عەلی محەمەد ئەمین: لەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، کە زۆرێکیان لە لایەن حوکمڕانە دیکتاتۆرەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، هەڵبژاردن تەنها نمایشێکی ڕیاکارانەیەو بۆ ئارایشتکردنی سیستمی حوکمڕانی بەکاردەهێنرێ و بۆ خۆ سازاندنە لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری جیهانی… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووس عەلی محەمەد ئەمین سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی کوردستان و لێکەوتەکانی…
بۆپێشەوە: لە (٢٠) ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، چۆن دەڕواننە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەو ئاکامەکانی؟
عەلی محەمەد ئەمین: هەروەک ئێمەومانان پێشبینیمان دەکرد، لە زۆرکات و شوێنی تریش دا ئاماژەمان پێداوە، کە هەڵبژاردن لەم کات وساتەدا لە هەرێمی کوردستان دا بە پوختی و بێ گەندەڵکاری بەڕێوە ناچێت، لەبەر ئەوەی لایەنە سیاسییە باڵادەستەکانی کوردستان هەریەک لە لای خۆیەوە هەوڵی دەستێوەردان لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەدەن، تەنانەت ئەگەر بۆ ئەمەش پێویستیان بەلایەنی دەرەکی بێت هاریکاریان بکات، دیارە ئەو هاریکاریەش هەر بۆ باڵادەستبوونی ئەمانە نییە، بەڵکو ئەو دەوڵەتانەش بە دووی بەرژەوەندی خۆیان دا دەگەڕێن، بەتایبەت کە هەریەک لەم هێزانە مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لەخزمەت بەو دەوڵەتانەدا، و بەپێی بەرژەوەندی ئەوان دەجوڵێنەوە… سەبارەت بە دیزاین و دابەشکردنی پێشوەختەی دەنگەکانیش زۆر باس لەوە دەکرێت کە تورکیاو ئێران دەستیان لەو گەندەڵکاریەدا هەبووە، بەڕای من هەر یەک لەم لایەنانە ئەگەر ئەمەش نەکرایە بە هەڵبژاردنێک ڕازی نەدەبوون کە دەرنەچن و بەشی شێری دەنگەکانیان پێ نەبڕێ، خۆ ئەگەر کەمیشیان بهێنایە ئەوابە ئەنجامەکان ڕازی نەدەبوون و بە ئاسانی دەستیان لەو جێ و مەقامە سیاسی و ئابورییە هەڵنەدەگرت، کە ساڵەهای ساڵە قۆرغیانکردووە…
بۆپێشەوە: تابەر لە هەڵبژاردنەکان سەرجەم لایەنە سیاسیە بەشدارەکان بانگەوازی خەڵکیان دەکردو بەڵێنیان بە خەڵک دەدا، کە ڕێگەی ساختەکاری بەستراوەو کەس ناتوانێت ساختەکاری بکات، بەڵام لەگەڵ دەرچوونی ئاکامە بەراییەکان، هەموو ئەو لایەنانەی دەنگی کەمیان هێناوە، دەڵێن ساختەکاری کراوەو جیهازەکان هاک کراون، دەنگی خۆیان بۆ هەژمار نەکراوە، لایەنی دەرەکی دەسکاری ئاکامەکانی کردووە، دیزاینی پێشوەختە کراوەو … تاد لەو بارەیەوە دەڵێن چی ؟
