ئایا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان سەرکەوتنی مێژووی بوو؟
بەدوای هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرجەم بەرپرسانی حزبی و حکومی!! پارتی… لەهەموو بۆنەیەکدا بەدوای یەکدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستکەوتێکی گەورە و میژووی بۆ خەڵکی کوردستان بوو.
بۆ پارتی و یەکێتی، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، سەرکەوتن بوو، بەتایبەتی بۆ پارتی. لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا، بەجیا لە گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم لە سەندنەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان لە کۆمیسیۆنی هەرێمەوە بۆ کۆمیسیۆنی بەغدا و کەم کردنەوەی ژمارەی دەنگدەرانی هێزە تایبەتیەکان…تاد، بەڵام پارتی و یەکێتی بەکەڵک وەرگرتن لە هیزە تایبەتییە چەکدارە حزبیەکانیان، هیزە ئەمنی و هەواڵگریەکانیان، لەشکری بن دیواریان، بانگەشەی زبر و قوتبی کردنەوەی بانگەشەکان لە بازنەی سەندنەوەی دەسەڵات و بلۆک بەندی نافەرمی هیزەکانی زۆنی سەوز و ئۆپۆزیسیۆن لەبەرامبەر بە باڵادەستی پارتی و قۆرغکردنی زوربەی جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی لە ئاستی فەرمانڕەوایی هەرێمدا و کاردانەوەی پارتی توانیان، رێژەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو زیاد بکەن. زیاد بوونی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بە پلەی یەکەم هەڵخراندن و دوبارە هێنانەوەی هیزەکانی سەربەخۆیان بوو، نەک زۆربوونی ریژەی بەشداری هاوڵاتیانی ئاسایی.
پارتی و یەکێتی، لەم هەڵبژاردنەدا، هێزی توڕەو تۆراوی خۆیان کردە بارمتەو ئامرازی ململانێی دەسەڵاتدارێتی نێوانیان و توانیان لەو رێگایەوە بەشێکی زۆر لەو هێزە، پەلکێشی ناو گەمەی هەڵبژاردن بکەن و لە دەست بڵاوی و بەخشینەوەی داهات و ئیمتیازاتی خەڵکی کوردستانیش کە پارتی و یەکێتی دەستیان بەسەردا گرتووە، دریغیان نەکرد، لە کاتێکدا موچەخۆران بێ موچەو هاوڵاتیان بێ خزمەتگوزارین. هاوکات یەکێتی وەکو دەسەڵاتی زۆنێک بە خۆ خستنە پێگەی هیزێکی ئۆپۆزیسیۆن و بانگەشەی وەرگرتنەوەی هەولێر! و خۆگرێدانی لەگەڵ هیزەکانی زۆنی سەوز و دەرەوەی دەسەڵات، توانیان بلۆکێکی نا ڕاگەیەنراو بۆ هەڵبژاردن لەژێر ناوی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن!! دروست بکەن و کە ئەمە وای کرد رێژەیەک لە خەڵکی توڕەو ناڕازیش خۆشباوەر بکات و رابکێشێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان…
لەبەرامبەردا پارتی لەژێر ناوی وەستانەوە بە پیلانگێری و بەندوبەستی یەکێتی لەگەڵ هیزی دەرەکی و بە کەڵک وەرگرتن لە پێگەی حکومەتداری و بەرگری لە شەرعیەت!! بەخشینەوەی ئیمتیازات و داهات… توانی هێزی تۆراو و توڕەی ناوخۆی لە بەرامبەر بە یەکێتیدا، دوبارە لە دەوری خۆی سازبداتەوەو بەم جۆرە چ پارتی و چ یەکێتی، لە ململانێی نێوان خۆیاندا، توانیان تا ڕادەیەک ئابدەیتی هێزی چوار دەوری و موچەخۆانی خۆیان بکەنەوە، بۆ رەوایەتی بەخشینەوەی بە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا بۆ دەورەیەکی تر.
چینی کریکار و خەڵکی بەشمەینەت و ناڕازی، لە درێژەی نەفرەت و نارەزایەتی پیشوویاندا، وەکو هێزی بایکۆت، دەنگ سوتینەر، خۆیان نیشاندایەوە، کە هێزێکی یەکجار گەورەی حاشا هەڵنەگری کۆمەڵگەی کوردستانە.
پارتی بە هێنانەوەی نزیک بەنیوەی دەنگی دەنگدەران!! دوای ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژارنەکان و بە بریارەکانی دادگای فیدرالی، رویاند بوو، جارێکی تر باڵادەستی خۆی لە کایەی هەڵبژاردنەکاندا بە ئەندازەی، باڵادەستی سیاسی خۆی بەسەر هەرێمدا داسەپاندەوە، بۆ پارتی ئەمە سەرکەوتنێک بوو، بەڵام ئەم سەرکەوتنە هێندەی سەرکەوتن بەسەر هێزەکانی نەیاریدا بوو، نیو ئەوەندە سەرکەوتنی پارتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا نیشان نادات.
