کێ بەرپرسە لە قەیرانی دارایی هەرێم؟ ئەم گۆشەیە عەبدوڵا مەحمود دەینووسێت کێ بەرپرسە لە قەیرانی دارایی هەرێم؟

0

لەگەڵ ئین ئارتی بەرنامەی دووجار بیر بکەرەوە بە رنامەیەکی هەفتانەی کەناڵی ئێن ئارتی یە، کە هەرجارە بابەتێک هەڵدەبژێرێت و چەند کەسێک بانگهێشتی بەرنامەکە دەکەن… دیارە زۆر دەگمەن کەسانی چەپ و کۆمۆنیست، یان بێلایەن لەم بەرنامەیدا بەشداری دەکەن… بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە، ئێمە لەهەر ژمارەیەکی بۆ پێشەوەدا، بەشداری یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی بەرنامەکە دەکەین… تا کۆمەڵگە بە بۆچوون و دیدی تر ئاشنا بکەین…لەم ژمارەیەدا وەڵامی  ئەم پرسیارەی خوارەوە دەدەینەوە، تەوەرەی بەرواری  ١/٨/ ٢٠١٨

کێ بەرپرسە لە قەیرانی دارایی هەرێم؟

ئەم گۆشەیە عەبدوڵا مەحمود دەینووسێت

کێ بەرپرسە لە قەیرانی دارایی هەرێم؟

قەیرانی دارایی هەرێم. وەکو سەرجەم قەیران و گرفتەکانی تری کۆمەڵگەی کوردستان، بەرهەمی شکستی و دەسەڵاتی مافیایی و چاوچنۆکی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیە. ئەوەی لە کوردستان و دەگوزەرێت واوەتر لە قەیرانی داراییە، بەڵکو قەیرانێکی ئابوورییە… بەڵام ئەو قەیرانە ئابورییە هاوشێوەی قەیرانی دارایی و ئابوری وڵات و دەوڵەتێکی نۆرماڵ نییە… هەمووان دەزانین سەرمایەداری یەکێک لە خەسڵەتە تایبەتیەکانی، گیرۆدەبوونیەتی بە ئەزمە و قەیران. وە کاریگەری ئەزمەی ئابوری لە ئاستی ناوچەو زۆن و دنیادا، و شکاندنەوەی قەیرانەکەو گواستنەوەی ئەو قەیرانە و هەوڵ بۆ قەرەبووکردنەوەی قەیرانەکە کاریگەری لەسەر پانتایەکی گەورەی وڵاتی و کیشوەری و دنیا دادەنێت… ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت، ئەمانە بەتەنها نین… موچە، نابەرابەری موچە، تاڵانی نەوت، دزی ئاشکرا… کاری دەوڵەتێک نییە، بەڵکو کاری دوو دەسەڵاتی میلیشیاییە… کەهەرکامەیان بەزۆری چەک داهاتی سەرزەوی و ژێر زەویان داگیرکردووە، بەهۆی چەک و دەسەڵاتەوە هەموو سەرچاوەکانی بەرهەم هێنان و وەبەرهێنان و بازرگانی و کەرتەکانی هاتوچۆ، تەندروستی و پەیوەندیەکان و بانک و…تاد، لە زۆنی ژیر دەسەڵاتیاندا پاوان کردووە. نە شتێک بە ناوی بازاری ئازاد و نە جموجۆڵی سەرمایە بە وێنەی نۆرماڵی هیچ وڵاتێک بوونی نییە… میلیشیا لەهەر زۆنێکدا هەم ئابوری و داهات و هەم وەبەرهێنان جموجۆلی سەرمایەی دەست بەسەرداگرتووەو زیندانی کردووە، بەپرسی حزب و بنەماڵەی دەسترۆشتوی سیاسی، دەستیان