عەلی باپیر و دەوڵەتی ئیسلامی؟!… سەردار عەبدوڵا حەمە
عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە ڤیدیۆیەکدا زۆر بەتوندی دائەبەزێتە سەر عەلمانیەت و یەکێتی وپارتی بەعەلمانیەت ناو دەبات وە دەڵێ هۆکاری ئەم بارودۆخە خراپەی کوردستان ئەوەیە کە ئەم حیزبە عەلمانیانە دەسەڵاتیان کۆنترۆل کردووە دەبێ خەڵک ڕوو لە ئیسلام بکات، بە مانایەکی تر خەڵک دەبێ دەسەڵاتی ئیسلامی هەڵبژێرن. ئەو خۆ گیڤ کردنەوەی عەلی باپیر لە کاتێکدایە کەدەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد ڕووخاوە هێزێکی تیرۆریستی ئیسلامی سەرکردایەتی ئەم ڕووخانەی کردووە بە پیلانێکی ئەقلیمی ونێودەوڵەتی. ئەمە بووەتە هۆی دەم گەرمی وخۆ گیڤ کردنەوەی زیاتری عەلی باپیر و ئیسلامی سیاسی وسەلەفیش . ئەمانە یا بەهەڵە لە دەسەڵاتی عەلمانی گەشتوون یا بە مەبەست بەهۆی یەکێتی وپارتی و بەشار ئەسەدەوە دەیانەوێ عەلمانیەت ناشیرین بکەن . با بزانین ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییەی ئەمانە ئەیانەوێ لە کوێدا ولەکەیدا نموونەی هەبووە کە عەدالەت ویەکسانی وئازادی وئەمن و ئارامی بۆ خەڵک هێناوە. تا عەلی باپیر وئیسلامی سیاسی بۆ مان بێنن؟ هەرکەس شارەزای مێژووی دەوڵەت وئیماراتە ئیسلامیەکان بێ یا هەردەوڵەتێکی ئایینی تر بووبێت، دەزانێ مێژوویان پڕ بووە لە خوێن ڕشتن و سەرکوت وتیرۆرو ئازارو ئەشکنجەی ئینسان وهەژاری وبرسیەتی و ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی هەر لەدەوڵەتەکەی داعش و تورکیاو و ئیخوانەکان وجمهوری ئیسلامیەوە بیگرە تا دەوڵەتی عوسمانی وعەباسی وئەمەوی وخەلیفەکانی ڕاشدین و تاسەردەمی پێغەمبەری ئیسلامیش، نموونەو بەڵگەی پێویستن. عەلی باپیر کە بەخەڵک دەڵێ پشت لە عەلمانیەت بکەن و ڕوو لە ئیسلام بکەن مەبەستی ئەوەیە لەو جۆرە دەسەڵاتە ئیسلامیانەی بۆیان دەوێ. دەنا ئەگەر عەلی باپیر پێی وایە خەڵک ڕووی لە ئیسلام نەکردووە لە کوردستان بۆیە بارودۆخەکە خراپە ئەی خێرە هەمیشە دەڵێن لە ٪٩٥ ی خەڵک موسڵمانە نابێ قسە لەسەر باوەڕی ئەم ڕێژە زۆرە بکەن. ئەی بۆ مەگەر ٦٠٠٠ مزگەوت هەیە لەکوردستان لە ژێر سایەی دەسەڵاتە بە ناو عەلمانیەکەی یەکێتی وپارتیدا هێشتا پێت وایە خەڵک ڕووی لە ئیسلام نەکردووە. لە کاتێکا لە ژێر سایەی دەسەڵاتە ئیسلامیەکەی سعودیەدا ئەوەندە مزگەوتی تێدا نییە. لە کوردستان بۆ هەر ١ هەزار کەس مزگەوتێک هەیە لە سعودیە بۆ هەر ٣ هەزار کەس مزگەوتێک هەیە. جا ئێستا با عەلي باپیر پێمان بڵێت دەسەڵاتەکەی یەکێتی وپارتی ئیسلامیە یا عەلمانیە؟ عەلمانیەت کەدەسکەوتی خەبات و تێکوشانی مرۆڤایەتییە تا ئێستا و وەک شۆڕشێک بووە لەدژی دەسەڵاتی دینی لەسەدەکانی ناوەراستدا توانیویەتی گەلێک ماف و ئازادی بۆ مرۆڤایەتی بەدەست بێنێ کە پێشتر دەسەڵاتی دینی پێشێلی کردبوون هەر لەچواچێوەی دەسەڵاتی سەرمایەداریدا جێگیریان بکاتەوە هەرچەندە سەرمایەداری هەر لەقۆناخەکانی دامەزراندنیەوە لەهەوڵی سەندنەوەی ئەم دەسەکەوتانە بووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بە تەواوی پاشەکشەیان پێ بکا دیارە لەوڵات تا وڵات جیاوازە. بۆ نموونە ئەم دەسکەوتانە لە وڵاتانی ئەوروپی وکەنەداو ئەمەریکا وئوسترالیاو چین و یابان و کوریا زیاترن تا وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە کوردستانیشەوە، بە ڕادەیەک ئەتوانم بڵێم ئەم دەسکەوتانە لە کوردستان نزیک بوونەتەوە لەسفر. دەسکەوتی جیای دین لەدەوڵەت وپەروەردە و دەسکەوتی وەک ئازادی سیاسی وئازادی بیروباوەر ودەسکەوتی وەک مافەکانی ژنان ومنداڵان و کرێکاران و مامۆستاو فەرمانبەران و دەسکەوتی وەک بیمەی بێکاری وسۆشیال وتەندروستی وخانەنشینی وکۆمەڵایەتی کە لەدەسەڵاتە عەلمانیەکاندا هەیە، کوا لە کوردستاندا هەن. کەوایە بەم سیفاتانە بێ دەسەڵاتەکەی کوردستان لە دەسەڵاتە ئیسلامیەکەی عەلی باپیرەوە نزیکە تا لە دەسەڵاتی عەلمانی. لە کۆتایدا بڵێم عەلی باپیر دەیەوێ بڵێ خەڵکی کوردستان دەنگ بە من بدەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی ئیسلامی وەک ئەوانەی پێشووتان بۆ بێنم دیارە ئەمەش مەحاڵە تازە کۆمەڵگەی کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی عەلمانی و پابەند بەدەسکەوتە عەلمانیەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە ئەو قۆناخەی بڕیوە دەوڵەتی دینی قبوڵ بکات ، دین دەبێ بۆ تاکی ئینسان بێت، نەک بۆ دەوڵەتداری وسیاسەت کردن.