مەترسیەکانی سەرهەڵدانی نیوفاشست و ڕاستڕەوی توندڕەو بۆ ساڵی ٢٠٢٥!
لە سەرانسەری جیهان، شاهیدی سەرهەڵدانی هێزی سیاسی ڕاستڕەو و نیوفاشیستین و لە هەمان کاتیشدا کزبوون یان پەراوێزخستنی هێزە چەپەکانیشین.
وا دیارە ڕاستڕەوەکان سوودیان لە لاوازی بزووتنەوەی کرێکاری و دابەشبوون و شکستی چەپی تەقلیدی و لاوازی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی وەرگرتووە بۆ بەدەستهێنانی کۆدەنگی لەسەر بابەتە گرنگەکان بۆ بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی سیاسی سەرکەوتوو.
ئەم جۆرە سیناریۆیە تەنها چەند دەیە لەمەوبەر بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات کاتێک ڕاستڕەوەکان لە چەند تایەفەیەکی فاشیستی بچووک پێکهاتبوون.
سەرکردە دیارەکانی ڕاستڕەوی نوێ لە ئەمریکا، لاپەڕەیەکیان لە کتێبەکەی گۆبڵز دەرهێناوە و ستراتیژێکیان پەرەپێداوە کە تیایدا جلوبەرگ و زمانی چەپەکانیان لەگەڵ ئامانجەکانی خۆیان گونجاندوە.
ڕاستڕەوەکان زۆر حەز بە بەکارهێنانی ناوی تەواوی فاشیستە ئەڵمانییەکان دەکەن و نازییش بەکارناهێنن، بەڵکو دەڵێن پارتی کرێکارانی ئەڵمانی سۆشیالیستی نیشتیمانی بۆ ئەوەی بە ئەنقەست فاشیزم لەگەڵ سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و خەباتی کرێکاراندا لە مێشکی خەڵکدا تێکەڵ بکات.
وەک دەزانین هیتلەر درەنگانێک زاراوەی سۆشیالیستی خستە سەر ناوی پارتەکەی بۆ ئەوەی سەرلێشێواوی بچێنێت و دەنگدەرانی چینی کرێکار بەدەستبهێنێت، کە ئەمەی بە سەرکەوتووانە ئەنجامدا. زۆری نەخایاند ناسیۆنال سۆشیالیستەکان وەک لایەنگری پتەوی سەرمایەداریی نەک سۆشیالیزم بە ڕوونی دەرکەوتن.
ڕەنگە دروستکردنی بەرواورد لە نێوان ئەڵمانیای ساڵانی ١٩٣٠ و جیهانی ئەمڕۆمان گونجاو نەبێت، بەڵام هاوتەریبییەکی بێ گومان هەیە کە دەتوانین لێیەوە فێربین. جارێکی دیکە، وەکو ئەو سەردەمە، سەرمایەداری جیهانی لە قەیرانێکی قووڵدایە و فاشیزم وەکو ڕێگەی دەربازبوون لە قەیران پێشکەش دەکات.
هەروەک چۆن نازییەکان کردیان، نیوفاشیستەکانی ئەمڕۆش، بە سوود وەرگرتن لە نارەزایەتی و توڕەیی بەربڵاوی بەشێکی زۆری دانیشتووان سەبارەت بە دۆخی ئابووری و شێوازی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکان، هێرش دەکەنە سەر دەسەڵاتداران.
بەڵام ئەمە تەنیا قسەکردنە بۆ ئەوەی سوود لە ناڕەزایەتی چینی کرێکار وەربگرن؛ ئەوان نیازیان نییە دەستکاری ئەو سیستمە بکەن کە دەوڵەمەندەکان بۆ خۆیانیان داڕشتوە.
ترەمپ کە یەکێکە لە تاوانبارانی سەرەکی “هەواڵی ساختە” چەپەکان تۆمەتبار دەکات بە دروستکردنی هەواڵی ساختە وەک گۆڕانی کەش و هەوا یان دروستکردنی نیگەرانی سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا. لە کاتی پەتاکەدا، هەر گفتوگۆیەک لەسەر سەرمایەداری و کارەساتی ڕاستەقینە تێکەڵ بە خەیاڵە مەترسیدارەکانی دژە ڤاکسین و نکۆڵی ئاشکرا دەربارەی کۆڤید-19 بوو، بۆ دروستکردنی گومان، سەرلێشێواوی و ترس.
مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەک خەیاڵێک دادەنرێن و گوایە چەپەکان دروستیان کردووە بۆ لەناوبردنی کار و سەپاندنی ڕێوشوێنی گرانبەها بەسەر هەمووماندا. وەک نایجل فەراج، سەرۆکی پارتی ڕیفۆرم بەریتانیا، دەڵێت: “لەوانەیە ئێمە یەکێک لە گەورەترین و گەمژەترین هەڵە لە مێژوودا بکەین بەو شێوەیەی کە زۆر نیگەران بووین لە گەرمبوونی کەشوهەوا.”
تادێت هەماهەنگییەکی نزیک لە نێوان گروپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکاندا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە. بۆ نموونە ئیلۆن ماسک، کەسی متمانەپێکراوی ترەمپ، پشتگیری لە فەراج و سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان و لایەنگری نیوفاشیست AfD لە ئەڵمانیا دەکات.
لە دوایین هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا، مارین لۆپێن، سەرکردەی ڕاستڕەو و توندڕەوی فەرەنسا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیای بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی یەکبگرن و گروپێکی ڕاستڕەو پێکبهێنن کە دەبێتە دووەم گەورەترین بلۆکی حزبی لە پەرلەمانی ئەوروپا. لەڕاستیدا، نیوفاشیستەکان و هاوڕێ ڕاستڕەوەکانیان ئێستا گەورەترین گروپ لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنن.
هەروەها نیوفاشیزم کە لەلایەن سەرمایەدارییە بەهێزەکانەوە پشتگیری دارایی دەکرێت، فێری ئەوە بووە کە کەڵک لە سۆشیال میدیا وەربگرێت کە فاشیستەکانی ساڵانی سیەکان تەنیا خەونیان پێیەوە دەبینی و توانیویانە لەم بوارەدا چەپەکان تێپەڕێنن.
وەک ئەولەویەتی کار پێویستە چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی کرێکاران و خەڵکی کەمداهات دەبێتەوە. ئەگەر نەتوانین ئەمە یان تەنانەت بەشێکیشی ئەنجامبدەین، ئەوا ڕاستڕەوەکان لایەنگرانی زیاتر بەدەستدەهێنین.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم وتارە وەرگرتوە:
https://morningstaronline.co.uk/article/far-rights-dangerous-new-playbook-2025
توانا محەمەد نوری