش نەوێ تورك نییە، هەر کوردێکیش تورکی خۆش نەوێت کورد نییە!”
دواتریش پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان و پیداگری لەسەر” بەهێزکردنی برایەتی کورد-تورک” و بانگەوازی لایەنە سیاسیەکانی تورکیا بۆ دەست پێشخەری و پیشوازی لە لێدوانی باخچەلی و ئەردۆغان، ئامادەیی بۆ رۆڵ بینین” راگەیاندنی ئەوەی “سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە”… پاشانیش بەردەوامی دیدار و سەردانەکان و پشتیوانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەکەکە لەم پرۆسەیە… سەرەتای دەورەیەکی نوێ لە ململانێی و کیشمەکیشی نیوان دەوڵەتی تورکی و بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی کوردایە، بەڵام لە دوخێکی تازەو هەستیاری ناوچەییدا.
دەوڵەتی تورکیا کە هۆکاری سەرەکی و سەرچاوەی هەڵاواردنی نیوان هاوڵاتیانی تورکیاو بەدیاریکراوی نیوان تورک و کوردە، هێنانە گۆرێ باسی پرسی چارەسەری، دەبێ پێشوازی لێبکرێت، هاوکات بەوردییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
دەوڵەتی تورکیا، لە رۆژی پیکهاتنیەوە ناسنامەی تورکی داوە لەناوچەوانی هەموو تاکێکی تورکی بێ لەبەرچاوگرتن و بە فەرمی ناسینی مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان، ئەمەش سەچاوەی ئەو جیاکارییە میژووییە کە لە تورکیادا پیکهاتووەو بۆتە سەرچاوەی ئاڵۆزی و بەیەکدادن و خوێن رشتن… خوێن رشتنێک کە بناغەکەی رەتکردنەوەی مافی هاوڵاتی بوونی نا تورکەکانە لە تورکیادا.
هەوڵی سڕینەوە و حاشاکردن لە ناسنامەی کورد بوون، ئەم ئاراستەیە کە دەوڵەتی تورکی لەسەر دامەزراوە، و هاوکات بۆتە سەرچاوەی کاردانەوەی خەڵکی کورد لەدژی رژێمەکەی. رێرەوی هەڵاواردن و بیمافی هاوڵاتیانی کورد، بۆتە تایبەتمەندیەکی دەوڵەت. ئەم تایبەتمەندی رەتکردنەوە و سرینەوەیە لە جێگای ئەوەی پرسی کورد خامۆش بکات و بسرێتەوە، بۆتە هۆی گەورەبوون و باڵاکردنی، ئا ئەو ئاستەی کاردانەوەی لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کردۆتە واقعیەتێکی جێکەوتوو.
گەورەبوونی ئەو پرسەو هاتنە مەیدانی دەیان حزب و لایەنی سیاسی لە ژێر ناوی وەستانەوە بەرامبەر بە ستەم و بیمافی خەڵکی کورد لە تورکیادا، بەر لەهەموو ریشەی لە ستراکتۆری دەوڵەتی تورکیاییە. دەوڵەتی تورکیا لەرۆژی پێکهاتنیەوە بە دیاریکراوی لە چوار دەهەی رابردوودا، رۆژ بەرۆژ ئاستی سەرکوت و بیمافی خەڵکی کوردی زیاد کردووەو گەیاندویەتی بەو پەرێ دڵرەقی و سڕینەوەی لە رێگای سەرکوت و چەک و کاولکاری و تا رادەی بەکارهێننانی چەکی قەدەغەکرا و سوتماککرن و وێرانکاری. بەو ئەندازەی ئەم سیاسەتە سەرکوتکەرانەیە دریژەی پەیدا کردووە نارەزایەتی و تورەیی سیاسی و جەماوەری و کۆمەڵایەتی هەڵکشاوە. بەو ئەندازەیە ئاستی تاوانەکانی تورکیا زیادی کردووەو هەڵکشاوە، پرسی کوردیش لە ئاستی ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، گەورەتر بووە و تاردەیەکیش رەوایەتی بەخشتوە بە هیزە چەکدار و نەیارەکانی توکیا.
