ماڵەکەی شێخ حوسامەدین… نووسینی: کاوان قادر
ئێوارەیەکی کش و ماتە و پاسارییەکانی ئاوایی تاڤان لە ناوچەی قەرەداغ بەرەو هێلانەکانی خۆیان دەگەڕانەوە، دانیشتوانی ئاوایی دێکەیان چۆڵ کردبوو، له چاوەڕوانی ئەوەدا بوون هەرئێستا نا ئێستا جەیش وجاشەکان بدەن بەسەر ئاواییدا و فەرهودی بکەن، لەسەر بانیژەی یەکێک لەو ماڵە چۆڵانە هەر چاوێکمان کردوە به چوارو لەخشەی مارومێروو سڵمان ئەکردەوە..
لەدوور ڕا تراکتۆرێک دەرکەوت بەرەو ئاوایی دەهات، ئێمەش کە کومەڵێک پێشمەرگەی (حسک) بووین، لە کەمیندا چاوەڕوانی دوا هەناسەکانی ژیانی خۆمان دەکرد، کۆمەڵێکی دابڕاوی جێهێڵراو، بەبێ سەردەستە، مەسئولەکان هەر هەمان ئێوارە بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان بەدزی ئێمەوە بەجێیان هێشتبووین…
تراکتۆرەکە جار بە جارێ لەبەرچاومان وون ئەبوو، بەڵام تا دەهات دەنگی نزیکتر دەبۆوە، وەختێ گەیشتە دامێنی ئاوایی تەنها ژنێکی ڕەشپۆش وشۆفێرەکەی بەسەرەوە بوو، بەهەرچوار دەوری خۆیاندا دەیانڕوانی تا کەسێک پێشوازییان لێ بکات، سەرەتا کەس بەدەمیانەوە نەچوو، پاشان ئێمه یەک یەک و دوو دوو لە دەوریان خڕ بووینەوە، دڵنیابووین کە ڕێیان هەڵەکردوەو پێویستیان به هاوکاریە، ژنەی ڕەشپۆش کە دایکێکی چەماوە بوو پێوەی دیاربوو کە بەدبەختی ڕۆژگار ژیانی هاڕیوە، هەزاران چیرۆک لە چاوانیا دەخوێنرانەوە، تەپوتۆزی ڕێ ڕەنگی عەباو سەرپۆشەکەی گۆڕیبوو به خاکی، پرسیاری کرد: ــ ڕۆڵەکانم ئێوە پێشمەرگەن؟ منیش دوو کوڕم وەکو ئێوە پێشمەرگەن، بۆ سۆراغی ئەوان هاتووم..
وتمان دایە گیان وەرە جارێ کەمێک بحەوێرەوە ئەو کات بەدڵی خۆت قسەمان بۆ بکە بزانین تۆ کێیت و لە کوێوە هاتویت و چی هێناویتی بۆ ئێرە، کاتێک ماندوێتی ڕەویەوە هەر دەتوت بەسەر ئاگرەوەیە، بێئۆقرە، بێبڕانەوە دەیوت: بەقوربانتان بم کوڕەکانم یارمەتیم بدەن کوڕەکانی منتان نەدیوە؟ بەخوا بە هەتیوی بەخێوم کردوون، دوو کچیان بەسەرما بەجێهێشت، من و ئەو زەعیفانە لەوەتەی ئەوان ڕۆیشتوون بووین بە پۆڕی خوراو بەدەست موختاری گەرەکەوە… تادەهات لە قسەکردن و هەڵڕشتنی دەردەدڵ و بێچارەیی خۆی ڕانەئەوەستا.
