ساڵیک بەسەر داگیرکاری و جەنگی ئیسرائیل و سیناریۆی دواتر… عەبدوڵا مەحمود

0

حەوتی ئۆکتۆبەر ساڵێک بەسەر جەنگ و داگیرکاری خولی نوێ دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی فەلەستین و غەززە تێپەڕی. لەماوەی ئەم ساڵەدا گۆرانکارییەکی گەورە روویدا، گۆرانکارییەکە کە هەم جێگاو رێگای دەوڵەتی ئیسرائیل و هەم جێگاو رێگای پرسی فەلەستینی گۆڕی، جیا لەوانە چەندین دەهاویشتەو لێکەوتەی لە ئاستی دنیاو ناوچەکە بەدوای خۆیدا هێنا.

دوای کردەوەی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ حەماس و هاوکارەکانی بۆسەر ئیسرائیل، لەبەرامبەر هیرش و داگیرکاری بەردەوام و دەرکردنی فەلەستینیەکان و لەجێگایدا نیشتەجێکردنی ئیسرائیلیەکان و سەرکوت و کوشتاری بەردەوامی فەلەستینیەکان، دەوڵەتی ئیسرائیل دەستی برد بۆ هێرشێکی بەرین و فراوان بۆسەر فەلەستینیەکان و بەتایبەتیش بۆسەر غەززە. حکومەتی راسترەوی نەتانیاهۆ ئامانجەکانی هێرشەکەی راگەیاند کە لە بەینبردنی حەماس لە ماوەیەکی کورتدا، گێرانەوەو ئازادکردنی بارمتەکان، دورخستنەوەی مەترسی ئەمنی بۆسەر ئیسرائیل…تاد. دەوڵەتی ئیسرائیل لەو راستایەدا دەستی دایە هێرش و ملهورییەکی گەورەی بێ وێنە لەمیژووی رابردوو وە میژووی هاوچەرخی ئینسانی ئەم سەردەمەدا.

دەوڵەتی ئیسرائیل لە راستای بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەیدا، نەک تەنها حەماس و سەرانی رەوتە ئیسلامیەکان، بەڵکو تەواوی خەڵکی فەلەستن و بەتایبەتی خەڵکی غەززەی کردە نیشانە و لەوەش زیاتر رۆژنامەنووسان، کارمەندانی یوئین، کەمپەکانی پەنابەران، خەستەخانەو و قوتابخانەکان و تەواوی ژێرخانی ئابوری فەلەستینیەکانی بەسەریەکدا تێک روخاند و خزمەتگوزاریییەکانی وەکو، ئاو و کارەبا و سوتەمەنی، لە بەین برد و تەنانەت سەرەی خۆراکی خەڵکی برسی و بۆمباباران کرد و بەم شێوەیە دەوڵەتی ئیسرائیل، نەک شەر لەگەڵ حەماس، بەڵکو بەکردەوە جەنگێکی هەمەلایەنەی لەگەڵ هەموو زیندەوەرەکانی ئەم جوغرافیایە و فەلەستینیەکان دەست پێکرد، کە لە ئاکامدا زیاتر لە ٤٠ هەزار ئینسان کە زوربەی هەرە زۆریان ژن و مناڵ و خەڵکی بێتاوانن بوونە قوربانی… لەم هیرشە بێ وینە وەحشیانەیەدا، دیموکراسی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانی لە پێشیانەوە ئەمریکاو غەرب، هاوکاری بەکردەوەی ئەم وێرانکاری و کوشتارە ئینسانییە بوون لە ژێر ناوی” مافی بەرگری لەخۆ کردنی ئیسرائیل”، یەکان… بەم جۆرە داگیرکاری و کوشتار و وێرانکارییەکی گەورەیان ناو نا “مافی بەرگری لە خۆکردنی ئیسرائیلیەکان”.