ئەم بڕگەیە کە ئیستا و جارێکی تری باسی چارەسەری پرسی تیا هێنراوەتە گۆڕ، بەجیا لە لایەنی مێژووی ئەم پرسەو هەوڵەکانی تر بۆ چارەسەری ئەم پرسە… دۆخی تازەی ناوچەکەیە. بەدیاریکرای بەدوای ڕاپەرینی “بەهاری عەرەبی” و خۆپیشاندانەکانی سوریا، کە دەسەڵاتی بەشێکی زۆری کوردستانی سوریا کەوتە دەستی هیزەکانی یەپەگەو پەیەژە. دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خۆجێی و دوور راگرتنی ئەم ناوچەیە لە شەری ناوخۆیی سوریا، سەرەتا ئاڵوگۆرێکی گەورە بوو لەلایەکەوە بەسودی ناسیونالیزمی کورد و هیزە سیاسیەکانی لەلایەکی تر نەک هەر بەزیانی دەوڵەتی تورکیا، بەڵکو بووە هۆی ئەوەی ئەو پرسەی لەهەموو ناوچەکە هەوڵی سڕینەوەو لەناوبردنی بەتایبەتی لەلایەن تورکیاوە دەدرا، ببێتە سەکۆ و مەیدانێکی تر بۆ ململانێی نیوان ناسیونالیزمی تورک و کورد، ئەم دۆخە نەک هەرە قەرەبووی گوشارە سەربازییەکانی تورکیای بۆسەر هیزەکانی پەکەکە و ناوچەکە کردەوە، بەڵکو بەتەواوەتی باڵانسی هیزی بەسودی پەکەکە گۆڕی و پرسی کوردیشی لە سوریادا، خستە سەر نەخشەی روداوەکانی ناوچەکە. بەرەنگاری و تیکشکاندنی هیزەکانی داعش، دامەزراندی دەسەڵاتی خۆجێی و بە ناوەرۆکێکی پیشکەوتنخوازانەی مافی هاوڵاتی بوونەوە، تا دەگاتە مافی ژنان و هیزی چەکداری رێکخراو….تاد،
لەو کاتەوە دەوڵەتی تورکیا، هەموو هەوڵی ئەوە بوو لەلایەکەوە کۆتایی بەدەسەڵاتی یەپەگەو هەسەدەی نزیک لە پەکەکە بهێنێ و لەلایەکی تریش لەڕیگای ئۆپەراسیۆنی سەربازی هیزەکانی پەکەکە تیك بشکێنێ و لەناو خۆی تورکیاش دەست پاریزی نەکرد و هەموو دەنگیکی کپ دەکردەوەو دەرگای زیندانەکانی بۆ کاراکتەرە سیاسیەکان کردە مەیدانی سزای سیاسی.
ئەم رەوەندە بەجیا لەوەی تورکیای لە ئاستی نێودەوڵەتی و رای گشتیدا، بەتایبەتی کە بە ئاشکرا لە پشت گروپە تیرۆریستەکانی وەکو داعش و هاوشێوەکانی بوو، تەریک و ریسوا کرد، بووە مایەی پشتیوانی جیهانی بۆ هیزەکان و دەسەڵاتی رۆژئاواو ناکامی بۆ دەوڵەتی تورکیا.
روداوەکانی ئەم دوایە و ئاکامە چاوەروان نەکراوەکانی، کە بەروخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد و هاتنە سەرکاری “دەستەی رزگاری شام و هیزە ئیسلامیەکانی تر” بە پشتیوانی تورکیا، گەیشت… لەگەڵ ئەوەدا پیگەی تورکیای بەهیز کردو ئیرانی هاڕی، بەڵام پرسی کورد بەهیزی خۆی بۆتە واقعیەتیکی حاشاهەڵنەگر لە سوریادا و لەپاڵ مانەوەی پرسی کورد لە تەواوی ناوچەکەدا.