بەسەر هەموو سەرچاوەکانی داهات و ئابوری و کەناڵەکانی کەڵەکەی سەرمایە و لەوەش واوەتر دەستیان بەسەر قوتی تاک بەتاکی هاوڵاتیاندا گرتووە… قەیرانی دارایی یان ئابوری لە کوردستاندا، قەیرانێکی دەستکردە، بۆ درێژەدان بە تاڵان و دزی و شان خاڵی کردنەوە لە دابینکردنی خزمەتگوازریەکان و درێژەدان بە سیستەمی پاشەکەوتی موچە. بەپێی هەموو ئامارو ئەو راپۆرتانەی بڵاودەکرێنەوە، تەنانەت دوای ١٦ ئۆکتۆبەریش داهاتی فرۆشی نەوت لەگەڵ داهاتە ناوخۆیەکان بایی ئەوەندە هەیە، موچەی کرێکاران و کارمەندان وەکو خۆی و لەکاتی خۆیدا بەزیادەوە بدەن… دۆخی دارایی هەرێم ریشەی لە دابەزینی نرخی نەوت، داخستنی سنورەکان، ململانێی نیوان هەرێم و بەغدا، کاریگەری ئەزمەی ئابوری جیهانی بەسەر کوردستان و… نییە. بەڵکو ریشەی لەدەستبەسەراگرتنی هەموو داهاتەکانەوە هەیە لەلایەن سەران و بەرپرسانی دوو حزبی میلیشایی و خەرجکردنیەتی بەمەبەستی مانەوەی دەسەڵاتی سیاسیان. لە کوردستان دزی بە یاسایی کراوە، سیستماتیک رەوایی پیدراوە، جیاوازی موچەی وەزیر و گزیرەکان، ئەندام پەرلەمان و بەرێوەبەرە گشتیەکان، بەپێی یاسا!! لەگەڵ موچەی کریکار و کارمەندان جیاوازیەکی هیندە قەبەیە، کە بەرلەهەموو شت حکومەتی و پەرلەمانی کارتۆنی کردۆتە عەزیای لوشدانی داهاتی هاوڵاتیان… ئەوە جگە لە لیستی خانەنیشینان کە موچەکانیان خەیاڵییە بە بەراورد بە موچە و داهاتی هاوڵاتی ئاسایی… دیارە لیستی خانەنشینانی ساختە، موچەخۆری بن دیوار، برینەوەی موچە بۆ کادرانی حزبی، بۆ بەرگری لەدەسەڵاتیان… هەموویان وایان کردووە، داهاتی زوربەی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی بەشیوەی نایاسایی و نائاسایی بدۆشرێت… بوون بە وەزیر و ئەندام پەرلەمان، لەرێگای موچەی خەیاڵی و ئیمتیازاتی ترو پاسەوان و خراپ کەڵک وەرگرتن لەو پۆستانە… خود بەخود هەموو وەزیرو ئەندام پەرلەمانێکێک لە ماوەیەکی کەمدا دەکات بە ملیۆنیر… دیارە حکومەت و پەرلەمانێک ئەگەر بوونیشیان نەبێت، بۆشایەک دروست ناکات، بۆ هاوڵاتیان، بەڵکو خودی حکومەت و پەرلەمان بوونەتە بەڵا بەسەر خەڵکی کوردستانەوە. هەروەها هەڵتۆقینی دەیان ملیاردێر و سەدان ملیۆنێر نەلەرێگای کێبەرکێ و لە مەیدانی ئابوری و بازار و وەبەرهێناندا، بەڵکو لە رێگای دزی و بە پشتیوانی دەسەڵاتەوە بۆ دانیشتوانی شەش ملیۆن کەسی، بۆتە هۆی ئەوە بانقەکانی دنیا مۆڵی پارەی دزی بکەن… و کۆمەڵگەی کوردستانیش خاڵی لە پارەو هاوڵاتیانێش برسی و بێ خزمەتگوزاریی بن.

