ترامپ چۆن گەڕایەوە کۆشکی سپی؟… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
ترەمپ جارێکی تر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکای بردەوە بووە بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا. لەم هەڵبژاردنەدا هەردوو دۆسیەی ناوخۆی و دەرەکی کە ترەمپ بەدەستیەوە گرت، توانی کامالا هاریس و دیموکراتەکان شکست بدات. پرسی ئابوری و خراپی ژیان و گوزەران یەکێک لە کیشە هەر بناغەیەکانی چینی کرێکار و هاوڵاتیانی ئەمریکا بوو، بەدەستەوە گرتنی ئەم دۆسیەیە لەلایەن ترەمپەوە، وەکو گەورەترین گرفتی ناوخۆیی، نەک هاوڵاتیانی ئەمریکای خۆشخەیاڵ کرد، هاوکات لە گرنگترین کیشەی کۆمەڵگەدا کامالا هاریس و دیموکراتەکانی خستە کەنارەوە… هەروەها پرسی دەرەکی و سیاسەتی ئەمریکا، دۆسیەیەکی تر بوو، کە زۆر زیاتر لە پێشوو توانی کاریگەری لەسەر رای گشتی ئەمریکا دروست بکات… ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی پیشوودا هاوڵاتیان بەپلەی یەکەم و یەکلاکەرەوە زۆتر چاویان لە کیشە ناوخۆییەکان و پرسی ئابوری و ژیان و گوزەران بوو، ئەمجارە پرسی دەرەکی جێگایەکی بەرجەستەتری لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا هەبوو…ئەم دەورەیە نەک دنیا گەواهی دەری شکستی یەک لەدوای ئەمریکا لە گۆشەو کەنارەکانی دنیادا بوو، بەڵکو پەنجەی ریسوایی و تاوانکاری لە ئاستی دنیادا رووی لە ئەمریکا و سیاسەتە شکستخواردووە دەرەکیەکەی بوو. هەردوو جەنگی ئۆکرانیا لە لایەک و جەنگ و داگیرکاری ئیسرائیل لە غەززە و کشانی بەرەو لوبنان… دوو سیە بوون کە راستەوخۆ کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان قورسایی دەکرد و گۆشەیەکی گەورە لە نمایش و کاردانەوەی ئەم جەنگە لەناوخۆی ئەمریکادا، بەتایبەتی لە بزوتنەوەی دژی شەردا، خۆی نمایش دەکرد… بەدەستەوە گرتنی فایلی کۆتاییهێنان بەجەنگ، کە لەژێر سایەی دیموکراتەکاندا گڕەکەی فراوانتر و لەدەست دەرچوو دەردەکەوت، توانی بەشیکی بەرین لە ئاراستە و بزوتنەوەی دژە شەر بخاتە پشتی خۆی و دیموکراتەکان و نەیارانی ترەمپ شکست بدات. دیموکراتەکان و چوار ساڵی رابردوو ژێر فەرمانرەوایی بایدن و هاریس، نەک هەوڵێک بەڵکو باسێک لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکراین نەبوو، لە جێگای ئەوە دنەدانی ناتۆ و باوەشین کردنی جەنگ بوو. لەبەرامبەر بە داگیرکاری و کوشتاری بێ وینەو جینۆسایدی فەلەسەتینیەکان دوبارە بایدن و دیموکراتەکان بە پاساوی” مافی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل” رەوایەتیان بەخشی بەو کوشتار و جینۆسایدە و لەچاوی رای گشتی دنیاوە، دیمکراسی بووە جەلادی ئینسانی ئەم سەردەمە لە گۆشەیەکی گرنگی دنیادا. بانگەواز و بانگەشەی ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بەو دوو جەنگە، کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر دەنگدەری ئەمریکی.
ئەو دوو دۆسیەیە “پرسی باشکردنی دۆخی ئابوری لەناوخۆ و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئاستی دەرەوەدا” لەناو دەیان فایلی کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا، ترەمپی کردەوە بە سەرۆک کۆمار و کۆمارییەکانی باڵادەست کرد. ئەوە کە ترەمپ تا چەندە دەتوانێت پابەندی بەڵینەکانی بێت یان توانای وەڵامدانەوەی بەو پرسانە هەبێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت، کە ئەم بانگەشانە توانی رای گشتی لە ئەمریکادا فریوبدات و دیموکراتەکان شکست بدات.