ڕۆژ نەبوو بە کۆمەڵێک جاش و عەسکەرەوە نەیەنە سەرمان، بە بەهانەی ئەوەی کوڕەکانم فیرارن، بۆ چاوباشقاڵی و سەیر کردنی کچەکان دەهاتنە ماڵەوە، زۆریش ئەترسام شتێک لە کچەکان بکەن ناچاربووم کچەکانم بەرەو سولێمانی بەڕێکرد بۆلای خزمان، بۆ جاری داهاتوو کە هاتنە ماڵ و کچەکانیان نەبینی، زۆر سوکایەتیان پێکردم، منیش پێموتن ئەزانم کوڕەکانم لە کوێن، وتیان کەواتە وەرە پێشانمانکەوە سواربە لەو سەیارەیا، منیش نەمکرد بە نامەردی و هەتا بەردەمی ماڵی شێخ حسامەدین بردمن، کە باوکی جەلال تاڵەبانی بوو، وتم کوڕەکەی ئەم پیاوە کە ساحێبی ئەم ماڵەیە کوڕەکانمی بردوەو لەگەڵ ئەوانە، هەر ئەوەم پێوتن ئیمانیان لەکەلـلەیا نەما و شێت بوون، هەزار جنێوی سوک وسەلیمیان پێوتم، ئیتر بە تەمای ژیانی خۆم نەمام، جا ماڵەکەی شێخ حسامەدین هەرچواردەوری بە قوتکەی عەسکەری، ئەها ئەوانەی وەکو ڕەبایە وان، ئەوەی پێیانکردم بە هیچ کەس نەکراوە، دوایی بردیانم بۆ دەرەوەی شار، عەرزی کوڕی خۆم بکەم زۆر ئەترسام وامەزانی لەوێ ئەمکوژن و کەسیش جەنازەکەم نادۆزێتەوە، هەتا ئەودیوی سەیتەرەکە هێنایانم و، بەو شەوە تاریک وتنکۆکە ئەو بێغیرەتانە لەو چۆڵەوانیە لە سەیارەکە دایانبەزانم وفڕێیاندامە چۆڵەوانی یەکەوە، ئیتر دوایی خوای من و ئێوە کردی ئەم سایەق تراکتۆرە یاخوا ماڵەکەی ئاوەدان بێت، لەو چۆلەوانیە فریام کەوت، مەسەلەکەم تێگەیان و پێموت بەڵکو بمبەی بۆ ئەو دێیانە تا سۆراغێکی ئەو دوو کوڕم بکەم، ئێستاش توخوا ئەگەر کوڕەکانی منتان دیوە و ئەیانناسن بمبەن بۆ لایان..
کابرای تراکتۆرەکەش بۆی سەندەوەو “وتی کاتێ ئەم ئافرەتەم بەو بێ چارەییە لەو چۆڵەوانی یە بینی بەزەییم پیایا هاتەوە بۆسۆراغی کوڕەکانی ویستم یارمەتی بدەم، بەڵکو ئێوەش هەرچی ئەزانن وپێتان ئەکرێ هاوکاری بکەن خێرە…
کاتێک له ناوەکانیانمان پرسی، کەسێک نەبوو بەو ناوەوە کە بیناسین، وتمان دایە گیان هیچ کەسێک نییە بە ناوی خۆیەوە بێت هەموو ناوێکی موستەعاری بۆ خۆی داناوە، کەس نازانێ ناوەئەسڵییەکەی چییە، ئەگەر بچیتە هەر شوێنێک کەس بە ناو ناتوانێت کوڕەکانت بۆ بدۆزێتەوە، بە ڕای ئێمە وەزعی ئێرە زۆر خراپە وهەموو دێکانی ئەم ناوە لە ترسی جاش و عەسکەری چۆڵیان کردوە، ئێمەش کە لێرەین جێماوین و جێیان هێشتووین، باشترە تۆیش بچیتەوە بۆ سلێمانی وئاگاداری کچەکانت بیت، بەرەبەیان، ئەوەی لامانبوو لە خواردن لە پەڕۆیەکا بۆمان پێچایەوە و لەگەڵ تراکتۆرەکەیا هەر شەبەقی ئاواییەکەیان جێهێشت و ئێمەش بەدوای ئەواندا دێکەمان جێهێشت، بەرەو ئێران بەڕێکەوتین و لەوێ کەوتین بەسەر مۆڵگەی هەزاران چیرۆکی دڵتەزێن و ئاشبەتاڵ و بێئومێدیدا.
کاوان قادر
ئەم بەسەرهاتە بەشێکە لە چیرۆکی ژیانی هاوڕێیەکم کە لە کۆتایی ساڵەکانی ١٩٨٦ دا لەخۆی ڕویداوە، بە پێویستم زانی بەشێوەیەکی ئەدەبی بینوسمەوە لە هەمان کاتدا ئەو پەیامە بگەیەنم کە بەهەزاران ڕۆلەی ئەو میللەتە بەناوی کوردایەتییەوە لەسەر سیاسەت و پێشمەرگایەتی سەرو ماڵیان تیاچوو بێ خانەو لانەبوون ئەنفالی نوگرەسەلمان کران وماڵ وحاڵیان تەختی زەوی کرا، بەڵام بنەماڵەی مەسئولین و سەرۆک حزبەکان موعەزەز موکەڕڕەم لەلایەن بەعسەوە پارێزگارییان لێ دەکرا.