نیشتیمانێک … هۆنراوەی بەندی عەلی

0

نیشتمانێك،

چیتر نەبێت لە گۆڕستان

بۆ بەهاری گەنجەکانی ..

بەیداخەکەی چیتر نەبێت

لە کفنێکی ڕەنگاو ڕەنگ بۆ

جەستەی تەزیو …

بێ شك دیارە،

قارەمانەکانی دوێنێی

نێو چیرۆکە کۆنەکانی ..

چیتر نین لە هەندێ داهۆڵ،

لە هەندێ شێرە بەفرینەی

قوماربازی گێلی بەزیو.. !

……………………………………..

ئەودەمەی کە ژیان پەنجەی

هەڕەشە بە خوێنی گەشی

گوڵاڵە سوورە هەڵدەبڕێت ..

ئەودەمەی ئاغا تەوێڵی

بێ خەمیی بە دۆلار دەسڕێت ..

ئەودەمەی دڕکی زار، گوڵی

ئادابی گفتوگۆ دەدڕێت ..

لەنوکتەی خۆش و بەجۆشی

ئەکتەرە کۆمیدیەکانا  ..

ترسێ بە تونێلی دڵما

دێت و دەچێ و دەبڕێ سنوور ..

( تراویلکەی شەڕێکی کەی

بەدی ناوخۆ .. دیارە لەدوور)

Leave A Reply

Your email address will not be published.