دیارە چ ئەزمەی ئابوری و لێکەوتەکانی لەسەر چینی کرێکار و جەماوەری بەش مەینەت و چ جەنگ و جەنگە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ و نیابەتییەکان، لە بنەرەتدا ریشەی لە نیزامی دیلهێنەری سەرمایەدارییدایە. تا ئەو کاتەش نیزامی سەرمایەداری بوونی هەبێت، هەم بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگە و بەرهەمهێنەرانی لەلایەکەوە رووبەرووی ستەمی ئابوری و نەبوونی و بیکاری دەبنەوەو لەلایەکی تریشەوە جەمسەری کەمایەتیەک کە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەم هێنانن، دەست لەهەموو داهات و سامانی مادی کۆمەڵگە گیر دەکەن… بۆ پاراستنی ئەم سامان و سەروەتەو بەرگرتن بە رێژەی روو لەخواری سود و دەچوون لە ئەزمە چارهەڵنەگرەکانی جەنگ بژاردەیەک و تایبەتمەندییەکی ئەم نیزامەیە. نە کۆمارییەکان و نە دیموکراتەکان و لە هیچ گۆشەیەکی ئەم هەسارەیەدا، نەک ناتوانن دەستبەرداری جەنگ ببن، بەڵکو جەنگ رێگایەک بۆ دەرچوون لە ئەزمە و قەرەبووکردنی قەیران بەدەستەوە دەگیرێت و بەپلەی یەکەمیش لێکەوتەکانی ئەزمە ئابورییەکان دەخەنە سەرشانی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگەوە. کەچی لە نائامادەیی و نا رێکخراوی چینی کرێکار و نائامادەیی حزبی چینی کریکار کە بەرژەوەندیەکانی ئەم چینە نوێنەرایەتی بکات، بەناچار و بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی دابەشی سەر باڵەکانی بۆرژوای دەبێت. ئەوەی کە جەماوەری سەدان ملیۆنی لە ئەمریکا و چین و روسیا و هیند و پاکستان و یابان و … تاد، لە نێوان ئەلتەرناتیفە خراپەکاندا، ناچارن ئەوەیان بکەنە بژاردە کە بەڵینی کەمترین ئاڵوگۆر لە ژیان و گوزەرانیان دەدات… بەر لەوەی قبوڵکردن و دان نان بەو بژاردە ناچاری و خراپانە بێت، بەرهەمی نەبوونی ئەڵتەرناتیفی واقعی و کارای خۆیەتی.
ترامپ و بایدن و دیمکرات و کۆماریەکان… سەرباری جیاوازییە روکەش و فریودەرانەکانیان و سەرباری دابەشکردنیان لەلایەن نووسەر و میدیا و ژۆرنالیزمی نۆکەرەوە بۆ دوو ئاراستە و نوینەرایەتی دوو هێڵی چەپ و راست، هەموویان کاریان نوێنەرایەتی چێنی بۆرژوازی و بەرگری لە پایەکانی نیزامی سەرمایەداریییە، چینی کریکار و بەشی پیشرەوی ئەم چینە گومانێکیان لەوە نییە، کە هەموو باڵ و لاباڵەکانی بۆرژوازی نوینەرایەتی بەرژەوەندییە سەراسەری و گشتیەکانی نیزامی سەرمایەداری دەکەن… بەڵام هیشتا بەپێی کار دابەشکردنێکی ناوخۆیی بۆرژوازی بانگەشەی ریفۆرم و باشکردنی ژیان و بەرگرتن بە جەنگ و شەرو شۆڕ… لەهەر بڕگەیەکدا بەدەستەوە دەگرن و لەو رێگایەوە ئەم نیزامە ئابدەیت دەکەنەوە تا تەمەنی نیزامەکەیان درێژتر و درێژتر و لەهەمان کاتدا مەترسی هەمیشەیی شۆرش، لە خۆیان دوربخەنەوە.
ترەمپ هەڵبژاردنی بردەوە، بەڵام نەک لەبەرامبەر بەچینی کرێکار و جەماوەری بێبەشدا، بەڵکو لەبەرامبەر دیموکراتەکان و کاندیداکەیاندا. چینی کریکار و جەماوەری بێبەشێش، کەنوینەری خۆیان نەبوو، بەپێی بەرژەوەندی خۆیان و دەنگیان دا بەو کاندیدەی بەڵینی ریفۆرم و باشکردنی ژیان و گوزەرانی و کۆتاییهێنان بە جەنگە خوێناویەکانی بەدەستەوە گرت.
جێ بەجێکردنی لانی کەمی ئەو بانگەشانەی ترامپی گێرایەوە کۆشکی سپی، پەیوەندی بە لە ئارادابوونی و ئامادەیی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری و بزوتنەوەی دژە شەڕەوە هەیە…