خەونی بچووکی منداڵە کرێکارێ نووسینی: نەجم محەمەد
بەیانی زوو کە کرێکارەکە لەخەو هەستا، خۆر هێشتا لەخەو هەڵ نەستابوو، سەیریکی مناڵەکەی کرد کە نوقمی خەوێکی قوڵ بوو کەمێک ڕاماو دڵی پڕبوو وقسەکەی شەوی بیرکەوتەوە کە بەڵێنی بەمنداڵەکەی دابوو بەیانی کە کاری دەست کەوت بەکرێ ی کارەکەی جل وبەرگێکی جوانی بۆبکڕێت.
بەرگی شڕی کارەکەی پۆشی و لەماڵە کرێچیە هەژارانە ساردوسڕەکەی هاتەدەر بەپێ بەرەو مەیدانی کاری شار کەوتە ڕێ بەئومێدی ئەوەی کەکاری دەست کەوێت وخەونی گەورەی منداڵەکەی کەلەڕاستیدا خەونێکی سەرەتایی وبچووکە بهێنێتە دی.
بەئومێدەوە چووە مەیدانی کاری شار، ڕاستر بڵێم مەیدانی کاری دڵ بەردینی شار مەیدانێک پڕ لەئینسانی زەحمەتکێش و هەژار، مەیدانێک پڕلە لەخەون وئازاری ڕەنگاو ڕەنگ پڕ لە ڕەنجی قورسی بۆخۆ نەبوو، مەیدانێک هەناسەو بزەکان تیایدا قڵیشاون وەک دەستی قڵیشاوی کرێکاران. مەیدانی کاری شار مەیدانێک کەتیایدا گوێت لەهاڕەی ڕۆحی کرێکارانە لەپێناو پەیداکردنێ نانێکدا مەیدانێک ڕێک هەنگاوێکی ماوە بۆ دۆزەخ. مەیدانێک هەم ڕەمزی هێزو بنیاتنانە هەمیش ڕەمزی دەردو ڕەنج ونەهامەتێ یە .
مەیدانەکە کرێکارێکی زۆری لێ بوو کە لەچاوەڕوانی کاردا بوون لەوێ ئەمیش چاوەڕوانی کرد تا کەسێک بێت وهێزی کاری ئەمڕۆی لێ بکڕێ و بیباتە سەر کار، کات واتێپەڕ دەبێ و نزیک بە نیوەڕۆ دەبێتەوە. ئەم هێشتا کاری دەست نەکەوتووە، وردە وردە ئومێدی نامێنێت کەئەمڕۆ کاری دەست کەوێت، لەناخی خۆیدا دەڵێ چ وەڵامێکی منداڵەکەم بەمەوە، چۆن قەناعەتی پێ بکەم کەکارم دەست نەکەوتووە!؟
لەم بیرکردنەوانەدا دەبێ کرێکارێکی هاوڕێی لە تەنیشتیەوە کاری دەست دەکەوێت، کەسێک دێت وا خەریکە دەیبات بۆکار ئەمیش لەکرێکارە هاوڕیکەی نزیک دەبێتەوەو پێی دەڵێ هەرچیت کردووە ئەم کارەی ئەمڕۆت بدە بەمن بامن لەجێی تۆ بچم بۆکار، زۆر زەروورم بە کرێی ئەم کارە حەزدەکەی لەبری ئەوە من چەند ڕۆژێکی کارکردنم دەدەمە تۆ گەر کارم پێدرا.
کرێکارە هاوڕێکەی دەستێکی خستە سەرشانی و گووتی دەبێ بم بەخشی باوەڕ بکە لەتۆ زەرورترم بەم کارەی ئەمڕۆ، چونکە بەڵێنم داوە بەخێزان ومناڵەکانم بەیانی بیانبەم بۆسەیران، دەمێکە بەڵێنم پێداون دەبێ دڵت هیچ نەکا بم بەخشە کەناتوانم کارەکەی ئەمڕۆت بدەمێ، ئەمیش زانی ئەویش هاودەردو هاوچارەنووسییەتی قەناعەتی کرد وگوتی نائاساییە .