لەماوەی ئەم ساڵە لە داگیرکاری و جەنگ و کوشتاردا، دەوڵەتی ئیسرائیل بەهیچ کام لە ئامانجەکانی نەگەیشت. نە جەنگ لەماوەیەکی کورتدا تەواو بوو نە حەماسی ئیسلامی کۆتایی هات و نە بارمتەکان ئازاد کران و نە ئاسایشی ئیسرائیلیەکان زامن کرا. بەپێچەوانەوە، دۆزو پرسی فەلەستین هاتەوە سەر میزی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و رای گشتی دنیا، نزیک بوونەوە و رەوەندی پرسی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نیون ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کە چەندین دەهەبوو کاری لەسەر دەکرا توشی راوەستان و بن بەست بوو. دەوڵەتی ئیسرائیل وەکو “دەوڵەتی هەیبەت” و “قەڵای ئەمریکا” لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، هەیبەت و شکۆی!! تیك شکا و لە ئاستی جیهانیدا ئیسرائیل تەریک کەوتەوە. خودی نەتانیاهۆ وەکو تاوانباری جەنگ خرایە لیستی تۆمەتبارانی جەنگەوە، نارەزایەتی ناوخۆی بەرووی سیاسەتی دریژە دان بەجەنگی نەتانیاهۆ لە هەڵکشاندایە. خودی دیموکراسی و وڵاتانی ئەمریکا و غەرب، بە پشتیوانی و هاوکاریان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و داگیرکاری و ئەو جینۆسایدەی ئەنجامی دەدات، کەوتنە بەرامبەر بە نارەزایەتی گەورەی کۆمەڵایەتی لە ئاستی جیهانیدا و جاریکی تر ئەلگۆ و فۆرمەکانی وەستانەوەی جەماوەری بەدژی داگیرکاری ڤێتنام، بەروویاندا، هاتەوە مەیدان. زیاتر لەوانە ئامانجی دەوڵەتی ئیسرائیل لەوەی بتوانێت ئیران و را بکێشیتە ناو جەنگیكی راستەوخۆ و رووبەروو لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا، بەجێگایەک نەگەیشت.

بڕیار بوو جەنگ ڕیگایەک بێت بۆسەرکەوتن لەپێناو ئامانجە سیاسییەکاندا، کەچی ساڵێک تێپەڕی و باڵادەستی سەربازی و توانایی تەکنۆلۆژی ئیسرائیل و داگیرکاریەکانی نەیتوانی ئامانجە راگەیەنراوەکانی و ویستە سیاسیەکانی بەدی بهێنێت، لیرەوەیە دەتوانین بلێین، جەنگ و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل نەک سەرکەتوو نەبووە، بەڵکو شکست خواردووە.

ئەم دۆخە بەناچاری خەریکە ئیسرائیل دەخاتە سەر کەڵکەڵەی دیمەنی دووەم و سیناریۆی تازە. سیناریۆی راکیشانی دەوڵەتی لوبنان بۆ ناو جەنگ و  تێوەگلاندنی زیاتری ئێران بەشیوەیەکی بەرجەستەتر و راستەوخۆ. گواستنەوەی جەنگ بۆ ناو لوبنان بەهۆی حزب اللەو کوشتنی سەرکردەکانی و کوشتنی هەنیە لە تاران و بەردەوامی هیرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر سوریا و… گۆشە بەگۆشەی دیمەنی تازەی جەنگن، لە دۆخێکی تازەدا…  دۆخێک کە ئیسرائیل دەیەوێت پێی ئەمریکا زیاتر بهێنێتە ناو ململانێیەکی راستەخۆ لەگەل ئیران، بەڵام کۆسپەکانی بەردەم وەها ئامانجێک کە ئیسرائیل هەیەتی زۆر گەورەترە، لە ویستەکانی. لەلایەکەوە لوبنان نایەوێت ببێتە بەشیک لەلایەنی جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل. حزب اللە بەوێنەی هیزێکی نا دەوڵەتی بکەرێکی دیفاکتۆ لەناو دەوڵەتی لوبناندا، بەمانای جەنگ لەنیوان لوبنان و ئیسرائیلدا نییە. لەلایەکی ترەوە دەوڵەتی ئیسرائیلیش دەزانێت جەنگ لەدژی لوبنان راگەیاندن و واوەتر لە حزب اللە، کارێکی نەکردەیە لە ئیستادا و رووبەرووی کاردانەوەی وڵاتانی تری دنیا بەتایبەتی ئەوروپا دەبێتەوە. راکیشانی ئیرانیش بۆ جەنگێکی راستەوخۆ، ریسی زۆر بەرژەوەندی گەورەتری بۆرژوازی بەتایبەتی ئەمریکاو غەرب لەناوچەکەدا دەکاتەوە بە خوری، بەتایبەتی ئەوە بۆ ئەمریکا کارێکی دوورە دەستە و ئەمریکا نایەوێت ئەزموونی شکستخواردوی خۆی لە روخاندنی رژێمی عێراق و دەستێوەردانی ناکام لە سوریا و لیبیادا، دوبارە بکاتەوە، کە لەجێگای ئەوەی پیگەی ئەمریکا لە ئاستی ناوچەکەو دنیا بەهێز و باڵادەستی بکات، بووە هۆی شکانی هەیمەنە ناکامی و تا ئیستاش خەریکە باجەکەی دەدات.

