بۆیە پێت ئەڵێم خاڵە تا چۆلەکەم بۆ بگری…

0

کە لە 18/7/2024 دا ترامپ بەڕەسمی بوو بە کاندیدی حیزبی کۆمارییەکان، ئیلان ماسک بلوێنێری ئەمریکا جریوانی (تویتی کرد) و وتی من تا کاتی هەڵبژاردن مانگانە 45 ملیۆن دۆلار ئەبەخشم بە کەمپینی هەڵبژاردنەوەی ترامپ. بزنزمان پارە نادات ئەگەر نەزانێ دەقات قازانجی لێ ئەکات. ئیلان ماسک کە ئەم پارەیە ئەدات چاوەڕوانی هەیە کە لە ئەنجامی کەمکردنەوەی زیاتری باج و گۆڕینی یاساکان و کەمکردنەوەی مەرجەکان، دە قاتی ئەو کۆمەکەی کردوویەتی بۆی بگەڕێتەوە.

ترامپ لە دەورەی سەرۆکایەتی یەکەمیدا لە دیسەمبەری 2017 دا باجی سەر دەوڵەمەندەکانی لە 35٪ ەوە دابەزاند بۆ 21٪‏. ئەمە لە کاتێکدا کە قڵشتی چینایەتی لە لوتکەدا بوو وە دەوڵەمەندەکان ھیچ پێویستیان بەو کەمکردنەوەی باجە نەبوو. بایدن ھەوڵی دا کە تەنھا نیوەی ئەوەی ترامپ دایشکاندبوو بۆ بلوێنەرەکان زیاد بکاتەوە و لە 21% ەوە بیکات بە 28% بەڵام حیزبی کۆماریەکان لە دژی وەستانەوە و نەیتوانی لە سەنێتدا دەنگ بهێنێ.

ترامپ خۆی پارێزەری بەرژەوەندی ھاوچینە دەوڵەمەندەکانێتی، وە بۆ ئەوەی چینی کرێکایش خۆشخەیاڵ کا و ڕایکێشی بەلای خۆیدا و دەنگی پێ بدەن (جەی دی ڤانس) یان هەڵبژارد بەجێگری، کە لە خێزانێکی هەژارەوە هاتووە و دایکی قوربانی خواردنەوەی کحول و مادەی هۆشبەر بووە. جەی دی ڤانس لە 2016 دا بەدوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەیدا بە ناوی

Hillbilly Elegy

بەناوبانگ بوو کە لەسەر قەیرانی خێزانەکەی بوو، وە لە 2020 یشدا کتێبەکەی کرا بە فیلمی سینەمایی.

کۆماریەکان و دیموکراتەکان، دوو دیوی یەک دراون و ھیچیان نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکاری ئەمریکا ناکەن. ھەڵبژاردنەوەی ترامپ ھەر وەک شەڕی ئۆکرانیا و ملھوڕییەکانی ئیسرائیل و نەتانیاھۆ، ڕەنگدانەوەی ئەزمە قوڵەکانی ناوخۆی ئەمریکایە کە خۆی لە فراوانی بێوێنەی قڵشتی چینایەتی و ڕۆچوونی ئیقتیسادەکەیدا دەردەخات، وە ھەر بەوەی نکولی لێ ئەکەن و باسی ناکەن لە ھەڵبژاردنەکانیاندا، ئەزمە قوڵەکانی ئەمریکا، نە ون ئەبێت وە نە چارەسەر ئەبێت. بەڵام ئەم جارەش توانیان کێشە بچوک و لاوەکیەکان زۆر گەورەبکەنەوە و دەنگدەرانی پێوە سەرگەرم بکەن و خۆیان نەدەن لە قەرەی باسکردنی کێشە سەرەکییەکانی چینی کرێکار و ئەو کۆمەڵگەیە کە تادێت ژیان تیایدا سەختتر ئەبێت بۆ زۆرینەی دانیشتوان.

عامر سابیر

9/11/2024

Leave A Reply

Your email address will not be published.