کورتەیەک لەسەر ژیانی ڕۆژا لۆکسمبۆرگ…

0

١٥ی ژانویە، ساڵڕۆژی مەرگی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ؛ سیاسەتمەدار و کۆمۆنیستی ناوداری پۆڵەندی-ئەڵمانی، سەرۆکی بزووتنەوەی نێودەوڵەتی ژنان.

ڕۆزا لۆکسمبۆرگ (١٨٧٠-١٩١٩) شۆڕشگێڕ و سەرکردەیەکی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی ئەڵمانی-پۆڵەندی بوو. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا یەکێک بوو لە کەسایەتییە گرنگەکانی بزوتنەوەی سۆشیالیستی. یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی سۆشیال دیموکراتی پۆڵەندا و کۆمەڵەی سپارتاکیست. بۆچوونەکانی قوتابخانەیەکی پێکهێنا کە بە لۆکسمبۆرگیزم ناسراوە.

ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە ٥ی ئازاری ١٨٧١ لە شاری زامۆشچ لە پۆڵەندا لەدایک بووە دوای ئەوەی خێزانەکە ڕوویان لە وارشۆ کردووە، ڕۆزا لەم شارەدا دەستی بە خوێندن کردووە و هەر لەوێشەوە پەیوەندی بە گروپی “پڕۆلیتاریا”ەوە کردووە و دەستی بە چالاکی سیاسی کردووە.

لە زیوریخ جگە لە درێژەدان بە چالاکییە شۆڕشگێڕییەکان، لە زانکۆی زیوریخ درێژە بە خوێندنی زانستە سروشتییەکان و ئابووری سیاسی دەدات.

ڕۆزا بە بیانووی ئەوەی کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی نێودەوڵەتی دژی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان بووە و بەهۆی ئەم جیاوازی تێڕوانینەوە لە پارتی کرێکارانی سۆشیال دیموکراتی ڕووسیا و پارتی سۆشیالیستی پۆڵەندا جیا بووەوە و سەرەتا پەیوەندی بە دامەزرێنەرانی بڵاوکراوەیەک بە ناوی ” ئەوە “دۆزی کرێکاران بوو” و لە کۆتاییدا پارتی سۆشیال دیموکراتی شانشینی پۆڵەندایان دامەزراند.

لە ساڵی ١٨٩٨ بە تێزێک بە ناوی “گەشەپێدانی پیشەسازی پۆڵەندا” بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە. هەر لەم ساڵەدا بوو کە کۆچی بۆ ئەڵمانیا کرد و بە هاوسەرگیری لەگەڵ کرێکارێکی ئەڵمانی بە ناوی گوستاڤ لوبێک ڕەگەزنامەی ئەڵمانی بەدەستهێنا و چالاکی شۆڕشگێڕانەی دەستی پێکرد.

لەم ماوەیەدا یەکێک لە کتێبە بەناوبانگەکانی خۆی بە ناوی “چاکسازی یان شۆڕش” نووسیوە. ڕۆزا لەم کتێبەدا باسی لە مەرکەزیترین پرسی دیبەیتەکانی سۆشیال دیموکراسی ئەڵمانی کرد، لە دژی بزووتنەوەی پێداچوونەوەخواز کە ئێدوارد بێرنشتاین سەرکردایەتی دەکرد، وەستایەوە و بە هاوکاری کەسانی وەک کارل کاوتسکی ڕێگری کرد لە زاڵبوونی هێڵی بێرنشتاین بەسەر حزبەکەدا.

ماوەیەکی کەم دوای شۆڕشی ١٩٠٥ لە ڕووسیا، لە ساڵی ١٩٠٦ ڕۆزا تیۆری “مانگرتنی گشتی” دامەزراند و بە “گرنگترین چەکی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا”ی ناوی برد. لە ئەڵمانیا لە قوتابخانەی پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی لە بەرلین وانەبێژ بووە، لە ماوەی ئەم ساڵانەشدا یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی بە ناوی “کەڵەکەبوونی سەرمایە” نووسیوە. ئەم کتێبە وەسفی جوڵەی سەرمایەدارییە بەرەو ئیمپریالیزم.

كلارا زێتکین ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا بوو. زێتکین هاوڕێیەکی کۆنی ڕۆزا لوکسمبۆرگ بوو کە یەکێک بوو لە ژنانی سەرکردەی بزووتنەوەی سۆشیال دیموکرات لە ئەڵمانیا و یارمەتی ڕۆزای دا بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی سپارتاکیست و پارتی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩١٨. کلارا زێتکین لە ڕوانگەیەکی مارکسیستی لە کێشەی ژنان دەڕوانێت و وەک فریدریک ئەنگلس و ئۆگۆست بایبڵ ئازادی ژنان بە مەرجی بەشداری ژنان لە بەرهەمهێنان و ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری دەبینی. 

ڕۆزا هەرگیز وەکو ئەلێکساندرا کۆلۆنتای و کلارا زێتکین قسەی لەسەر کێشەکانی ژنان نەکردووە. تەنها چەند بابەتێکی لەسەر پرسی ژنان و مافی دەنگدانی ژنان نووسیوە. لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨ ڕۆزا نامەیەک بۆ سێتکین دەنووسێ و دەڵێت: “ڕەنگە پێویست بێت لەسەر پرسیاری ژنان بنووسم. “ئەمە ئێستا زۆر گرنگە، چونکە هیچ کام لە هەڤاڵانی ئێستامان لێی تێناگەن.”

 

دواجار لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ سەربازەکان ڕۆزا لۆکسمبۆرگیان بردە هۆتێلێک و دوای سوکایەتی پێکردن، سەربازێک بە کلکە تفەنگ لە سەری دەدات و نەقیبێک لە پەرستگاکەدا تەقەی لێدەکات و دەیکوژێ و تەرمی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ فڕێدەدرێتە ناو کەناڵێک لە بەرلین.

 

یادی هەمیشە بەرز و بەڕێزە.

 

 

توانا محەمەد نوری

١٤/١/٢٠٢٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.