(لێوارەکانی کوفر)…ڕووزار
لەتەنکایی مەعریفەدا بۆ ئارامی مەگەڕێ
ئەو هەوڵانەی بۆقوڵایی نین
ناچنە گیرفانی ڕزگارییەوە
دروشمەکانی قەد دیوار
فێری “حنجە” و
ئەوانەی فکریان بازنەیی بێت
پێویست بەگەشتەکەی ماجەلان ناکا”
هەر سەریان خڕە!
گرۆکردنی خەونەکان
بەبچوکی و گەورەیی پەنجەرەکان نی یە
ئەو داری ئازادیانەی بەخوێن ئاودران
“لیوکیما”یان گرت!
بەدارە پیرەکان بێ
خۆڕسک دەبێ ببڕێتەوە
کێوییەکان بکوژرێن و
هەرچی ئاسکەیە وەک “سەبایا”
ناو تەویلەی حەزەکانیان بمێنێتەوە،
ژن هەتا وەکو ماتێن خڕ بێت
پیاو هەڵماتێنی پێ دەکا
دەبێ قوڕمیشی نەزانی بشکێنین
فۆرمی سەرەکان بگۆڕین٫
ڕێگایەکی کۆر
لەدڵێکی ڕەنگاو ڕەنگ زیاتر
دەمانخاتە ئەندێشەوە٫
بەدروشمەکانا بێنەوە
بزانن چەند خاڵی جوانی تێدایەو
گۆڕانخوازەکان ناشرینترین
چینی ئەم سەرژمێرییە دەرچوون
لاوێکی خوێن گەرمی زۆریان
خستە “موجەمیدە”وە
ئێستا ئەوانەی شۆڕشمان پێ دەفرۆشنەوە
کوڕی خەڕاتن
بۆیە هەر چاویان لەخاڵ کوتانە!
ئازادی چمکی کەوا شۆڕەکان نی یە
هەرجارەی بڕۆنە لای ناڵ بەندێک و بڵێن؛
پڕ بەباڵامانی بکێشە!
چۆن بتوانین تەشویشات
لەفیکر جیاکەینەوە،
قاز لەمێروولە
دەرزی لەقوڵینگ
گوریس لەمار
ژن لەژان،
با تەشییەکەی “وەفایی”
وەکو خۆی هەڵگرین
“شرین” فێری ڕستنی وشە کەین
گڵۆڵەی بەنەکان بکەین بەهەڵمات و
فیکرمان ئازاد…..ڕووزار