هونەرمەندو فەرهەنگی ئینسانی… نووسینی: نەجم محەمەد

0

یەکێک لەگرنگترین و سەرەکیترین خەسڵەتێک کەزۆر پێویستە لەهونەرمەنددا هەبێت ئەوەیە کەخاوەنی فەرهەنگێکی گەورەوجوانی مرۆیی بێت، واتا وەک مرۆڤ بڕوانێتە مرۆڤ و خاوەنی ئایدیاو بیرکردنەوەیەکی مرۆییانە بێ دژی ڕاسیزم وفاشیزم بێ خاوەنی بیرێکی تەسک و دەمارگیری نەتەوەیی و کۆنەپەرستی نەبێت. وەک مرۆڤ بڕوانێتە مرۆڤ بەبێ جیاوازی ڕەگەز و ڕەنگ وزمان و بەرگ و نەتەوە و نیشتیمان، دەبێ ئەم خەسڵەتانە لەهونەرەکەی و لەڕەفتارو گوتارەکانیدا ڕەنگ بداتەوە.

خۆ هونەرمەند بوون هەر بەتەنها ناو و ناوبانگ دەرکردن ودەرکەوتن نییە، بەڵکو پێش ئەمانە پێویستە هونەرمەند مرۆڤ بێت بەمانا گشتیەکەی مرۆڤ پێویستە دژی ستەم ونادادی وناعەدالەتی وپێشێلکردنی ماف وئازادیەکانی ئینسان بیتە دەنگ و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی هەبێ ودەنگ وڕەنگ وهاواری خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش وکرێکار بێ وپێویستە هونەرمەند نەبێتە کۆیلەو دەستەمۆو زوڕنا ژەنی هیچ دەسەڵات وحیزبێ. هونەرمەند دەبێ  گەورەبێ وهەست بەگەورەیی خۆی بکات و خۆی بچووک نەکاتەوە لەبەرابەر هیچ شتێک و کەسێکدا مەبەستم لە خۆبەگەورەبوون لەڕووی مەعنەوی و لەڕووی ڕەهەندی مرۆیی وسەرمایەی مرۆییەوەیە، نەک خۆ لەوانیتر بەگەورەتر زانین .

هونەرمەند دەبێ کائینێکی کاریگەرو زیندوو بێت، نەک کائینێکی زەلیل وزەعیف وپاسیڤ ومردوو بێت. هونەرمەند دەبێت دەسکاری ژیان وتابۆکان بکات واوەتر لەخەڵکی ئاسایی بیربکاتەوە وببینێت.

هونەرمەند دەبێت تاکێکی سەربەخۆ وئازاد بێت و پەیامی هوشیارکردنەوە بدات بەگوێی کۆمەڵگەدا، نەک بە  بەرهەمی فریودەرانە کۆمەڵگە سڕ بکات  و بخەوێنێت.

نابێت بەبیانوی ئیلتیزام و ئیستاتیکی هونەری یەوە خۆی بدزێتەوە لەهەڵوێستە ئینسانیەکانی و تەماشاکەرێکی دڵ ڕەقی ئەو ستەمانە بێت کەلەمرۆڤەکان دەکرێت لەکۆمەڵگادا. هەربۆیە لەکۆتاییدا دەڵێم بۆئەوەی خۆت وهونەرەکەت  بەزیندووی بمێننەوە  پێویستە مرۆڤ بیت و وەک مرۆڤ هونەر بکەیت.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.