مەلا بەختیار دەیەوێت نەیارەکانی، بە هێزی میلیشا بترسێنێت! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

مەلا بەختیار دەیەوێت نەیارەکانی، بە هێزی میلیشا بترسێنێت!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

مەلا بەختیار بەرپرسی کارگێری مەکتەبی سیاسی پێشووی یەکێتی و دەم گەرمتر لەهەمووان لە دەربرینی دەستەواژەی دیموکراسی و مۆدیرنیزم و مەدەنیەت و مافی و مرۆڤ لە ناو نوخبەی سیاسی دەسەڵاتداری بزوتنەوەی کوردایەتیدا، لەدواین دیمانەیدا دانی نا بەراستیەکی پراکتیکراوی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی. مەلا بەختیار لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێگەی یەکێتی و هەڵبژاردنەکان، وتی”…یەک کورسی بێنین ئێمە یەکێتین، ١٠٠ کورسیش بێنین ئێمە یەکێتین” “…جومگە سەرەکیەکان بەدەست ئیمەوەیە، پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش، زانیاری،… هێزمان هەیە…” ئەو وەڵامەی مەلا بەختیار وەڵامێکی راستگۆیانەیە، لە دنیای واقعیدا بە کردەوە ئەوە نیشاندراوە و ئەزموون کراوە. ئەوەی تازەیە دانان نانە بەو راستیە لەسەروبەندی پێشوازی لە هەڵبژاردنەکاندا. مەلا بەختیار کە باش لەدۆخی حزبەکەی ئاگادارە، دەزانێت یەکێتی نیشتیمانی لە چ ئەزمەیەکی قوڵی ناوخۆیدا پەل و پۆ دەکوتێت و چۆن جەستەو تەلاری ریکخراوەیی پارچە پارچەبووەو بۆتە گاڵتەجار و هەر باڵ و لاباڵیکی بوونەتە خزمەتکار و نان خۆری هیزو لایەنیكی ناوخۆیی ناوچەیی. لەسەر ئاستی کوردستان و هیزە نەیارە میلیشیایەکەی پارتیدا، هاوسەنگی هێزی تا هاتووە بەرەوداکشان هاتووەو دێت. لە زۆنی سەوزی ژێر قەڵەمرەوی خۆیدا، تا دێت توانایی و هیزی بەرەو دارمان دەچێت و هاوبەشی زۆری بۆ پەیدا بووە و داوای بەشی دەسەڵات و داهات و پشکی لێدەکەن. لەسەر ئاستی جەماوەریدا کێرفی روو لەداکوژانە و بەشێکی هەرەزۆری جەماوەر و لایەنگرانی، لەدەستداوە و بوونەتە زەخیرەی حزب و هیزەکانی تر. لە ئاستی ناوچەییدا، رۆڵی چاودێرو سواڵکەر دەگێرێت. لە ئاستی نێونەتەوەی و کۆمەڵگەی دەوڵەتیدا، ژمارە حساب بۆکراوەکەی پێشوو نییە. ئەوەی شانازی پێوە دەکات هیزە میلیشیای و سەرکوتکەرەکانی و خۆهەڵواسینە بە خوێنی قوربانیانی رابردوویەوە… لەو بارەیەشەوە هەم هیزە میلیشیایەکەیان درزی تێکەوتووەو هەر باڵ و لاباڵیكی یەکێتی بەشی خۆیان لە میلیشیا بۆخۆیان جیاکردۆتەوە، هەم کەس و کاری قوربانیانیان، کە شانازی بە خوێنی رژاویانەوە دەکەن، پۆل پۆل سەنگەر دەگوازنەوەو لەیەکێتی دوور دەکەونەوە، ئەمە حاڵی یەکێتیە. مەلا بەختیار ناچارە نەیارەکانی لانی کەم لە زۆنی سەوزدا بە چەک و دەسەڵاتی میلیشیایی بترسێنێت، بەڵام ئەمە تەنها دیوێکی پەیامەکەی یەکێتی و مەلا بەختیارە، دیوی دووەمی ئەم پەیامە ترساندنی خەڵکی کوردستان و هەرەشەیە لە جەماوەری نارازی و تورەی کوردستان بەگشتی و جەماوەری زۆنی سەوز بەتایبەتی.

