خەڵکی کوردستانی سوریا پێویستیان بە کۆمەک و هاوپشتی هەیە بۆ ڕووبەرووبوبەوە و تکشکاندنی ملهوری دەوڵەتی تورکیا…
دوای ئەوە دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا، لە رێگای ئۆپەراسیۆنێ هاوبەشی” هەیئەی تەحریری شام” “سوپای نیشتیمانی سوریا” بە پشتیوانی و هاوکاری دەوڵەتی تورکیا، بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو کۆتایی هات، دەوڵەتی تورکیا خۆی وەکو براوە لە سوریادا دەبینێت و دەیەوێت پیگەو رۆڵی سەرەکی لەسوریادا بگێرێت و وەکو خاوەن ماڵ مامەڵە بکات. لەو چوارچیوەیەدا هەم دەیەوێت دەسەڵاتێکی تەواو مل کەچی خۆی لەسوریادا دابسەپێنێت و هەم هەرچی نەیاری سیاسی خۆی هەیەتی، لە ڕێگای هیزە بەکرێگیراوەکانی سەربەخۆیدا، لەبەین ببات. کوردستانی سوریا و دەسەڵاتی خۆبەێوەبەری یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیایە.
لە کاتێکدا هەموو جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پیداگری لەسەر سوریایەکی تازە دەکەن کە مافی سەرجەم هاولاتیانی سوریا بپارێزێت، دەوڵەتی تورکیا بەهیرش بۆسەر خەڵکی کوردزمانی سوریا، نەک رێگا بۆ چارەسەری پرس و مافەکانی خەڵکی کورد زمانی سوریا، بەڵکو پایەکانی بەردەوامی دان بە جەنگی ناوخۆیی لە سوریادا دادەکوتێت و دەیەوێت ئەو خوێن بەربوونەی زیاتر لە چوار دەهەیە لە جەنگی ناوخۆیی خۆیدا لەگەڵ پەکەکە بەردەوامی هەیە، بگوازێتەوە بۆ ناو سوریاو ئەو کۆمەڵگەیە بە ناسەقامگیریەکی درێژ مەودا بمێنێتەوە.
دەوڵەتی تورکیا کە لایەنێکی سودمەند لە روخانی ناچاوەروانکراوی رژێمی ئەسەد و دەست کۆتا بوونی ئیرانە لە سوریا، لە جیاتی ئەوەی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و لە ڕیگای بەفەرمی ناسینی مافەکانی خەڵکی کورد لە سوریادا دۆسیەی سیاسی کورد دابخات، بە حاشاکردن لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کورد زمانی تورکیا، بەرەیەکی تر چ بەرووی دەسەڵاتی تازە دەستەمۆی خۆی و لەسوریا و چ لە بەرامبەر بە دەوڵەتی تورکیادا دەکاتەوە، کە جگە لە ناکامی بەجێگایەک ناگات…
هیرشە بەردەوامەکانی چەتەو تیرۆیستەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، بۆسەر دەسەڵات و ناوچە کوردنشینەکانی سوریا، لە بنەرەتدا هیرشە بۆسەر ئیرادەی سیاسی ئەو جەماوەری کە توانیویان بۆ زیاتر لە دەهەیەک ئەو جغرافیایە لە جەنگی ناوخۆیی سوریا بەدوور بگرن، لمۆزی هیزەکانی داعش بشکێنن، مافە فەردی و مەدەنیەکان بیگویدانە ناسنامەی قەومی و دینی بۆ هاوڵاتیان زامن بکەن، یاسای یەکسانی ژن و پیاو بەدەستەوە بگرن، هیزی رێکخراوی چەکداری ژنان و پیاوان بۆ بەرگری لەخۆیان پیك بهێنن و لە ئیستاشدا تەنها دەیانەوێت لە سوریای تازەدا مافە سیاسی سەرەتاییەکانیان بە رەسمی بناسرێت.
دەوڵەتی ناسیونال- فاشیستی تورکیا، کە دەرگیرە لەگەڵ دەیان پرسی ناوخۆیی و بانگەوازی برایەتی کورد و تورک و بانگەشەی گرتنەبەری رێگای چارەسەری دەکات، کەچی لە سوریادا دەیەوێت لە ڕێگای زۆر و هیزە نۆکەرەکانیەوە، لە ژێر ناوی” جەنگ لەدژی تیرۆردا” کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری بهێنیت و ئاڵای فاشیزمی تورکی هەڵ بکات.
خەڵکی ئازادیخوازی جیهان و ناوچەکە کە گەواهی دەری هیزی ژنان و پیاوانی کۆبانی بوون بۆ تیکشکاندنی داعش و لە ئیستاشدا گەواهی دەری ئەوەن کە ئەو دەسەڵاتەی لە کوردستانی سوریا ئامادەیی هەیە سەرباری هەر کەم و کوڕی و لاوازییەک، دەسەڵاتێکی مەدەنی و ئازادیخوازانەیە و بەرگری لە خواست و مافە سیاسیەکانی خۆیان دەکەن، بۆیە پێویستە بە هەموو شیوەیەک بەرگریان لێ بکرێت و ریگە لەوە بگرن هیزەکانی تورکیا و کریگرتەکانی هیرش بکەنە سەری.
ئەمریکا و غەرب و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکە هەموویان دەیانەوێت کوردستانی سوریا وەکو کارتێک لە ململانێی نیوان خۆیاندا بەدەستەوە بگرن، هەر چەشنە خۆشباوەرییەک بەو هیزانە، خۆکوژیەکی گەورەو گورز دانە لەو ئەزموونەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە ئارادایە. تاکە ڕیگای پاراستنی ئەم جغرافیایە و بەرگرتن بە خەڵکی کوردستانی سوریا لەهەر هیرش و ملهورییەکی تورکیاو هەر لایەنێکی تر… پشت بەستنە بە ئیرادەی سیاسی و چەکداری جەماوەری رێکخراوی خۆیان و پشتیوانی بەرەی ئازادیخواز و ئینسان دۆست…
بۆپێشەوە