چارەنوسی سوریا و ناوچەکە لە دەستی عفریت دایە!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

تەواوی ناوچەکە و بە تایبەتی سوریا مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانیێەکی جیوسیاسی جیددی کۆنەپەرستانەیە و بە سەراژێربوونەوەی لێشاوی گەلەی تیرۆریست و هەمەجی ئیسلامییە جۆراوجۆرەکانی ژێر عەبای ئۆردوغان و ئەمریکا لە جۆری تەحریری شام و گروپەکانی تری ئیسلامی و کەوتنی ئەسەد و سوپاکەی، ئیتر چارەنوسی ئەو کۆمەلگەیە و خەڵکەکەی کەوتۆتە دەستی عەفریتەوە. پەردەیەکی تری سیناریۆیەکی ڕەشی تری چەندین ساڵە لەو وڵاتەدا بەسەر مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێشدا دەکرێتەوە کە دەتوانێ کۆمەلگە و مرۆڤایەتی دوچاری بەرەو پاشگەرانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەعنەوی گەورە بکاتەوە لە تەواوی ناچەکەدا.

چاوپێکەوتنی bbc  لەگەڵ محمد جۆلانی ئاماژەی ئەوەن کە ئەم جنسانە لە چ کونێکەوە هاتون و کێ دەپارێزن، بەلگەیەکی تری سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە ئەم ئیسلامە هەمەجیە کوڕی شەرعی بەرژەوەندی سیاسی و جیوسیاسی کێن لە دنیادا و لەلایەکی ترەوە ئەو ڕاستیەی کە ڕۆژئاوا و ئەمریکا نەک هەرکێشەیان لەگەڵ مرۆڤکوژی و هەمەجیەت و تیرۆریست بوونی هیچ کەس و هێزێکدا نییە بۆ ئەوەی  چارەنوسی خەڵکی ڕادەست بکەن، بەڵکو ڕێکوڕەوان بۆ ڕێكخستنەوەیەکی کۆنەپەپەرستانەی دنیا و ناچەکە پێویستیان هێزی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی هەیە، پێویستیان بە هێزی هەمەجی و کۆنەپەرستی وەکو داعش و تەحریری شام و قاعیدە و تاڵیبان هەیە. پێویستیان بە ئیخوانیزم و وەهابیزم هەیە. سیناریۆی هێنانە دەسەڵاتی ئیخوانیزم و وەهابیزمێکی دڵخوازی تورکیای ئۆردوغانی بە مارکەی غەربی و گوێ لە مشتی ڕۆژئاوا و ئەمریکا، هەرچەندە دڕەندە و دڵڕەق و مرۆڤکوژ و تیرۆریست بێت، هەرچەندە دژی ژن و مەدەنیەت و لانی کەمی پێوەرەکانی مەدەنەیەتی مرۆڤایەتی بێت، ئەگەر لە ژێر عەبای ديموکراسیدا بێت و بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە ژێر سایەی کوشتن و تیرۆری پیرۆز و اللە و اکبر دا پیادە بکات، دەکرێ لە قیتاری دیموکراسیدا بێت و هیچ کێشەیەکی نییە. دەکرێ تالیبان بیت بازاڕ و بازرگانی تریاک و حەشیش و  شەریعەی شەلاق و بەردەبارانکردنی ژن پیادە بکەیت و دۆست و پاسەوانی بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوای دیموکرات بیت.

ئیمپراتۆریەکی ئیخوانی- وەهابی ئۆردۆغانی بە موبارەکەی ڕۆژئاوا کە ئامادە بێت بازاڕی بێمافی و کاری هەرزان و چەوسانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچەرخێنێ و پێ لە مەرجەکانی ڕۆژئاوا لەو ناوچەیە نەترازێنێ، هەرچەندە بۆ میلۆنان مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژن و لاو کابوسێک بێت، بەڵام بۆ ئەو ئەمریکاو ئەوروپا و هاوپەیمانە جیهانیەکانی خەون و ئارەزویەکی واقیعیانە. کەسانێک کە لەو باوەرەدا بوون کە وێرانکردنی ڕۆژهەڵات لە پێناو ئەوەیە کە داری بێبەری لیبڕالیزم و پەرلەمانتاریزم بڕیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست سەوز بکەن، دوای چەندین دەهە لە وێرانکاری مەدەنیەت لە ڕۆژهەڵات وباڵادەستی ئەو بزوتنەوە هار و درندە دژی ژیان و مەدەنیەتە کە لە ژێر عەبای ئەو بانگەشە پوچانەی دنیای دیموکرات پەڕوباڵیان گرت و مرۆڤایەتیان لەو بەشەی دنیا بەو ڕۆژەی ئێستا گەیاند، لە باشترین حاڵەتدا دەبێ، تەنیا دەتوانن لۆمەی خۆیان بکەن.

ئەگەرئالای جیهادی قێزەونی ئیسلامی گەلەی  ئیسلامیە کەللەشەق و مرۆڤکوژەکانی ئیسلامی سیاسی لەم شکڵە توندەیدا ئامرازی ڕێکخستەوەیەکی کۆنەپەرستانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوا لە داهاتودا دەتوانن بە خەیاڵی ڕاحەت ئەو کۆمەڵگەیانە بۆ دەورەیەکی درێژماوەتر ڕادەستی  ئیسلامی رامکراوی جۆری ئۆردۆغانی و وەهابی بکەن.

ئیتر نەک هەر ئازادی و خۆشگوزەرانیەکی پایەدار، بەڵکو تەنانەت ڕاوەستانێکی جیددی بۆ بەرگری لە مەدەنیەت و لانی کەمەکانی ژیانێکی مرۆڤانە کاری سۆسیالیزم و چینی کرێکارە. هەر قەترەیەک خوێن و هەر گیانێک کە لەم دۆزەخە دەپژێ و دەکوژێتەوە و هەر هەناسەساردی و بێدرەتانیەک کە مرۆڤی ئەمرۆ لە سوریا و غەززەوە  تا دڵی پایتەختەکانی دنیای دیموکرات تاقی دەکاتەوە، باجی لاوازی جوڵانەوەی جیهانی سۆسیالیستی کرێکارییە لە مەیدانی جەنگ لەسەر دەسەڵات و لەدەستگرتنی چارەنوسی کۆمەڵگە و لە پێناو پێناو ڕزگاریەکی سۆسیالیستی.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.