یەکێتی نیشتیمانی لەکاتێکدا لە گیانەڵادایە، هاوکات روبەرووی دوو پرسی سەرەکیشە، یەکەمیان کۆنگرەی حزبەکەیەتی، کە پێناچیت نەک کۆنگرەیەک دە کۆنگرەش بتوانێ دۆخی حزبێکی داوەشاوەی ئیرادەسڕکراو، فرۆشراو، گرێدراوی چەند… لایەنێکی ناوخۆیی دەرەکی، رزگار بکات.. یەکێتی چەندین باڵ و لاباڵی قورمیشکراوی دەستی عەبادی، قاسم سلێمانی، پارتیییە، کۆنگرە چۆن دەتوانیت بەرژەوەندیە جیاوازەکانی ئەو باڵانە، لە قەوارەیەکدا سازبداتەوە، کۆنگرە چۆن دەتوانێت رۆشتنی بە لیشاوی کادرو هەڵسوراوەکانی بەر پێبگرێت کە هەندیكیان بۆ ناو قەوارەی” دیموکراسی و دادپەروەری” دەچن و دەبنە هاودید!! ،هەندێک بۆ ناو پارتی و ژمارەیەکی یەکجار زۆریشیان سەرگەردان و بێ ئومید، لەهەموو ئەوانەش واوەتر یەکێتی هەڵگری هیچ ئەجندا و پرۆژەیەکی سیاسی رۆشنی خۆی نییە، نە لەسەر ئاستی ناوخۆی یەکێتی و نە لەسەرئاستی کورستان و عیراق و ناوچەکە… بۆیە بەستنی کۆنگرە ناتوانێ دەرمانی ئەو دەردەبکات، کە لە ئەرکی کۆنگرە قورستر و سەختر بووە… دووەم، یەکێتی لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی عیراق و کوردستاندایە، بۆ ئەم پرسەش یەکێتی بەو حاڵەی لەناوخۆی هەیەتی و بەو سازش و سازانەی باڵی تاڵەبانی لەگەڵ قاسم سلێمانی و عەبادی گرتیانەبەر و کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانیان، رادەستکردەوەو کردە ناوچەو شوێنی داگیرکراو، بەو داوەشاوەیەی لە ریزەکانیاندا پێکهاتووە، نەک ناتوانن حزبی شیاوی گەمەی هەڵبژاردنەکان بن، بەڵکو نائامادەترین رەوت و هیزی سیاسی بۆ ئەو هەڵبژاردنانە یەکێتی نیشتیمانییە… هەر بۆیەش پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن و هەوڵ دەدەن، کە هەڵبژاردنەکان بەتایبەت، هەڵبژاردنەکانی کوردستان دوابخرێت…

ئەو دانپیانانەی مەلابەختیار، کە ئەگەر یەکێتی یەک کورسیش بهێنین، کەس ناتوانێت چەکییان بکات، چونکە هێزیان هەیە… پێویستە لە دۆخی ئیستای یەکێتی نیشتیمانیدا لێ بروانرێت. یەکێتی هەرەشە دەکات. دیارە پیشتریش هیچ هەڵبژاردنێک لە کوردستان بەڕیوەنەچووە، کە خەڵکی کوردستان لە ئاکامەکەیدا، ترس لە شەرو بەیەکدادانی چەکداری جەستەی دانەگرتبێت، تا ئیستا هیچ هێزیکی سیاسی چەک بەدەست ئاکامی هەڵبژاردنەکانی بەخۆشی خۆی قبوڵ نەکردووە، بەتایبەت ئەگەر باڵانسی روو لەخوار بووبێت… لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەدا، یەکێتی قوربانیەکی ناو گەمەی هەڵبژاردنەکان دەبێت، نەک هەر لەکوردستان بەڵکو لە زۆن و یاریگای خۆیدا، ئەمە ئەو مۆتەکەیە کە هەموو باڵ لاباڵەکانی یەکێتی ناچار دەکات پێش وەختە هەرەشە و چاوسورکردنەوە بە چەک و بەمێژووی چەکداریان!! لە نەیارەکانیان و خەڵکی کوردستان بکەن.

ئەوەی مەلا بەختیار و قارەمانانی پشت بەستو بەهێزی چەکدار و قەڵەمرەی سیاسی و میژووی، لێی تیناگەن یان خۆیانی لێ لادەدەن، ئەوەیە، کە کەم نەبوون ئەو هیزی چەکدار و  دەوڵەت و وڵاتانەی، سەرباری هێزی زۆر زەوەندی چەکداری و خاوەنی جبەخانەی عەسکەری و دەزگای هەمەرەنگی جاسوسی و سەرکوتگەر و خاوەن سەرمایەی فراوان، بەڵام بەهاتنە مەیدانی جەماوەری و هیزی جەماوەری راماڵراون و رەوانەی میژوو کراون… یەکێتی لە زۆنی ژیر دەسەڵاتی خۆیدا رووبەرووە لەگەڵ نەفرەتێکی قوڵی جەماوەری، وە توانایی وەڵامدانەوەشی بە ویستەکانی خەڵکی نارازی نییە، ئایا مەلا بەختیار دەتوانێ پێمان بڵێت، بە هێزی چەکدار دەتوانێت تاسەر خۆی لە داخوازیەکانی خەڵکی بدزێتەوە و پاریزگاری لە حزبەکە بکات؟ بیگومان نا… یەکێتی و هەر هیزێکی سیاسی لە چەشنی خۆیان، چەندەش خاوەنی هیزی چەکدار بن، بەڵام بە سیڵاوی جەماوەری رادەماڵرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.