فرۆشتنی تاقیگە پزیشکیەکان بە کەرتی تایبەت، هێرشە بۆسەر چینی کرێکار و نەدارانی کۆمەڵگە…

0

لەچوارچێوەی هێرشی بەردەوامی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و پارێزەری سەرمایە بۆسەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و دەست تەنگانی کۆمەڵگە، هەواڵی فرۆشتنی تاقیگەی خەستەخانە گشتیەکان بە کەرتی تایبەت، لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە بڵاوبۆتەوە… هەوڵێکی لەو چەشنە و فرۆشتنی ئەو تاقیگانە بەکەرتی تایبەتی، قورسایەکی یەکجار زۆر دەخاتە سەر چینی کرێکار و بێبەشانە کۆمەڵگە و نرخی هەر پشکنینێک چەندین جار دەباتە سەرەوە کە ئەمە لە توانای بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەدا نییە. ئەوە لە کاتێکدایە کە موچەی موچەخۆران و فەرمانبەران لەلایەکەوە کەم و لەلاییەکی تریشەوە ئەو موچە کەمەش، بە پاساوی جۆراو جۆر دوادەخرێت یانیش نادرێت.

دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، کە ئامادەی هەڵگرتنی هیچ بەرپرسیاریەتیەک بەرامبەر بە هاوڵاتیانی نییە، کەچی بەدەیان و سەدان رێگا، بەردەوامە لە هێرش بۆسەر ژیان و گوزەران و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان. ئەگەر لە بەشێک لە وڵاتانی دنیا هەندێک لە خزمەگوزارییەکانی کەرتی گشتی دەفرۆشرێت بەکەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، لەلایەکەوە رەچاوی داهاتی هاوڵاتیان وتاک و لەلایەکی تر دەوڵەت تاڕادەیەک پابەندی بەرپرسیاریەتییە و کۆمەك دەکات تا هەموان بتوانن کەڵک لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرن… کەچی لە ژیر سایەی دەسەڵاتی تاڵانچی هەرێمدا تەنها هیرش و قورسایی خستنە سەر هاوڵاتیان هەیە، بی ئەوەی حکومەت!! و دەسەڵات هیچ بەرپرسیاریەتیەک بخاتە ئەستۆی خۆی. ئەوە جیا لەوانەی لە بەشی زۆری وڵاتانی دنیادا، بەشێک لە خزمەگوزارییەکان بەتایبەت لە زەمینەی تەندروستی و خوێندن و پەروەردە و خزمەتگوازییە کۆمەڵایەتیەکان، بە خۆرایین یان نرخیان زۆر کەم رەمزییە و هاوکات بیمەی تەندروستی هەیە… کەچی دەسەڵاتی هەرێم لە جێگای ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان چاو لەو سیستەم و دەسەڵاتانە بکات و کار ئاسانی بکات و قورسایی لەسەر هاوڵاتیان هەڵبگرێت، هەر رۆژە بە بریاری نوێوە کە ریشەی لە تاڵانچێتی دایە، هیرشەکانی بۆسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان زیاد دەکات و خۆیشی لە هەموو بەرپرسیارییەتیەک دەدزێتەوە.

کەرتی تەندروستی گشتی یان “حکومی” یەکێک لە هەستیار ترین کەرتەکانە، کە پیشتر دەسەلات لە رێگای پەراوێز خستنیەوە، رۆژ بەرۆژ لە پێداویستیەکانی دایماڵی، تا هاوڵاتیان ناچار بە چوون بە خەستەخانەو تاقیگە تایبەتیەکان بکات. ئیستاش لە چوارچیوەی ئەو هیرشانەی پێشوویدا دەیەوێت تاقیگەکانی پشکنین، بفرۆشیت بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، بێ ئەوەی گوێ بداتە دۆخی دارایی و داهاتی هاوڵاتیان.

ئەم هیرشەی دەسەڵات، گۆشەیەکی ترو بەڵگەیەکی تری ریسوای دەسەڵاتە و پێویستە رووبەرووی کاردانەوەی خیرای چینی کریکار و جەماوەری دەست تەنگی کۆمەڵگە رێکخراوەکانی بەرگری لە ماف و خزمەتگوزارییەکان ببێتەوە و لە جێگای ئەوە دەسەڵات و وەزارەتی تەندروستی ناچار بکرێت هەم لە بریاری فرۆشینی تاقیگە پزیشکیەکان بە کەرتی تایبەت پەشیمان بێتەوە و هەمیش خزمەتگوازرییە تەندروستی و کۆمەڵایەتیەکان بکات بەخۆرایی و پەرەیان پێ بدات.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.