سێ پرسیار و سێ وەڵام….نووسینی: توانا حەمەنوری

0

پرسیاری یەکەم: موڵکی تایبەت و موڵکی شەخسی چیین و جیاوازییان چییە؟

وەڵام: موڵکی تایبەت بە شێوەیەکی سەرەکی ئاماژەیە بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (زەوی، کارگە، کەرەستەی خاو و هتد) کە لە ئێستادا خاوەندارێتییان لەلایەن کەم کەسەوەیە و ماندووبوونی زۆرێک دەقۆزنەوە. بەڵام موڵکی شەخسی ئاماژەیە بۆ کەلوپەلی شەخسی، ئەو شتانەی کە خاوەندارێتی دەکەیت و بەکاری دەهێنیت وەک خانووەکەت، لاپتۆپەکەت، تەلەفزیونەکەت و جلەکانت و هتد. خاوەندارێتی شەخسی بۆ قازانج نییە لە کاتێکدا خاوەندارێتی تایبەت بۆ قازانجە. بۆ نمونە کەسێک خانوویەکی هەیە کە خۆی و خێزانەکەی تێیدا نیشتەجێن بەمە دەڵێین موڵکی شەخسی، بەڵام ئەگەر ئەو کەسە خاوەنی خانوویەکی تر بێت و خانووی دووەم بۆ قازانج بەکاربهێنێت، ئەوا دەبێتە موڵکی تایبەت.  کۆمۆنیستەکان جیاوازی لە نێوان موڵکی تایبەت و موڵکی شەخسیدا دەکەن.

سەرمایەداران و ئەوانەشی لەسەر پاشماوەی ئەم چینە دەژین دەڵێن کۆمۆنیزم موڵکیەتی شەخسی هەڵدوەشێنێتەوە بەڵام ئەمە درۆیەکی شاخدارە؛ کاتێک کۆمۆنیستەکان دەڵێن موڵکی تایبەت، مەبەستیان لە هێڵی ئاسن و کارگە و بەندەر و شتەکانی ترە کە قازانج بۆ کەسێک یان گروپێک دروست دەکات. موڵکی شەخسی ماڵەکەت و تەلەفزیۆنەکەت و ئۆتۆمبێلەکەت و شتی تر کە خۆت خاوەندارێتی دەکەیت.  کۆمۆنیستەکان دەیانەوێت مۆڵکی تایبەت هەڵبوەشێننەوە بەڵام موڵکی شەخسی نا. 

 

 

پرسیاری دووەم: شورای کرێکاران چییە و چۆن هاتۆتە ئاراوە؟
وەڵام: شورای کرێکاری جۆرێکە لە ڕێکخستنی سیاسی چینی کرێکار کە بۆ یەکەمین جار لە شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ١٩٠٥، لەسەر دەستپێشخەری کرێکارانی شاری پترۆگراد پێکهێنرا و بەخێرایی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ڕووسییان گرتەوە. پاشان ڕۆڵێکی گەورە و یەکلاکەرەوەی لە شۆڕشەکانی شوبات و ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە ڕووسیادا بینی. لە شۆڕشی ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٩١٨-١٩١٩ و هەروەها لە شۆڕشی هەنگاریا لە ساڵانی ١٩١٨-١٩٢٠، شورا وەک ئۆرگانێکی گرتنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن کرێکارانەوە هاتە مەیدانەوە.

پرسیاری سێیەم: ڕێکخراوێکی سیاسی چینی کرێکار چ جۆرە ڕێکخراوێکە؟
وەڵام: واتە جۆری ڕێکخستنی سیاسی چینی کرێکار کە تێیدا دەسەڵاتی سیاسی یان بە شێوەیەکی فراوانتر حوکمڕانی ئەم چینە بەدی دێت. شورا کرێکارییەکان ڕێکخراوە سیاسییەکانی چینی کرێکارن و پرسی سەرەکیشیان لەتکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ماشێنی دەوڵەتی چینی چەوسێنەرە و مومارەسەکردنی دەسەڵاتی سیاسیی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە دوای ڕووخانی چینە چەوسێنەرەکان و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاران، ئەمەش مانای دیموکراسی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان. شورای کرێکاران فۆرم و ڕێکخستنی دیموکراسی کرێکارییە و لە فۆرمەکانی تری دیموکراسی وەک دیموکراسی پەرلەمانی جیا دەکرێتەوە. دیموکراسی پرۆلیتاری یان دیموکراسی شورای فراوانترین جۆری دیموکراسییە، کە نەک هەر لە ڕووی ناوەڕۆکەوە لە جۆرەکانی تری دیموکراسی فراوانتر و قووڵترە، بەڵکو تاکە دیموکراسییە کە کرێکاران و زەحمەتکێشان دەتوانن بە کردەوە و بە کردەیی کاروباری حکومەت و گشتی بەڕێوەببەن.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.