کرێکاران و کارمەند و موچەخۆران و خەڵکی بەش مەینەت، وەکو هیزێکی ناڕازی و رام نەکراو و هیزی ئاڵوگۆر لە هەرێم و هەردوو زۆنەکەدا، بە بەشداری نەکردن و بایکۆت و دەنگ سوتاندن… وەڵامی پارتی و یەکێتی و هیزەکانی تریان دایەوە، بە دەستی خاڵی و بە گیرفانی بەتاڵ و بێ حزب و میلیشیا و پشتیوانی هیزی دەرەکی نیشانیاندا، هیزی واقعی و ئاڵۆگۆر بەخشی ئەم دەسەڵات و دۆخە نەخوازراوەن. ئەم بزوتنەوەیە ئەگەر بەکردەوە نوێنەرایەتی بکرێت چ لە ئاستی شەقام و چ لە کایەی هەڵبژاردنەکاندا دەتوانێت هێزی ئاڵوگۆڕ بەخش و بەرجەستە بێت. بەداخەوە ئەم هێزە نوێنەرایەتی نەکرا.
وەکو سەرانی پارتی دەلێن، پارتی سەرکەوت، چونکە توانی بەرگری لە پیگەی سیاسی و باڵادەستی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی بکات و وەکو هیزی یەکەمی سەر گۆرەپانی کوردستان بمێنێتەوە و درۆی گۆرێنی دیزاینی سیاسی دەسەڵاتدارێتی، هیزە سیاسیە نەیارەکانی مایە پوچ بکات. دیارە ئەوە ڕۆشنە تا یەكیتی و پارتی خاوەنی هیزێ چەکدار و ئەمنی و سەرچاوەکانی داهاتی زۆنەکانی خۆیان لەدەستدا بێت، هەم وەکو هیزی باڵادەستی سیاسی و هەم بەوێنەی کاراکتەری نیابەتی بۆ جێ بەجێکردنی سیاسەت و نەخشەی وڵاتانی ناوچەکە دەمێنەوە و هەم حکومەت و پەرلەمان “بەهەر ناوەرۆکێکەوە” بە بێ بەشداری یەکێکیان، دروست نابێت.
بۆ چینی کرێکار و جەماوەری بەش مەینەتی کوردستان… هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر هەمان رێچکەی خولەکانی پیشوو بەڕێوە چوو. ئەو ڕیچکەیەی کە پێشتر و بەر لە هەڵبژاردن تا خاوەنی هێزی چەکدار و هێزی تاڵانی داهاتی کوردستان بن… هێزی باڵادەستی زۆنەکانی خۆیان و هەرێمن و لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە کەنار خستنیان مەحاڵە. هەر چەشنە خۆشباوەرییەک کە پارتی و یەکێتی لە رێگای هەڵبژاردنەوە کەنار بخرین و دەسەڵاتیان لێ وەربگیرێتەوە، بەرهەمەکەی قوربانی بوونی وەهمێکی زهنیییە.
ئەزموونی ٣٤ ساڵەی رابردوو یەک ئەزموونی تری نیشانداوە، ئەزموونی رابوون و نارەزایەتی جەماوەری کە مەترسی سەرەکی سەر دەسەڵات و سەرچاوەی گۆرانکارییە… ١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١ و خۆپیشاندانەکانی دواتر سەرباری بەرتەسکی و مانەوەی لە زۆنێکدا و باڵادەستی هیز گەلی پاریزەری سیستەم و پیرۆزی “قەوارەی هەرێم” بەرجەستەترین گۆرانکاری ناوخۆیی و هەرەشەی واقعی سەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بوو. هەموو ئەو بەڵێنانەی لە پاڵ سەرکوت و کوشتار و فریوکارییدا، بۆ کۆتاییهێنان بەو بزوتنەوەیە دایان بە خەڵکی کوردستان لە بەڵینی هەموو خولەکانی هەڵبژاردن زیاتر بوو. سزادانی تۆمەتباران، وەستانەوە بەرووی گەندەڵی و دزی و تاڵانی و بەڵێنی چاکسازی و سەروەری یاسا!! وتاد… لە ژێر گوشاری ئەو برگەیە لە بزوتنەوەی ١٧ شوباتدا، دەستی پێکرد.
پارتی و سەرانیان، مانەوەی پارتی وەکو هیزی یەکەمی هەرێم، بە وێنەی سەرکەوتنی مێژووی گەلی کورد، دەخەنە ڕوو، لەو ڕوانگەیەشەوە هێنانی نزیک بە نیوەی کورسیەکانی پەرلەمان!!، بەسەرکەوتن و دەستکەوتی میژوویی نیشان دەدەن، ئامانجیشیان لەوەیە بە رای گشتی و دنیا دەرەوە بڵێن، کە پارتی هیزی شەرعی!! و یەکەمی هەڵبژێردراوی دیموکراسییە…لەو رێگایەشەوە میلیشابوون و تاڵانی داهات و خۆ سەپێنی و خۆبەستنەوەیان بە جەمسەری خزمەت پیشکەش کاریان، بشارنەوە. چ پارتی و چ یەکێتی، ئەگەر لە هێزی چەکدار و ئەمنی و دەست بەسەراگرتنی داهاتی زۆنەکانی کوردستان، دابماڵرێن… بەهۆی کارنامەیەکی نەنگینی زیاتر لە ٣ دەهەی دەسەڵاتدارێتیان، نەک لە شەورۆژێکدا چینی کریکار و خەڵکی بەش مەینەت رایان دەماڵن، بەڵکو سەرانیان دادگایی دەکەن و بۆ هەمیشە بە کارخانەی میژووی دەسەڵاتە سەرکوتگەر و تاڵانچیەکانیان دەسپێرن.
عەبدوڵا مەحمود