سیناریۆکانی سوریا… جۆلانی لە میحرابی بی بی سی دا!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
بی بی سی بە دڵگەورەیی فراوان و بێپایانی دیموکراتیکی خۆی دەرهەق بە سەرانی ئیسلامی سیاسی ناسراوە و هەر لە درێژەی ئەم دلگەورەیی و تۆلێرانسە دیموکراتیکەیدا، جۆلانی هێنایە پای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ لەسەر دەستپێکردنی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەم باندە ئینسانکوژەی جوڵانەوەی ئیسلامی سیاسی لە سوریا کە دەکرێ لە ڕێگەیەوە ئەو چارەنوسە تاریکە بهێنینە پێش چاوی خومان کە ئەو باندە کۆنەپەرەستەی ئیسلامی سیاسی لە سوریا بۆ چینی کرێکار و ژن و مەدەنیەتی چەندن میلیۆن هاوڵاتی ئەو جوغرافیایە بە دیاری دەیهێنێت. جۆلانی لە ژێر لێوەوە و لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەوان تاچەند ئامادەن دان بە بوونی ژناندا بنێن و ئامادەن تا ئاستێک ژن بەبێ حیجاب قبوڵ بکەن و چی دەڵێن لەسەر خوێندنی ژنان، ویستی ئەم پڕۆژە سیاسییە تاریکە دژی ژن و مەدەنیەتە ئیسلامیەی خۆی جارێ بخاتە ژێر بەڕەوە و وتی ئەوکاتەی ئێمە لە ئەدڵیب بووین ڕێژەی ئەو ژنانەی لە زانکۆ دەیانخوێند لە سەدا شەست بوو و لە بارەی كحولەوە وتی من ئەو بابەتانە بریار لەسەر نادەم و ئەوە بابەتێکی یاساییە و تا دوایی.
ئەم موجاهیدەی کە لە میحرابی بی بی سی دا حالو هەوایەکی ئیخوانی پەیدا کردوە و دەیەوێ كڵاو بکاتەسەر ئەو میلیۆنان مرۆڤەی بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە هاتنەسەرکاری ئەو ڕەوتە هەمەجیەی ئیسلامی دەڕوانن داخۆ چی بەسەر ژیان و ئازادی و موقدەراتی مەدەنیەتی ئەوان دێنن، هەمان موجاهیدی چنگ بەخوێنی داعشە کە هەزاران ژنیان ئەتککرد، هەزارانیان کردە سەبایە و کەنیزەک، شمشێریان هەڵکێشاو و هەرچی مەدەنیەت بوو وێران و خاپوریان کرد، هەر ئەو موجاهیدە و هاوشێوەکانی ئەفغانستانیان لە وڵاتێکی سەقامگیر و متمدنەوە گۆری بە کێلگەی حشیش و دواجنی ژنان و ژن بوونیان بەڕەسمی وەک عەیب وعار ڕاگەیاند. جۆلانی لە هەموو ئەو تاوانەی ئەو بزوتنەوە هەمەجیە بە هەقی مرۆڤایەتی کراوە بەشدار بووە. هاوکاری بەغدادی و زەرقاوی و هەموو ئەو کارەکتەرانەی جوڵانەوەی تاوانکاری ئیسلامی بووە. بەو پێیە هەر لە پێشەوە و بە شاهیدی مێژووی واقیعی، بە شاهیدی موصل و تراژیدیای ژنان و کچانی یەزیدی و بەشایەتی دەسەڵاتی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی و بە شاهیدی ئەفغانستان و ئەو داماوی و بەربەریەتەی کە دایانسەپاندوە و بە شاهیدی هەمان ئەو شتانەی کە ئەم جروجانەوەرانە باوەڕیان پێیەتی دیارە کە ئەگەر جۆلانی و ئیخوانیزم و ئیسلامی سیاسی ببنە دەسەڵات و یاسا، چی بەسەر ژن دێنن، چی بەسەر مافە فەردی و مەدەنیەکان دێنن، چی بەسەر هەر هەناسەیەکی ئازاد و هەر چاوەروانیەکی ڕەوای مرۆڤدا دێنن بۆ ژیانێکی شەرافەتمەندانە.
بەڵام بیبیسی تەنیا مەبەستی ئەوە نەبوو کە بتوانێ لە مەنتیقی پراگماتیزمی ئەم مەخلوقانە لەهەلومەرجی تازەی چەند ڕۆژ دوای داگیرکردنی شارەکانی سوریا و ئەوەی کە لە داهاتودا کە دەسەڵاتیان جێبکەوێ دەتوانن چ کابوسێک و چ داماویەک بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا بسەپێنن تێبگا. نەخێر، ئەم هەموو حیشمەتە دیپلۆماسیەی بی بی سی لەگەڵ کارەکتەرێکی خوێناوی ئیسلامی سیاسی کە لە تاڵیبان و قاعیدە داعشەوە تا جەبهەی نوسرە هەڵسوراو بووە و تا ئێستاش لە لیستی تێرۆری ئەم جەنابانەدایە، گەواهی ڕووداوێکی گەورەترە، گەواهی ئەوەیە کە ڕۆژئاوای دیموکرات خەریکی پیلانگێریەکی گەورەتری سیاسیە بۆ سەپاندنی داماویەکی سیاسی وکۆمەڵایەتی گەورە لە ڕێگەی پەڕوباڵ لێ رواندنی ئەم جوڵانەوە کۆنەرەستەی ئیسلامی سیاسی و جۆلانی و ئەحراری شام و دەستەتاقمی تری ئیسلامیەوە. پیلانێکی ترە بۆ ڕادەستکردنی هەرچی زیاتری چارەنوسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئیسلامێکی سیاسی هاوسارپچراو لەبەرامبەر ژن و چینی کرێکار و مەدەنیەت و سکولاریزم و بە کورتی بۆ بە ئیسلامیزەکردن و ئیخوانیزەکردنی زۆرتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئیخوانیزەکردنی دەوڵەت و یاساکان لەو ناوچەیەدا.
سوریا ئیتر تەنیا مەیدانی پێکدادانێکی جیوسیاسی نییە، بەڵکو لە مەبەدوا مەیدانی شەڕ و کێشمەكێشێکی چینایەتی و کۆمەڵایەتیە گەورەیە لەسەر دیاریکردنی چارەنوسی دەسەڵات و شێوەی دەوڵەت و جۆری کۆمەلگە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داهاتو.
لەم جیدالەدا مرۆڤایەتی لە پێناو بەرگریکردن لە موقدەراتی خۆی، لە پێناو بەرگریکردنێکی شەرفەمەندانە لە مافی خۆی بۆ ژیانێکی ئازاد و شایستە ناچارە بۆ شکست پێهنانی ئەم پڕۆژە تاریکەی بە ئیخوانیکردن و بە ئیسلامی کردنی شێوەی ژیان و یاساکان و دەوڵەت بێتە مەیدان. هاتنە مەیدانی ئەم دوایانەی شارەکانی سوریا بۆ داواکردنی مەدەنیەت و دەوڵەت و دەسەڵاتێکی مەدەنی نیشانەی ئەوەیە کە چینی کرێکار و ژن و سکولاریزم سوسیالیزمی کۆمەڵگە وا بە ئاسانی و بەبێ کێشمەكێشێکی جیددی، ئەم چارەنوسە قبول ناکەن.