شەپۆلێکی تری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی حزبۆکراتی پارتی و یەکێتی بە ڕێگاوەیە!!
دواخستنی دابەشکردنی موچە بۆ زیاتر لە دوو مانگ و شانی خاڵیکردنەوەی پارتی و یەکێتی لەوەی هیچ بەرپرسیاریەتییەک بگرنە ئەستۆ، زوربەی هەرەزۆری فەرمانبەرانی هەرێم و دۆخی گشتی کۆمەڵگەی خستۆتە دۆخێکی یەکجار سەخت و نەخوازراوەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە دواکەوتنی موچە تەنها ئەم دوو مانگە نییە و نادیاری دابەشکردنی موچەی مانگەکان و تەنانەت ساڵی داهاتووش، مۆتەکەیەکە لەسەر سنگی خەڵکی بێ خزمەتگوزاری و بێمافکراوی کوردستان.
بەشێکی زۆر لە مامۆستایان و مامۆستایانی گرێبەست و کارمەندانی پەروەردە، فەرمانبەرانی بنکە تەندروستییەکان، لە زۆنی سەوزدا هەر ئیستا خەریکی دەستبردن بۆ بایکۆت و راگرتنی دەوامن و تورەیی و نەفرەتی لێوان لێوی فەرمانبەرانی زۆنی زەردیش، حاشا هەڵنەگرە.
دەستبردنی مامۆستایان و بنکە تەندروستیەکان و فەرمانبەران، بۆ دوبارە و چەند بارەو دە بارەی کۆبونەوەی نارەزایەتی، بایکۆت و مانگرتن و خۆپیشاندان، کاردانەوەیەکی ناچارییە، بەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، لەگەڵ ئەوەدا ئەم دەسەڵاتە دەست سوک ناکات لە سەپاندنی باج و خەراج و سەپاندنی بەسەر هاوڵاتیاندا، وە مۆڵ کردنی داهاتی ناوخۆیی و لەوانەش زیاتر بەبەرچاوی خەڵک و دنیادا، رۆژانە خەریکی فرۆشتنی نەوت و بە قاچاغ بردنیەتی، کەچی ئامادەنین بەشیک لەو داهاتە بۆ موچە و خزمەتگوزارییەکان تەرخان بکەن.
چاوەروانی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لە بەغدا و دەسەڵاتی ئیسلامی و عروبی بۆ زامنکردنی موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکان، خۆدزینەوەیە لە هەرچەشنە بەرپرسیاریەتیەک بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان… ئەم چاوەروانیەتی دەسەڵاتی هەرێم لە بەغدا ئەگەر لەلایەکەوە خستنەرووی ئیفلاسی هەمە لایەنەی سیاسی و ئابوری و بەڕێوەبردن و بەرپرسیاریەتییە، لە لایەکی تریشەوە راگەیاندنی جەنگێکی نەبڕاوەیە لەگەل ویست و داواکارییە زۆر سادە و سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان.
بریاری بایکۆت و مانگرتن و خۆپیشاندان و هەر شێوازێکی تری نارەزایەتی فەرمانبەرانی هەرێم بەدژی دەسەڵاتی نابەرپرس و تاڵانچی هەرێم، لە دریژەی نارەزایەتییەکانی ساڵانی رابردوودا، بیگومان بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ساڵانی پێشوو دەبێت و داهێنانی تر بەخۆوە دەگرێت.
مامۆستایان و فەرمانبەران و تەواوی خەڵکی ستەم لیچووی کوردستان، خاوەنی دەیان و سەدان کەسایەتیین کە دەتوانن رابەرایەتی نارەزایەتیەکانیان بکەن و ئاڵای داسەپاندی داخوازییەکانیان بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە دەبێت هاوئاهەنگی لە نێوان رابەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران و بنکە تەندروستیەکان و رابەرانی بزوتنەوەی جەماوەرییدا پەرەی پێ بدرێت، دەست بۆ کاری ریكخراو ببرێت، بەرژەوەندی هاوبەش مەبنای دەستبەکاربوون بێت، بێ گوێدانە بیروباوەر و لایەنداری حزبی و ژن و پیاو بوون… لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە بەشە نارازییەکانی کۆمەڵگە، لەوانە مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشەکان، کارمەندانی تەندروستی و شارەوانی و ئاو کارەبا و… تاد، دەست ببەن بۆ دروستکردنی رێکخراوەی تایبەتی خۆیان بە بەرگری لە مافەکانیان و وەستانەوە بەهیرشی هەموو رۆژەی دەسەڵات و کۆمپانیاکان. حزب و لایەنە سیاسیەکانی دەسەڵات بەدەستی کوردستان دەیان و سەدان رێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵیان دروستکردووە بۆ بەرگری لە دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیان، پیویستە چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە، لەبەرامبەردا رێکخراوی خۆیان دروست بکەن، بەتایبەتی کە ناوەرۆکی رێکخراوە رەنگاو رەنگەکانی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ناوەرۆکی چینایەتی و کارنامەیان، بە باشترین شیوە خۆی نیشانداوە، کە جگە لەبەرگری لە دەسەڵات و حزبەکانیان، کارێکیان بەسەر بەرەپیش بردنی خەبات و تێکۆشان و بەرگری لە مافەکانی توێژە بێبەشەکانەوە نەبووە…
چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان، بەبێ ئەوەی هاوئاهەنگ و رێکخراو بن، ناتوانن کاریگەری راستەخۆ لەسەر دەسەڵات دروست بکەن لە پێناو ماف و داخوازییەکانیان. با بۆ نەبەردەکانی داهاتوو بەکەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو، بە شیوەی رێکخراو و ئامانجدارانە دەست بەکار بین. سەرکەوتن بۆ هێزی ڕیکخراو و بەرچاو رۆشنە…
bopeshawa
*******