ئامانجی ئێران بەجیا لەبەردەوامی پشتیوانی و هاوکاری هێزە نیابەتیەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە، بەپلەی یەکەم دەست راگەیشتنە بە چەکی ناوەکی و لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و غەربدا، بۆیە پیویستی بە بە دریژەدان بە گفتوگۆ و کات کڕینە، تا لەو رێگایەوە، ئەو ئامانجەی بەدەست بهێنێت و ببێتە هیزیکی ئەتۆمی لەناوچەکەدا. دەست راگەیشتنی ئیران بە چەکی ناوکی (هەندێک سەرچاوەی هەواڵ ئاماژە بەوە دەدەن، کە دەستی پێی گەیشتووە یان زۆر نزیکە لەدەست پیگەیشتنی) دەتوانێت چەند بەرابەری هیزە نیابەتیەکانی لە ناوچەکەدا پیگەی ئیران بباتە سەرەوە و وەکو قوتبێکی ناوچەیی خۆی بنوێنێت و رووبەرووی ئیسرائیل بوەستێتەوە. ئیران بەدەست راگەیشتنی بەچەکی ئەتۆمی، بەجیا لەوەی هێز دەبەخشیت بە هێزە نیابەتیەکانی، باڵانسی هیز زۆر بەسودی ئیران دەگۆرێت. بۆ ئیسرائیلیش گەورەترین مەترسی دەست راگەیشتنی ئیرانە بە چەکی ئەتۆمی و بۆیە دەیەوێت بەر لەوەی ئیران شەیپوری دەست راگەیشتن بەچەکی ناوکی لێ بدات، پەلکیشی ناو جەنگی بکات و گوزر لە تواناییە بەدەست هاتوەکانی تا ئیستای ئیران لە زەمینەی دەست راگەیشتن بەچەکی ئەتۆمی، بدات و پەکی بخات. 

بۆیە ئیران سەرباری توندبوونەوەی کەشی جەنگی لەناوچەکەو توندبووونەوەی ململانیی لەگەڵ ئیسرائیل و ئاڵوگۆی موشەکی کۆنترۆڵکراو بۆسەر یەکتری، هێشتا زۆر دوورە لەوەی جەنگی راستەوخۆ لە نێوانیاندا رووبدات، کە لەحاڵەتی رودانیدا، تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست، دەگۆرێت بۆ کوانویەکی جەنگی درێژ مەودای کۆنترۆڵ نەکراو و ئەمریکاو غەربیش ئامادەی وەها جەنگێک نین. بۆ ئەمریکا رام کردنی بەشیک لە هیزە نیابەتیەکانی ئیران و لاوازکردنیان و دەست سوککردنی ئیران لە پشتیوانی و هیزبەخشین پێیان، ویستێکی بەردەوامی کۆشکی سپییە لە ئیستادا و ئیرانیش تا لە ئاستێکی سنورداردا ئەو ئامادەییەی هەیە، لەبەرامبەر نەرمی نواندنی ئەمریکا و غەربدا. نابێت ئەوەش نادیدە بگرین کە خودی ئەم دۆخەی ئیستا لە ئاستی دنیا و ناوچەکە لە جەنگ و پشیوی سیاسی کە هەیە، وەکو لاوازی ئەمریکا و تەنانەت وەکو لایەنێکی سەرەکی ئەم دۆخە تۆمەتبار دەکرێت.

جەنگ و داگیرکاری یەک ساڵەی ئیسرائیل و بەرین بوونەوەی تارمایی جەنگ لە ئاستێکی بەرینتردا، نیشانەی ناکامی ئیسرایل لەدەست راگەیشتن بە ئامانجەکانیدایە. دەوڵەتی ئیسرائیل دوای ساڵیک لە جەنگ و داگیرکاری و کوشتار و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئیران وەکو سەرچاوەو هۆکاری سەرەکی جەنگی ئیستا لەناوچەکە نیشان بدات و  پەلکیشی ناو جەنگیکی بکات، کە لەپاڵ راوەستانی خۆیدا، ئەمریکا لەپاڵ خۆی لەدژی ئیران ببینێت، لە بەرامبەردا ئەمریکا نە ئامادەی جەنگێکی ترە لەناوچەکەو نە لەتواناییدایە ئاییندەی شەڕێکی رام نەکراو بخاتە دەستورەوە. ئیسرائیل بۆ دەرچوون لەو دۆخەی تێی کەوتووە، ناچارە نەفەسی جەنگ و داگیرکاری دریژە پێبدات، بەڵام ئەمەش روو بەرووە لەگەڵ بزوتنەوەیەکی جەماوەری ملیۆنی، لە ئاستی دنیا و تەنانەت لەناوخۆی ئیسرائیلدا.

  

Leave A Reply

Your email address will not be published.