عەلی محەمەد ئەمین: لەڕاستیدا لە کاتێک دا بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن دراو بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی کرد تا ڕادەیەیەک ئەم دوو هێزە بەرچاوڕوون بوون لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان و دڵنیابوون لەوەی کە ژمارەیەکی زیاد لە دەنگیان مسۆگەرە، بەڵام نەک هەر ئەم دوو لایەنە، ئەوانی دیکەش، بەتایبەت ئەوانەشی کە خۆ بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، هەندێکیان غافڵگیربوون لە دەستێوەردانی دەرەکی و بەتایبەتتر لە هەژموونی یەکێتی و پارتی، هەندێکیشیان پێیان وابوو دەتوانن دەنگێکی زۆری ناڕازی و سەرشەقام بەلای خۆیان دا بهێنن، بەڕای من، ئەگەرچی دەشێ هەندێ خەڵکییش بە درووشمی باق و بریق و بانگەشەی چەواشەکار فریوی خواردبێ، بەڵام دەنگی زیاد و کەم لەنێو ئەم لایەنانەدا خۆیان دابەش بوو، ئەبێ ئەوەش بڵێین سەرەڕای ئەو هات وهاوارەش کەدەکرا بۆ پاک و پوختی هەڵبژاردنەکەو یاساو ڕێساکانی و کۆمسیۆنی بێ لایەن و… تاد ڕێژەی بایکۆت ودەنگ نەدان و سوتاندنی دەنگەکانیش کەم نەبوو…
بۆپێشەوە: ئێستا هەڵبژاردن تەواو بوو، ئەم هەڵبژاردنە چ گۆڕانکارییەک بەسەر دۆخی سیاسی کوردستان و ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارو جەماوەری بەشمەینەت دەهێنێ؟
عەلی محەمەد ئەمین: هەڵبژاردن لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دا، بەتایبەت لە وڵاتە هەرە دیموکراتەکان دا ، کە هەردەم بانگەشەی مافی مرۆڤ و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان دەکەن ، گۆڕانکاری بەرچاوو کاریگەر لە ژیان و گوزەرانی خەڵک دا بە گشتی بەدی ناهێنن، چوونکە ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردن دەبن و کاندیدەکانیان دەخەنە ڕوو، دەسڕۆشتوون لەڕووی سیاسی ئابوریەوە، ئەم کاندیدانەش لەسەرەوە دائەنرێن و هەر چوارساڵ جارێک بە دەم و چاوی دیکە دەگۆڕێن و تا ئەو ماوەیە تەواو دەبێ هەرچی بکەن و نەیکەن، ناهێنرێنە خوارەوەو لێپیچینەوەیان لێ ناکرێ و لەسەر پێشێلکاری مافەکانی هاوڵاتیان و گەندەڵکاری سزایان نادرێ، هەروەها دەستورو یاساو ڕێسایەک هەیە کە نابێ و ناکرێ ئەو پەرلەمنتارو دەسەڵاتە بەحساب هەڵبژێردراوانە لێی دەرچن و بڕیارو کارەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندی سیستمی حوکمڕانی دا پێچەوانە بێت…
ئەمە لەم وڵاتانەدا، لەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، کە زۆرێکیان لە لایەن حوکمڕانە دیکتاتۆرەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، هەڵبژاردن تەنها نمایشێکی ڕیاکارانەیەو بۆ ئارایشتکردنی سیستمی حوکمڕانی بەکاردەهێنرێ و بۆ خۆ سازاندنە لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری جیهانی و هەوڵدانە بۆ فریودان و لەخشتەبردنی خەڵک، بەوەی کە دەسەڵاتداران پابەندن بە سەرەتاکانی مافی مرۆڤ و دیموکراتی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، کە لە ڕاستی دا ئەگەر دەم و چاوەکانیش بگۆڕدرێن هەمان سیاسەتی حوکمڕانی بەڕێوە دەچێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی سەرمایەداران و خاوەن میلیشیاو هێزە چەکدارەکان و تەنانەت هێزو لایەنە ئیقلیمیەکانی ناوچەکە…