لەدڵی خۆیدا وتی کەمێکی تر چاوەڕێ دەکەم بەڵکو هەر کارم دەست کەوێت کات بەخێرای ڕۆی نیوەڕۆش تێپەڕی بەڵام ئەم کاری دەست نەکەوت تەواو بی ئومێد بوو بڕیاریدا بگەڕێتەوە ماڵەوە. هەنگاوەکانی نا بەرەوماڵەوە لەڕێگەدا هەرلەبیری ئەوەدابوو چی بەمناڵەکەی بڵێت ئەم کرێکارێکی هوشیار بوو بەدەست نەکەوتنی کار زۆر توڕەو بێزار بوو بەدەم ڕێوە چەندین جار نەفرەتی کرد لە نیزامی سەرمایەداری و بەخۆی دەگوت هەموو نەهامەتی وبێمافی وبێبەش بوونەکانمان لەخۆشیەکانی ژیان سەرچاوەکەی ئەو نیزامە دزێوەیە کەجیهانێکی پڕ ستەم و نابەرابەری بۆمرۆڤەکان دروست کردووە، ئەی ئەوە نییە مناڵەکەی من حەزی لەبەرگێکی جوانە کەچی ناتوانم بۆی بکڕم ودڵە بچکۆلانەکەی خۆش بکەم. ئەی ئەوە نییە ژیانیکی مەمرەمەژی دەژین ئاه وهەناسەیەکی هەڵکێشاو بەخۆی گووت ناچارم ڕاستیەکە بەمناڵەکەم بڵێم. گەیشتە ماڵەوە ولەبەردەم تەنکی یە ئاوە بچووکەکەی حەوشە دانیشت ودەستیکرد بە دەست شتن و لەوکاتەیا کەخەریک بوو دەم وچاوی بشوات منداڵەکەی بەهەڵەداوان هاتە بەردەمی و پێی گوت بابە بۆ دەست دەشۆی خۆ هیچ خواردنێکمان نییە؟ کە گوێی لەم قسانە بوو پرمەی گریانێک لەقوڕگیدا دروست بوو خەمەکەی بوو بەدوو خەم بۆئەوەی مناڵەکەی هەست نەکات کەدەگری دەستی کرد بەدەم وچاوشتن و پرمەو گریانەکەی و هەژاریەکەی بەئاوەکە لەمناڵەکەی شاردەوە لەدڵی خۆیدا گوتی ئای هەژاری دونیایە بەدبەختیتیت لەگەڵ خۆتا هێناوە بۆمان ئینجا بەبزەیەکی شیرینەوە بەمنداڵەکەی گووت ڕۆڵەگیان دەست شتن کارێکی تەندروستیە و پێویستە. خۆ نابێ هەر بۆ نانخواردن دەستمان بشۆین منداڵەکە سەرێکی ڕەزامەندی لەقاند وئینجا گوتی ئەی بابە کارت دەست کەوت ئەمڕۆ بەرگەکەم بۆدەکڕێ؟ ئەم پرسیارە وەڵامدانەوەی زۆر سەخت بوو بۆ باوکە کرێکارەکە، پاش تۆزێ وەستان و ڕامان دەستی هێنا بەسەری مناڵەکەیدا و بەدەنگێکی هێمن و پڕ خەمباریەوە گوتی ڕۆڵە گیان بەداخەوە کارم دەست نەکەوت، بەڵام بەڵێنێکەو داومە بەتۆ هەر ئەو بەرگە بۆ تۆ دەکڕم.
منداڵەکە پێی ناخۆش بوو کە باوکی کاری دەست نەکەوتووە بۆیە بەباوکی گوت قەیناکا بابە گیان من پەلەم نییە هەر کات کارت دەسکەوت ئەوکات بەرگەکەم بۆبکڕە. باوکە کرێکارەکە دیسان قوڵپی گریانێک بین و هەناوی پێگرت بۆیە ئەم جارە خۆی پێنەگیرا بە گریانەوە باوەشی کرد بەمناڵەکەیدا چەندجارێ گوتی بەقوربانی ڕۆڵەکەی خۆم بم، ئەم وەڵامەی مناڵەکەی وەک بارانێ کێڵگەی دڵ ودەروونی ئاودا پاش بێدەنگیەکی کەم منداڵەکە بەباوکی گوت بابە بۆ تۆ کرێکاری دەکەی، بۆ باوکی هاوڕێکانم کەسیان کرێکاری ناکەن؟ ئەم پرسیارە وەڵام دانەوەی زۆر قورس وئاڵۆزە بۆ باوکە کرێکارەکە هەربۆیە بەزمانێکی سادە وەڵامی مناڵەکەی دایە وگوتی ڕۆڵەگیان من ناچارم کرێکاری بکەم، چونکە هیچ کارێکی تر نازانم، تەنها شتێک شکبەرن هێزی دەست وبیروبازوومە هەمبێ کە بە کرێیەکی کەم بیفرۆشم تا بتواننم بژێوی خێزانەکەمانی پێ دابین بکەم. زۆر کەسی تریش هەیە وەک من کرێکارە ئیتر ڕۆڵە ئەمەیە پێی دەڵێن جیاوازی چینایەتی. ئێمەی کرێکار هەموو شتێک بونیاتدەنێن کەچی خۆمان خاوەنی هیچ شتێ نین، هەموو ڕەنجی ئێمە بۆ سەرمایەدارانە ڕۆڵە گیان جارێ تۆمناڵی زۆرت ماوە بۆئەوەی لەوە بگەی بۆمن کرێکارم.