هەژماری من و تەوتین موچەی کارمەندانی کوردستان لە قوڕگی پارتی و یەکێتیدایە! نووسینی: رێبوار ياسين فتاح

0

خەڵکی کوردستان بەتایبەتی هەژاران و کەمدەرامەتی کۆمەڵگە، کە زۆربەی زۆر خەڵکی کوردستانن، ژیان و گوزەرانیان گیری خواردووە بەدەست سیاسەت و سەکوت و کوشتن باری ئابووری خراپ، بەدەست حزبەکانی دەسەڵاتداری کوردایەتی کە پارتی و یەکێتیەوە دەستیان گرتووە بەسەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردستان. ئەم دوو حزبە دەسەڵاتەدارە کە ئەوە بۆ ٣٤ ساڵ دەچێت وەک کەمایەتیەکی کۆمەڵگە، وەک دوو هێزی ملیشیاو کۆنەپەرست و دزو مافیا، هیچ شێوەیەک نەماوە کە دەستی بۆ نەبەن لەسەرکوت و برسیکردن و هەژارکردنی خەڵکی کوردستاندا.

لێرەدا بەتایبەتی من دێمە سەر ئابووری کۆمەڵگەی کوردستان، کە موڵکی خەڵکی کوردستانە. بەڵام لەلایەن ئەم دوو خێزانە میلیشیا سەرکوت و مافیایەوە چۆن دەست بەسەردا گیراوە. هیچ شێوەیەک نەماوە پەنای بۆنەبەن بۆئەوەی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگە برسی بکەن، لە نەدانی موچە، پاشەکەوت، چارەکە موچە، تا دواکەوتنی موچە کە زۆر جار لە کوردستان مانگ دەبێتە ٦٠ رۆژ یان ٩٠ رۆژ. واتە ئێستا ١١ی نۆڤەمبەرە هێشتا موچەی مانگی ئۆکتۆبەر (واتە مانگی ١٠) نەدراوە.

جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدرێت تا هاوڵاتیان چەواشە نەکرێن. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کە کار بە سیستەمی بانکیی دەکرێت، هەموو مووچەخۆرێک مانگانە لە وادەی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەکەی بۆ دەکرێتە سەر هەژمارە بانکییەکە. ئەمە لەگەڵ ئەوەی مانگانە مووچەخۆران مووچەکانیان زامنە و بەبێ کێشە وەری دەگرن، رێگریکردنە لە سپیکردنەوە و بەتاڵانبردنی پارەی وڵاتیش. بەڵام پڕۆژەکەی مەسرور بارزانی کە من پێی دەڵێم پڕۆژەی هەژماری پڕکردنی گیرفانی خۆیان، نەک پڕۆژەی هەژماری من! تاکە ئامانجی پڕکردنی گیرفانی چەند بەرپرسێکە لە رێگەی چەند بانکێکەوە کە هەر خۆیان خاوەندارییەتی دەکەن.

دزیو فڕوفێڵی ئەمانە ئێستا چۆتە مەیدانێکی ترەوە، ئەویش ئەوەیە کە موچەی کارمەندان و کرێکاران لەرێگای هەژماری منەوە بدرێت یان تەوتین. هەژماری من بانکێکە کە خاوەنەکەی بنەماڵەی بەرزانین، کە بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن دەستی بەسەردا بگرن و چەندیان بوێت لێی ببڕن و یان پارە بدەن یان نەیدەن. لەولاوە، تەوتینیش بانکی حکومەتی مەرکەزیە کە یەکێتی لە دژایەتی پارتیدا وەک کارەکانی تریان و دەستگرتنی هێزەکانی جەیش شەعبی و هێنانەوەی بۆ کوردستان خۆشخزمەتی بۆ حکومەتی مەرکەزی وەک حکومەتێکی قەومی عەرەبی و دەسەڵاتی میلیشیایی ئیسلامی شیعی کۆنەپەرست، دەیانەوێت خەڵکی کوردستان تەسلیمی ئەوان بکەنەوە کە لە یەکێتی و پارتی کۆنەپەرسترو دواکەوتوترو سەرکوت ترو میلیشیاترن کە خەڵکی هەژاری عێراقیان دوچاری نەبوونی و نەداری و هەژاری و برسێتی و سەرکوت کردووە.

رێگای کارمەندانی خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی کە کار دەکەن و لەکاتی خۆیاندا دەبێت موچەی خۆیان وەرگرت، دەبێت هوشیار بن، دەبێت خۆیان رێکخراو بکەن و ناڕەزایەتی دەببڕن و چیتر ئەوە قبوڵ نەکەن و دەنگیان بگەیەننە هەموو جیهان.

 

١١ی ١١ی ٢٠٢٤

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.