دروستکردنی گومان و نادڵنیایی لای هاوڵاتیان و خۆ بەکارێزما دەرخستن!…نووسینی: نەژاد عوسمان
خۆ بەچەق دانان ( Self-centred ) و بەگەمژەزانینی بەرامبەر ئەو نەخۆشیە دەرونییەی سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانە بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسە حوکمڕانی وڵات یان سەرۆکی حیزب یان کاربەدەستی شوێنێک بێت .
هەوڵی لاوازکردنی توانای بیرکردنەوەکانی خەڵک و بەلاڕێدابردنی بیرۆکە ڕاستەکانیان لەپێناو هێشتنەوەی بەردەوامی خۆیان، گەورەترین تاوانی شاراوەی هەست پێنەکراوە کە بەرامبەر کۆمەڵگە و هێشتنەوەی بەچەقبەستوویی و گەشەنەکردنی تاکەکانی پیادە ئەکرێت .
ئەوەی کە جێگەی نیگەرانی زیاترە تائێستا خەڵک بەگشتی ئەو جۆرە بونەوەرە نارسیستانە (خۆویست و بەرژەوەندخوازانە)ی ئەوێت . کۆڕ و کۆبونەوە و بەرئاگردانی ئەوان گەرمترە. لەکۆتاییدا کارەساتە گەورە و داتەپینی ژێرخانەکان ڕووئەدات. کۆمەڵگەیەکی مێگەل ( sheep pack ) یان گەلەقاز دێتە ئاراوە هەموویان پێکەوە عەقڵی خۆیان ئەدەنە دەست کەسێک، بنەماڵە و بەرەبابی سیاسیەک و بە پێودانگی ئەو ڕێ ئەکەن و ئەقیڕێنن! کە خۆی لە بنەڕەتدا ئەوکەسە خۆی پێویستی بە کەسێکی ترە ڕێنمایی وەربگرێت، چونکە هێشتاوەکو کامڵ نەبووە نەک بکرێتە کاریزما و مێگەلدار یان شوان .
ئەم جۆرە لە مێگەل توانای داهێنان و وەبەرهێنان و ئاڕاستەکردنی کاری مەدەنییانەی نییە و خەسێنراوە و گەشەی عەقڵی وەستێراوە.
بەگشتی مێگەل مرۆڤی ئاڕاستەکراون و توانای ململانێکردنی بەرانبەریان نییە، چ ململانێی سیاسی بێت، یاخود ململانێی فیکری و ئابووری و ڕۆشنگەری.
لەئێستا گەورەترین سەرچاوەکانی بە مێگەلکردن لەپاڵ سیاسیە بازرگانە دەسەڵاتدارەکان بریتیە لە ڕاگەیاندنە زەبەلاحەکانی سیاسیەکان کەلەسەر بوجە و قوتی خەڵک ئەگەڕێن. کەچی خەڵک کۆمێنت و ڵایک بارانیان ئەکەن بەوەی گوایە بەرنامەی ڕەخنەئامێزیان هەیە و باس لە مافی مافخوراو و زوڵمی مەزڵومان ئەکەن لەکاتێکدا خاوەنی ئەو کەناڵانە خودی کاربەدەست و زاڵمە پلەیەکەکانی وڵاتن .
لەکۆتاییدا ئەڵێم، بەرەو کۆمەڵگەیەکی کەڵەشێری و یەکترئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوە، نەک یەک ئاوازی و یەک ڕەنگی و مێگەلی و خۆچەماندنەوە و چەپڵەڕێزان بۆ کەسە ئاست نزمەکانی کۆمەڵگە کە وەک شوانی کۆمەڵگە خۆیان وێناکردووە و تۆی هاوڵاتیش وەک بەردەست و نۆکەر و خزمەتکارێکی بێ ماف !
وای گەلۆ مێگەل بوون ئەوەیە کە لەکاتی مایک شکاندن و هەڵدانەوەی مێژووی پڕتاوان و بۆگەنی یەکتردا پشتگیریان بیت و تۆش وەک گەلە قاز بەیەک ئاواز قیڕەیان بۆ بکەیت .
لەکاتی دەستخستنە ناودەستی یەکتریشدا وەک فریادڕەس و کاریزمایەک و ڕزگارکەری نیشتیمان شیعر و شانامەی ئاشتیخوازی و یەکبوون بە شان و باڵیاندا هەڵبدەیت !