کێشەی مووچە بەهۆی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەی پارتی و یەکێتی بەردەوامە لە کوردستان!… رێبوار ياسين فتاح
نزیك دە ساڵە هیچ ساڵێک تێنپەڕیووە و مووچەیەک یان دوو مووچە یان سێ مووچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە نەدزرابێت. ئەمساڵیش سەرباری وەعدەو بەڵێنی چەند لایەنێکی عێراقی، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم دوودڵن لەوەی مووچەکانیان بە تەواوی وەربگرن.
ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی رابردوو مووچەخۆرانی هەرێم دوودڵن لەوەی حکومەتی کاربەرێکەر بەهانە بۆ دابەشنەکردنی مووچەکانى کۆتایی ساڵ بهێنێتەوە، بەتایبەتی دواى ئەوەی ساڵی رابردوو سێ موچەی دابەش نەکرد و خۆشی نەکرد بە خاوەنى.
لە ٣٣ ساڵی رابردوودا، حکومەتی کوردایەتیەکەی پارتی و یەکێتی ١٦ مووچەیان نەداوە و ٤٤ مووچەشیان بە پاشەکەوت و لێبڕینەوە دابەشکردووە، بەتایبەتی کۆتایی ساڵەکانیان هەمیشە بەناڕێکی دابەشکردووە.
ساڵی رابردووش یەکێک بوو لەو ساڵانەی حکومەتی کاربەرێکەر سێ مووچەی کۆتایی ساڵەکەی دابەش نەکرد، بەمانایەکی دیکە لە ١٣ مانگی رابردوودا حکومەتی کاربەرێکەر تەنها نۆ موچەی دابەشکردووە بەو پارانەی کە بەغداوە دەنێردرێت. ئەمساڵیش بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمەوە بە رادەستکردنی نیوەی داهاتى ناوخۆ و پاککردنەوەى لیستى مووچە، تا ئێستا مانگی ١١یە مووچەی مانگی دە نەدراوە. ئەمانە بەردەوامن، خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران بەردەوام لە دڵەڕاوکێدا دەبن، لەبەرئەوەی بازاڕی کاسبکاری خەڵکی کوردستانیش بەبوونی مووچەوە وەستاوە. ئەگەر مووچە نەبوو، فروشیاری بازاڕیش کاریان دەوەستێت.
ئەو دڵە راوکێیەی مووچەخۆران بەهۆی ئەوەیە، بەتایبەتی دەوترێت هەرێم پشکى خۆی لە بودجەی ٢٠٢٤ وەرگرتووە و داواى پارەی زیاتر دەکات و ئامادە نییە لە داهاتى ناوخۆ کورتهێنانەکەی پڕبکاتەوە. بەوەش ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێت، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو حکومەتی کاربەرێکەر خۆی لەبەرپرسیاریەتیەکەی دەدزێتەوە.
لەکاتێکدا کە مووچەخۆران مووچەیان نادرێت، بەڵام هەردوو حزبی بنەماڵەو سەرکۆکەکان و لێپرسراوان و خێزانەکانیان لەژیانی شاهانەدا دەژین و بۆ رۆژێک بێپارە نەبوون، بۆ رۆژێک خواردنێکی خراپیان نەخواردوەو بۆ رۆژێک بێ ئاو و کارەباو گاز نەبوون. لەکاتێکدا زۆربەی خەڵك و مووچەخۆران لەم پێداویستیە رۆژانەییە بێبەشن.
ئەمەیە کۆمەڵگایەکی ناعەدالەت و نایەکسان لە ژێر دەسەڵاتی دوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانی و یەکێتیدا!