هەناسەش بدەیت پارەت لێ سەندراوە… نووسینی: عەبدوڵا عەبدولخالق

0

ساڵی ساڵان کە ئەچوویتە نەخۆشخانەیەکی حکومی، وەسڵێکی ٥٠٠ دیناریت دەبڕی و دەچویتە لای دکتۆر، ئیتر هەرلەسەر ئەو ٥٠٠ دینارە، لە حەبێکی پاراستۆڵەوە تا گەورەترین نەشتەرگەرییان بۆ دەکردیت. هاوڵاتیانى بەش مەینەتى کوردستان لەسەرتاى پلانى ئابوورى سەربەخۆى کوردستانەوە ترسیان لێنیشت کەهەنگاوەکانى داهاتووى ئەم حکومەتە بە کۆمپانیاکردنى هەموو دامەزراوەکانە و بەتایبەتی کەرتى تەندروستى لە پێشهاتنی کۆرۆنا، هەنگاو بە هەنگاو خزمەتگوزارى  نەخۆشخانە حکومییەکان کەمتر بۆوە تاوەکو هاوڵاتیان ناچار بکەن بەرە و کەرتى تایبەت، بەتایبەتى پشکنینەکانى خوێن،  هەنگاوەکەش بەوە دەستى پێکرد ناو بە ناو نەخۆشیان ناچاردەکرد بە پێدانى بڕى ٥ هەزار دینار بە پاساوى جیهازی فەحسى خوێن نەماوە یان کار ناکات و ئەبێت لەدەرەوەى نەخۆشخانە بکرێت ئەمەش تێچووەکەیەتى، هەر ئەوکات بەشێک لە هاوڵاتیان ناڕەزایەتیان دەربڕى لەبەرامبەر ئەو بڕە پارەیەدا کە کەس نەیدەزانى لەبەرامبەر چیدا وەردەگیرێت، زۆرێکیش دەیان وت ئەگەر ماین و نەمردین، ناگەینە ١٠ ساڵی دیکە، نەخۆشخانە حکومییەکان وا لێ ئەکەن هەناسەش بدەیت پارەت لێ ئەسەنن! ئەوە ئەوکاتە زۆرەش تێپەڕ نەبوو ترسی هاوڵاتیان بوو بە ڕاستى! ئەوەتا حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی بە بڕین و دواخستنى مووچە و فرۆشتنى زەوییەوە نەوەستاون و تاقیگەىنەخۆشخانە حکومییەکانیش کە تەنها شوێنە خەڵکى ئاسایی بۆ پشکنینى تەندروستى رووى تێبکەن بە دەردى ئەوانیتر دەبات و دەیدات بە کۆمپانیاى حزب لەسەر حسابی گیرفانی هاوڵاتیان! ئاخر بە چی ویژدانێک رەوایە، نرخی پشکنینێکی شێرپەنجە هەزار قات زیاد بکەن! لەکاتێکدا لە نەخۆشخانەی هیوا و نانەکەلی رۆژانە نەخۆش لە سەرەی تیشکدا گیان لەدەست دەدەن! سەیرە! ئەگەر سەیرێکی دەستووری عێراق بکەین، پێدانى تاقیگە و نەخۆشخانە حکومییەکان بە کەرتى تایبەت بە پێچەوانەی دەستوور و یاساکانى عێراقە، چونکە هەر بەپێی دەستوور دەبێت چارەسەر بەبێ بەرامبەر یان پارەیەکى دیاریکراو بێت، بەس ئەمانە زەڕڕەیەک ویژدان، دین، مرۆڤایەتی، ئەخلاق و کەرامەتیان ماوە تا حساب بۆ دەستوور بکەن؟ تەنها دەڵێین، دنیا ئاگادارە و هەموو شتێک دەبینێت، سەبر دەگرین و چاوەڕوانین، چاوەڕوانی ئەو رۆژەین کە نە پلەوپۆست، نە پارە، نە چەک و هێزەکانتان فریاتان دەکەون و هاوشێوەی دیکتاتۆرەکانی دیکەی هاوڕێتان، یان سەرتان لەژێر پێی منداڵەکانی ئەم نیشتمانە خێرلەخۆنەدیوە دەبێت، یان ئاوارەی وڵاتێکی دیکەتان دەکەین. سەبر دەگرین وچاوەڕوانین!

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.