بۆ خوێندنەوەی پرۆسەی ئاشتی!! لە ئیستادا کە دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆغان و هیزەکانی تر خستویانەتە روو، دەبێ تەواوی ئەم دۆخە و ئاڵوگۆرەکانی لە ناوچەکەدا لەبەرچاو بگرین.
لەگەڵ ئەوەدا دەوڵەتی تورکیا وەکو لایەنی سەرکەوتوو لە روداوەکانی ناوچەکەدا دەردەکەوێت، بەڵام ئایندەی ئەو پێگەیەی ئیستای نادیار و ناجیگرە و رووبەرووە لەگەڵ هیزگەلێکی تری ناوچەیی و کاردانەوەی جەمسەرە جیهانیەکان، بەتایبەتی دەوڵەت ئیسرائیل ناتوانێت قبوڵی دەسەڵاتێکی ئیسلامی تر لەگەڵ سنورەکانی خۆی بکات، جۆلانیش ناتوانێت یەکریزی ناوخۆیی سوریا و لایەکان بپارێزێت و هیچ ماف و ئازادییەکی سەردەمی بۆ هاوڵاتیانی بەرەسمی بناسێت و گیرانەوەی دۆخی سەقامگیری بۆ دۆخی سوریا سەخت و نا پیشبینی کراوە و بەشیک لەو دۆخەش پەیوەستە بەخودی دەوڵەتی تورکیاو و سیاسەتەکانی.
لە ئیستادا تورکیا دەیەوێت بەرەکانی جەنگی خۆی سنوردار بکاتەوە و هێندەی بکرێت ئارامییەک بۆ ناو تورکیا و ناوچەکە بگێرێتەوە.. مەرجێکی ئەو روانگەیەش چوونە ناو پرۆسیەکی گفتوگۆییە… بۆیە لەگەڵ ئەوەدا بەدەستێک هەرەشەو جەنگ و کوشتار و هەرەشەی کۆتایهێنان بۆ ئەزموونی دەسەڵاتی خۆجیی سوریا دەکات و بەپاساوی جەنگ لە دژی تیرۆر و مەترسی دابەش بوونی سوریا، بە دەستکیش دەیەوێت دەستی تەوقە درێژ بکات بۆ گفتوگۆو سازانێکی ئامانجدارانە کە ئامانجی چەک داماڵین لە پەکەکەیە لەڕیگای سەرۆکی زیندانی کراو عەبدوڵا ئۆجەلانەوە.
دەوڵەتی توکیا لە ئیستادا مەترسی سەرەکی کە رووبەرووی خۆی دەبینێت، کوردستانی سوریا و پرسی کوردە و دەیەوێت بەهەر نرخێک بووە، هەم دەسەڵاتی خۆجیی لە سوریا کۆتایی پێبهێنێت و هەمیش مافە زەوتکراوەکانی خەڵکی کورد زمانی سوریا، حاشا لێبکات. لە پێناو ئەو ئامانجەیدا ئامادەیە لەم بڕگەیەدا زمان نەرمی بەرامبەر بە پرسی کورد لە تورکیادا بەدەستەوە بگرێت. بەڵام هیشتا بەکردەوە هیچ هەنگاوێکی بەکردەوەی نەناوە، لە پیش هەموویانەوە ئازادکردنی ئۆجەلان و هەزاران زیندانی سیاسیی و دەستهەڵگرتن لە ملیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان و سەرکوت و زیندان و کوشتار و بیمافی.
بۆ ئەوەی خەڵکی ئازادیخوازی تورکیاو ناوچەکەو کوردستان، هەوڵ و بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە پرسی چارەسەری!! بە جدی بگرن، دەبێ هەنگاوی بەکردەوە و لەڕێگای بەرەسمی ناسینی پرسی سیاسی کورد لە تورکیادا، بەفەرمی بناسێت.