نەخێر، بەم شێوازو ڕێگایە لەباری ئێستادا ئەم گۆڕانکاریانە بەدی نایەت، کە نان و کارو ئازادی بۆ ئینسانەکان فەراهەم بکات و یەکسانی لەنێوان ژن و پیاوو نەتەوەکان دا بەدی بهێنێت، چونکە وەک هەموو لایەکیش دەزانین، کە بەرنامەی کاری ئەم هێزە باڵادەستانە ڕۆشنەو لە ماوەی زیاتر لە (٣٠) ساڵ دا، جگە لە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیان و قەڵەمڕەوی خۆسەپێنەریان لە کوردستان دا و قۆرغکردنی بازاڕو هەموو جومگە سەرەکییەکانی ژیان و گوزەران، کارێکیان نەکردووە، کە پێشبینی داهاتوویەکی ڕۆشنیان لێ بکرێ و ئەمە جگە لەوەی کە ئەمانە هەر یەکەیان پابەندی ئەم و ئەو دەوڵەتی کۆنەپەرست و دیکتاتۆری ناوچەکەن…
ئەگەر هەندێک چاوەڕوانی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەو سیستمی دارایی و داهاتیان لێ دەکا و پێیانوایە دەستور دەنووسنەوە و خۆیان دەکەنە ژمارە لەسیستمی سیاسی و ئابوری جیهانی دا، بەڕای من ئەم هێزانەی کوردستان نەخۆیان ئەوانەیان دەوێ، نەهێزو لایەنە دەرەکیەکانیش ڕێگایان پێ ئەدەن قەوارەیەکی سیاسی خاوەن دەستورو یاساو ڕێسا و سوپای یەکگرتوو پێکبهێنن، چونکە هەموان لەم بازاڕە شێواوەدا بەتەنگ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیانەوەن، نەبەرژەوەندی گەل و بەتایبەت خەڵکی بەشمەینەت و بێ دەرەتان، گریمان لەژێر هەندێ فشاریش دا ئەگەر وایان کرد، ئەوا لەکاتی تەنگانەیان دا خۆیان دەستورو یاساو ڕێسا پێشێل دەکەن و هێزی پێشمەگەو کوردستان لەیەکتری دەترازێنن.
لەلایەکی تریشەوە لە نێو ئەم لایەنانەی تریش دا کە بەشداربوون ئۆپۆزسیۆنێکی خاوەن بەرنامەی جدی و ڕۆشن و بەهێزو جێگای هیوا نییە کە چاوەڕێی گۆڕانی بارودۆخەکەی لێ بکرێ، کە لە خزمەتی خەڵکی ستەمدیدەو زۆرلێکراوان دابێت.
بۆ پێشەوە: ئەگەر هەڵبژاردن ناتوانێت ببێتە مایەی گۆڕانکاری و ڕێگایەک بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، چینی کرێکارو جەماوەری بێ بەش دەبێ چ ڕێگایەک بۆ گۆڕانکاری و ژیانێکی باشتر لە موچەو خزمەتگوزاریەکانەوە بۆ ماف و ئازادیەکان بگرنەبەر؟
عەلی محەمەد ئەمین: پێش هەموو شتێک دەبێ خەڵکی کوردستان چین و توێژە ستەملێکراوەکان فریوی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ڕێی هەڵبژاردنەوە نەخۆن لەبەر زۆرێک لەو هۆکارانەی کە ئاماژەمان پێداو دیسانەوە متمانەی خۆیان نەدەنە دەسەڵاتدارانێک کە نەک جارێ، دەیان جار تاقیان کردووەتەوە و ئەوەی لێیان بینراوە تەنها دەسبەسەراگرتنی داهات و سەروەت و سامانی کوردستان و شەڕو برسێتی و نەهامەتی یە، خەڵکی کوردستان، بەمامۆستاو موچەخۆرو و کرێکارو جوتیارو لاوانی بێکارو دانەمەزراوو تەنانەت زۆرێک لەوانەشی کە لەنێو ئەم حیزب و لایەنانەدا ڕیزبەستوون، نابێ ئەو ساڵ و ڕۆژانەیان لەبیر بچێتەوە کەدەنگی ناڕەزایەتیان بەستەم و ستەمکاری کپ دەکراو جگە لە تانەو تەشەر، ڕووبەڕوی ترس و تۆقاندن دەبوونەوە. دەبێ ئەم خەڵکە بەرینە مکوڕ و جدی بن لەسەر درێژەدان بە ناڕەزایەتیەکانیان بەرامبەر بەو ستەمانەی لێیان دەکرێ و هەوڵبدەن بەدوای بەرنامەو داواکاری ڕۆشن دا ڕێ بکەن و بەهەر شێوازێ بۆیان دەکرێ خۆیان ڕێکبخەن و یەکگرتووبن وبۆ پشتگیری ئەم لایەن یا ئەو لایەن بەرژەوەندی خۆیان بکەنە سەنگی مەحەک و فریوی هیچ گفت و پەیمان و بانگەشەی چەواشەکارانە نەخۆن…