هیچ وڵاتێکی نەوتی، ناتوانی وڵاتێکی هەژار بێت لە ئیستای دنیادا، هەموو ئەو وڵات و جوغرافیایانەی خاوەنی نەوت و غاز ، خاوەنی سامانی سروشتی ترن… وڵات و جوغرافیای دەوڵەمەندن و داهاتی تاک دەتوانرێت تیایدا بەزر بێت و خزمەتگوزارییەکان فەراهەم کرابن… کوردستانیش بەو هۆیەوە خاوەنی سامانی سروشتی زۆر زەوەندی خۆیەتی و فرۆشتنی نەوتی لرفەی دێت، کیشەی ئابوری نییە، کیشەی داراییش راستی تیانییە، ئەوەی هەیە دروستکراوە و بەئەنقەستیش دروستکراوە. باسی قەیرانی ئابوری و دارایی کە بەرپرسە میلیشیا حزبیەکان رۆژانە کاوێژی دەکەنەوە، کەیسێکە بۆ دەرچوون لە ئەزمەی سیاسی و هاوبەشێتی سیاسی لەگەڵ بەغدا و نەیارەکانیان… لەکوردستانیش کاوێژی دەکەنەوە، تا خۆیان لە ژێر باری بەرپرسیارێتی بدزنەوەو ئۆباڵی ئەو دۆخەش بخەنە پاڵ بەغدا و حکومەتی ناوەندی.

بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە دژوارە ئابوریەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان، گیرۆدەی بوون، رێگاچارە نە چاوەروانی بەغدا بوونە بودجە بنێریت، کە دیارە ناینیرێت، نە رێگاچارە چاوەروانییە بۆ زیاتر بەرزبوونەوەی نەوت و گەرانەوە بۆ بەغدایە… چارەسەر دریژەدانە بە خەبات و تێکۆشان بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی.

خەڵکی نەداری کوردستان بەر لە ١٦ ئۆکتۆبەریش بێ موچەو بێ خزمەتگوازری بوون، لەکاتێکدا ئابوری سەربەخۆ بوو، کۆنترۆلی بۆریە نەوتەکان و خاڵەسنوریەکان لەدەستی حزبەکانی دەسەڵاتدا بوو، نەوتیش رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیلی لێ دەفرۆشرا. تەنانەت ئەوکاتەش بودجە لە بەغداوە دەهات بۆ کوردستان جگە لە ماوەیەکی کورت، هەمیشە خەڵکی کوردستان هەر لەژیانێکی شایستەدا نەبوون و خزمەتگوزارییەکانیش، جیگای رەزامەندی و شایستەی خەڵکی کوردستان نەبوو…

چۆن هەلومەرجی سیاسی کوردستان و رۆژ بەرۆژ بەرەو دارمان و وێران بوون دەروات و ٣١ ئاب و ١٦ ئابەکان هەمیشە مۆتەکەی سەر سینەی خەڵکی کوردستانن، وەچۆن دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد هەمیشە ناسەقامگیرو شلۆق و بەرگەی ئاڵوگۆرو تەکانەکان ناگرێت. چۆن دەسەلاتی سیاسی و ئۆپۆزیسێۆنی لە چەشنی خۆی هەموو کایەکانی سیاسەتیان کردۆتە کایە بۆ دەوڵەمەندبوون و سەرمایەگوزاری و سیاسەتیان لە هونەرێک و رەهەنێکی ئاساییەوە گۆریوە بۆ تەڵەکەبازی و نۆکەرایەتی و بەتەواوەتی سوکیان کردووە، بەهەمان شێوەش کایەی دارایی و ئابوری کە چارەنوسی ئیستاو داهاتوی کۆمەڵگەو تاکەکانی کۆمەڵگەی پێوە بەندە، کردۆتە کاریکاتۆر و سەرچاوەیەک بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و دزینی داهاتەکانی ئیستا و داهاتووی خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو… بۆیە چارەسەر تەنهاو تەنها کۆتاییهێنانە بەو دەسەڵاتەو گێرانەوەی داهاتی دزراوی کۆمەڵگەیە بۆ خەزێنەی گشتی و بەدادگا کیشانی تاوانبارانی ٢٧ ساڵەی رابردووە… نەبەردی سەرەکی لەبەرامبەر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، هەر رۆژێک دواکەوتنی بەمانای رۆژێک زیاتر خراپتربوونی دۆخەکەیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.