یان سۆشیالیزم یان بەربەریەت!
لە جیهانێکدا کە زیاتر و زیاتر قەیران و شەڕ و گرژی بۆتە نۆرم، مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدایە، ئەویش یان سۆشیالیزم وە یان بەربەرییەت.
ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی پەیمانگای نێودەوڵەتی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم جارێکی تر ئەو ڕاستیە تاڵە ئاشکرا دەکات: جەنگ و گرژییەکانی جیهان زەریایەک قازانجی بۆ کۆمپانیاکانی پیشەسازی چەک دروستکردووە، بەڵام چینی کرێکار باجەکەی بە خوێن و گیان دەدات.
لە شەڕی ئۆکرانیا تا شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی چەک گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە. هاوکات کۆمپانیاکانی چەک، لە ئەمریکا و ئەوروپاوە تا ڕووسیا و ئاسیا، ئەم قەیرانانەیان کردووە بە ئامرازێک بۆ کەڵەکەکردنی بێکۆتایی سەرمایە. بەڵام چۆن ئەم قازانجە گەورانە مسۆگەر دەکرێن؟ بە پەرەسەندنی توندوتیژی و بڵاوبوونەوەی کوشتار و سەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین کە ڕاستەوخۆ ژیان و گوزەرانی کرێکارانی لەناو بردووە.
لە ئەمریکای باکوور نزیکەی نیوەی هەموو داهاتی فرۆشتنی چەک لە جیهاندا بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڕوات. لە ئەوروپا شەڕی ئۆکرانیا خواست لەسەر چەک و تەقەمەنی زیاتر کردووە و قازانجێکی زۆری بۆ کۆمپانیا ئەوروپیەکان بەدەستهێناوە. لە ڕووسیا ئابووری بۆ بەرهەمهێنانی چەک بەکاردێت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیایش وڵاتانی وەک ئیسرائیل و کۆریای باشوور و چین ڕۆڵی سەرەکی لەم پێشبڕکێ کوشندەیەی چەکدا دەگێڕن.
ئەم ڕەوتە بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ئاشتیخوازانەی شەڕخوازان، ڕۆژانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان. ئەگەر چینی کرێکار نەیەتە پێشەوە، ئەگەر لە پێگەی چینایەتی خۆیەوە لە ململانێ چینایەتیدا هەڵسوکەوت نەکات و ئەگەر بەردەوام بێت لە بوون بە قوربانییەکی پاسیڤ لەبەردەم ئەم ئامێرە وێرانکەرەدا، کەوتنی مرۆڤایەتی بۆ ناو باوەشی بەربەرییەت حەتمی دەکات.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگی ڕۆڵی چینی کرێکار وەک هێزێکی شۆڕشگێڕ دیارە. تەنیا بە ڕێکخستن و خەباتێکی ئامانجدار، بناغەکانی ئەم سیستمە وێرانکەرە دەلەرزێنرێت و لەبری ئەوە کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی بنیات بنرێت. چینی کرێکار، بە خەباتێکی هۆشیارانە و یەکگرتوو، نەک هەر دەتوانێت بەرامبەر چەتە گەورە و بچووکەکانی ئیمپریالیزم بوەستێتەوە، بەڵکو دەتوانێت داهاتوویەکی دوور لە شەڕ و گرژی و هەژاری و برسێتی و دڕندەیی سەرمایەداری ڕێکبخات.
ئەو قەیرانانەی لە سەرمایەداری و ئیمپریالیزم لەدایک دەبن، تەنها دەبێتە هۆی لەناوچوون و شەڕ و هەژاری و نایەکسانی و لەناوبردنی ژینگە. کاتی خۆی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ هۆشداریدا و وتی: “کۆمەڵگە یان بەرەو سۆشیالیزم دەڕوات یان دەکەوێتە ناو بەربەرییەت”. ئەمە شیکارییەکی مێژوویی نییە، بەڵکو هۆشدارییەکە بۆ سەردەمی ئێمەش. کەوتنە ناو بەربەرییەت تەنیا لە شێوەی شەڕە جیهانییەکاندا ڕوونادات؛ بەڵکو بە فراوانبوون و گرژیی ئیمپریالیستی و شەڕی ناوچەیی و هەژاریی بەربڵاو و زیادبوونی نایەکسانی و تێکدانی ژینگە بەدی دێت.
توانا محەمەد نوری
٢٩/١٢/٢٠٢٤