بۆپێشەوە: هێزولایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان ئەم جارەش بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، ئایا بایکۆتکردن بە قازانجی چەپ و کۆمۆنیستەکانە، ناکرێت چەپ و کۆمۆنیستەکانیش بەشداری هەڵبژاردن بکەن هەروەک بەلشەفیەکان بەشداریان کردووە؟
عەلی محەمەد ئەمین: بەڕای من سەرەڕای پێناسەی گشتی هەڵبژاردن و سەرەڕای ئەو توانا سنوردارەی کەپەرلەمان لەم وڵاتانەدا هەیانە، بەشداری کردن یا نەکردن دەبێ بەپێی بارودۆخی دیاریکراوبێت، لایەنی گۆڕانخوازی ڕاستەقینەو جدی، چەپ و کۆمۆنیستەکان سوێند ناخۆن لە هەر ئان و زەمینەیەک دا هەڵبژاردن هەبوو بەشداری نەکەن، دیارە دەبێ تاووتوێی بارودۆخی هەڵبژاردن و چۆنێتی پرۆسەکەو توانای هێزە نەیارەکان و توانای خۆیان و بارودۆخی نێودەوڵەتی و … تاد بکەن، ئەو کات بڕیاری خۆبدەن بەشداربن یان نا، لە کوردستانی خۆشمان دا کە ساڵانێکە دوولایەنی سەرەکی قۆرغی هەموو جومگە سەرەکییەکانی ژیان و گوزەرانیان کردووە و خاوەن هێزو دەسەڵاتن و هەردوو بەدوای بەرژەوەندی حیزبی تاکڕەوانەی خۆیانەوەن و لەناو ئۆپۆزسیۆنیش دا، هێزێکی وانییە کە پێشبینی گۆڕانکاری دڵخوازی لێ بکرێ، هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانیش وەک پێویست نەیان توانیوە ڕابەڕایەتی ناڕەزایەتی بەرفراوانی خەڵک بکەن و خۆبە هێزو ڕێکخراوو یەکگرتووبکەن و، لەڕووی پشتیوانی نێودەوڵەتیشەوە نەیارەکانیان بەهرەمەندن لە پشتیوانی بەردەوام، جێگای نیگەرانیشە کە هوشیاری هەمەلایەنەی خەڵکیش، تەنانەت خەڵکی ناڕازیش لەو ڕادەیەدا نییە کە فریوی دروشمی باق و بریقی نەتەوەیی لایەنە دەسەڵاتدارەکان و حیزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان نەخۆن، لە هەل و مەرجێکی وادا ئەگەر بەشداریش بکەن سەرکەوتنێکی کاریگەر بەدەست ناهێنن و تەنانەت ئەگەر تاک و تەرایەکیشیان بچێتە پەرلەمان ناتوانێت بە قازانجی خەڵکی ستەملێکراو کاریگەریەکی بەرچاو دانێت، بگرە خۆی و هێزەکەشی ڕووبەڕوی بێ متمانەیی دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بارودۆخەکان بەو شێوە نەبوو یا پێچەوانەبوو، لانی کەم ئەم هێزانەی کە ئاماژەمان پێدا، هەریەک یا وەک بەرەیەکی بەهێزو یەکگرتوو، ئەوا دەشێ بەشداری پرۆسەکە بکەن و پەرلەمان وەک سەکۆیەک بۆ ڕووبەڕوی سیاسەتی نەیارەکانیان بەکاربهێنن یان هەندێ داواکاری خەڵکی ستەملکراو بەمەبەستی جێبەجێکردن بسەپێنن، بەو مەرجەی پشت نەکەنە شێوازەکانی تری خەبات و بەڕەنگاری، بەتایبەت ناڕەزایەتیەکانی شەقام پەراوێز نەخەن …