ژنێ بە تەنافی تەمەنەوە ماندو …؟
ژنێ لەبۆتەی ژیندا شەکەت
ژنێ بەتەنافی تەمەنەوە ماندو
ژنێ لە سنوری یاساکانی بوندا کۆیلە
ژنێ بەتاری کەمانێکەوە ئاوازێکی غەمگین
ژنێ لەبەردەم شەختەی پیاو سالاریدا یەخسیر
ژنێ بەتاڵی ئاوازی گۆرانیەکەوە
سەد بزەو سەد خەندەی شیرین
ژنێ لەبەردەم دەنگی تەنیایدا ترسناک
بەخەمی یەخسیرێ ئەچێ
کراسی بارگرانی
نەتوانێ لەبەر داماڵێ
ئەوساتانەی ژنێ ئەگری
سەد بەستە ئەمرێ
مەقامە خەم بارەکان
گەرویان پڕ ئەبێ لەژان
درەختی ژوانەکان
لە بەردەم لێوارێکی ترسناکدا کزۆڵە
پاداشتی خەمی ژنێ
بێ لەمشتێ زێڕی ژەنگاویی و
چەند دڵۆپە فرمێسکێکی پەشیمانی
ئەبێ چیتر بێت ..؟
ژنێ بەمامەڵەی نیکاح دیل و
بەگرێ بەستی پێشەکی و پاشەکی
گەمەی کۆیلەی ئازاد
ژن بێ لەدەزگای زاوزێی منداڵ بون
زیاتر نییە
لە ڕوانگەی دەقە ئاڵۆزەکاندا
ژنێ لەسێبەری هەنگاوەکانی ئەودا
لەسێبەری جەنگ ئەچێ
سەد پرسیار بکە سەد وەڵامت بەمێ
چ سەیرە … ئەی ژن
ئەگەر لەپشت ڕازی بونی ئەو نەبی
خودا هەرگیز مژدەی چونە بەهەشتی نابێ
بخەنە ئەی ژن
خوداش بۆتۆ لە بۆسەدا
کێرد بەدەستە
لە هیچ وێستگەیەک جێت نییە
هەمو بەڵێنەکان بۆ پیاو .. و
تۆش بۆ خۆش گوزەرانیت
ئەبێ ملکەچی هەموو وێستگەکان بیت
هۆنراوەی: سەلام سەعید