با ڕووخانی بەشار ئەسەد ببێتە پەند بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان… نووسینی: ريبوار ياسين فتاح
دەیان ساڵە تەماح و گەندەڵی و چەوساندنەوە تەنها دەبێتە هۆی ناڕەزایی لەناو خەڵکدا و زەمینەیەکی بەپیت بۆ نائارامی و دواجار داڕمان دروست دەکات. ڕەنگە ستەمکاری بۆ ماوەیەک بەرگەی بگرێت، بەڵام هیچ بڕە سامان و هێز و هاوپەیمانییەکی دەرەکی ناتوانێت ڕژێمێک ڕزگار بکات کە متمانە و پشتیوانی هاوڵاتیانی خۆی لەدەست بدات.
پەياميك بۆ مەسرو بارزانی، بافل تالەبانی
ماوەيەك لەمەو بەر “شەکرت” شكاندو گووتت، ئيمە شۆرشمان بۆ مووچە نەكردوە. بەر لەهەموو شت ئەو دۆخەی ئيستا بەرهەمی بەناو شۆرش نەبوو، بەڵكو ئەنجامی ئەحمەقی سەدام بوو كە كوێتی داگيركرد و ئەم دوخەی خوڵقاند كە چەكدارەكانی باوكت و ئەوانەی زۆنی سەوزيش هاتنە سەر حارزی و تا ئێستا بەرهەمەكەی دەخۆن.
پاشان ئەو بزافەی تۆ ناوی دەنێیت شۆڕش، تۆيەك كە تەقەی خۆشيت تيدا نەكردوە بۆيە ناوی خۆتی تێ مەخە هەروەها فێربە بزانە چۆن قسە دەكەيت…
لەوانەيە نەزانيت بەو قسانەت چەندە ئازاری مووچەخۆران دەدەيت. مەسەلەيەكی كوردی هەيە دەڵێت (سكی تير ئاگای لە برسي نیيە) ئاخر تۆيەكی سك تێر، تۆيەكی ملياردێر، تۆيەكی لە ئەمريكا و ئەوروپا دووبەی موڵك وسامانت هەبێت، تۆيەك گرانترين سەيارەو ئە سپ وڤيلای هەبێت، تۆيەك لە گەندەڵی و دزی سامانی خەڵكی هە ريناد (پرۆفيشيۆنال) بيت كەچی هيشتا تەماح دەكەيتە مووچەی ئەو نەگبەتانە! و پاشانيش دێيت بەقسەی ناماقول هەستيان بريندار دەكەيت. ئيدی چۆن شەرم ناتگريت؟ چۆن خەجاڵەت نابيت؟ کە ئازایت، گەر دەتەوێت هەست يە ئازاري مووچەخۆران بكەيت يۆ مانگيك بە هەژاری وەك مووچەخۆران بژی، دڵنيام يەك رۆژ ناتوانيت ئەو كارە بكەيت. ئيتر بەسە برينداركردنی هەستی هەژاران. بەسە گەمەكردن بەو خەلكەی گيرۆدەی دەستی ئێوە مافيایە. ئاخر گەر مووچەخۆران نانیان نەبێت، بيدەنە منداڵەكانيان ئيتر قسەی بريقەدار ناوەڕۆك بەتاڵی شۆرش چ واتايە كی هەيە بۆيان؟
پێویستە پارتی و یەکێتی گوێ لەم هۆشدارییە بگرن: سەبر و خۆڕاگری خەڵک بێ سنوور نییە. سەرکردایەتی ڕاستەقینە داوای لێپرسینەوە و دادپەروەری و پابەندبوون بە خۆشگوزەرانی هەمووان دەکات.
لەوانەیە ستەمکاران سەرهەڵبدەن، بەڵام حوکمڕانیان هەمیشە کۆتایی دێت. خۆشبەختانە سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە سوریادا ئەمڕۆ کۆتای پێهات. ئومێد دەکەین خۆری ئازادی لەکوردستان هەڵبێت و دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی و یەکێتی کۆتایی پێبێت.
لەڕابردوودا هەریەک لە سەدام و قەزافی و موبارەک و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح هەریەکەیان زۆردارانە حوکمیان دەکرد و برینەکانیان لەسەر گەلەکەیان بەجێدەهێشت. بەشار ئەسەدیش لەڕێگەی سەرکوتکردنی دڕندانە بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و وێرانکردنی سوریا، زیاتر لەنیو سەدە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتبوو و ئازار و چەوساندنەوەی بەسەر سوریادا هێناوە بەتایبەت گەلی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام کۆتایی هەر ڕووخان بوو، چونکە کورد واتەنی “هەموو پەتێک لەباریکیدا دەپسێت تەنها پەتی زوڵمە لە ئەستووری دا ئەپسێت”
ئێمەی گەلی کورد بۆ چەندین نەوە، نەتەوەکەمان ڕووبەڕووی خیانەت و ئەشکەنجە و ئازاری بێوچان بووەتەوە- نەک تەنها لە لایەن هێزە دەرەکیەکانەوە، بەڵکو لە ناوەوەشەوە. گەندەڵی و پراکتیزە پاوانخوازەکانی پارتی و یەکێتی برینی گەلەکەمانی قووڵتر کردووەتەوە. ئەم حیزبانە بە هەڵە مامەڵەیان لەگەڵ داهات و سەرچاوەکانمان کردووە و نوخبەی خۆیان دەوڵەمەند کردووە و دەسەڵاتی خۆیان لە پێشینەی خۆشگوزەرانی میللەتەکەمان داناوە. مێژووی ڕکابەری و لەگەڵ یەکتری “یەکڕیزیی کوردیان”!! تێکداوە و خەونی ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستانیان لەگۆڕناوە.
پێمان وایە سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، دادپەروەری زاڵ دەبێت، هەرگیز ڕۆحی گەلەکەمان ناشکێت. کاتی ئەوە هاتووە جیهان دان بە خەبات و تێکۆشانماندا بنێت و لە پێناو دادپەروەری و کەرامەت و ئازادی ڕاستەقینەماندا لەگەڵمان بوەستێت. کاتی ئەوە هاتووە پەتی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتدارانی کورد لەباشوور بەتایبەت جووت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لەڕەگ و ڕیشەوە هەڵتەکێندرێ و تۆڵەی دایکی جەرگ سووتاو و مناڵی بێ باوک کراو و ڕۆژنامەنووسی شەهید و زیندانیکراو و مامۆستای شەقتێەهەڵدراو و مافی فەرمانبەری مووچە لێ دزراویان لێبکرێتەوە.