بۆچی هەرێمی کوردستان پێویستی بە مارکسیزمە؟… نووسینی: نیوار عومەر
هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەباتێکی درێژخایەنی گەلی کوردە، کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دامەزراندنی عێڕاق و دروستبوونی هەستی نیشتیمان پەروەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد. ئەم خەباتە درێژخایەنەی گەلی کورد لە ڕێگەی کۆمەڵێ حزبەوە کراو، بەشێکیان لەناوچوون و بەشێکیان نوێبوونەوەیان بەخۆیانەوە دیوە بە پێی کات، تاکە شتێک کە ئەم حزبانە لەسەری کۆکبووبێتن ڕەوایەتی دۆزی کورد بووە، هۆکاری هەبوونی ئەم حزبانە ویستی ئازادی گەلی کورد بووە نەک ویستی سەرکردە و تاکە کەسەکان ناو حزبەکان، هۆکاری فرەییان بابەتی ترە کە لێرە گرنگ نییە بۆمان.
ئەو هۆکارانەی بناغەی ئەم ویستە بوون، بە گشتی بەرهەمی سیاسەتی ڕژێمە داگیرکەرەکان بووە، کە سەنتەری سیاسەتییان نەتەوەپەرستی بووە بەرامبەر نەتەوە جیاوازەکان، ئەمەیە هۆکاری باوبوونی کوردایەتی و ئەمەبوو دژیەکی سەرەکی کۆمەڵگای کوردەواری.
لە ئێستادا و دوای دامەزراندنی هەرێمی کوردستان و ئازادی نەتەوەی کورد لەم هەرێمە، زۆرینەی گەلی کورد و کەمە نەتەوەکانی تری دانیشتووی هەرێم ڕووبەڕووی کێشەیەکی تربوونەتەوە، کێشەی ئابووری.
بە گشتی کێشەکان بریتین لە (گەندەڵی، دزی، پەرەدان بە کەرتی تایبەت و پشتگوێخستنی کەرتی گشتی، نەبوونی تاعینات، برەو نەدان بە کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆ …هتد)، هۆکاری ئەم کێشانەش بە گشتی ئەگەڕێنرێتەوە بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان (شۆڕشگێڕەکانی سەدەی ڕابردوو) لە هەرێم، چونکە زۆرینەی دانیشتووی هەرێم (کرێکاران، جوتیاران، فەرمانبەران) تەنها زەرەر لەم کێشانە دەکەن بە پێچەوانەوە ئەوان (دەسەڵاتداران) قازانجی خەیاڵی دەکەن. بەڵام لە ڕاستییدا ئەم کێشانە جیهانین و تایبەت نین بە هەرێمی کوردستان، بۆیە ناکرێ کێشەکە تەنها دەسەڵاتدارەکان بێت، دیارە کێشەکان زۆر لەوان گەورەترن.
ئەم کێشانەش ئەگەڕێنەوە بۆ سیاسەتی نیۆلیبرالیزم (دوور کەوتنەوە لە کەرتی گشتی و دەستێوەردانی حوکمەت لە کەرتی تایبەت) و سیاسەتی دەوڵە ئیمپریالیستییە جیهانییەکان، کە هەمیشە قازانج ئامانجی سەرەکی بڕیارەکانیانە، هەمیشە لە پێشتر دانانی قازانجی تاک و وەلانانی خێڕی گشتی کاری لە پێشینەیانە. ئەم سیفەتانەش بەشێکی نەبڕاوەی سروشتی سیستەمێکی ئابوورییە، ئەویش سیستەمی سەرمایەدارییە، کەواتە دەسەڵاتدارانی ئێمە هەڵگری کۆمەڵێ سیاسەتی نێودەوڵەتی پەیوەست بە سیستەمێکی ئابووری دیاریکراون و کێشەکان سیستەمەکەیە نەک خودی حزبەکان، بە واتایەکی تر بە گۆڕینی دەسەڵاتدار هیچ شتێک چاکنابێ و تاکە چارەسەر گۆڕینی سیستەمەکەیە.
کەواتە گەر سەنتەری سیاسەتی حزبی بەعسی عێڕاقی بەرامبەر گەلی کورد نەتەوەپەرستی بووبێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەنتەری سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم سەرمایەدارییە.
چارەسەر چییە؟ چارەسەر حزبێکی پێشڕەوی چینی چەوساوانە لە هەرێمی کوردستان کە لە سەرچاوەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان تێبگات و بزانێ کە تاکە ڕێگا بۆ چارەسەری کێشەکان، بنەبڕکردنی سیستەمی سەرمایەدارییە، نەک گۆڕینی حزبە دەسەڵاتدارەکان. حزبێک کە سەنتەری سیاسەتی خزمەتی چەوساوان بێت نەک قازانجی کەمینەیەک، حزبێک کە بزانێ کەرتی گشتی و کەرتی کشتوکاڵ کۆڵەکەی کۆمەڵگایە.
ئەم حزبە، پێویستە حزبێکی سۆشیالیست و کۆمۆنیست، لەمەش گرنگ تر مارکسیست بێت، چونکە تەنها مارکسیزم و مارکسیستان لە چارەسەری عەمەلی و علمی کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و جیهان تێدەگەن، چونکە تەنها مارکسیستەکانن لە کرۆکی سیستەمی سەرمایەداری تێدەگەن و دەزانن چ بۆگەنییەکی لێدێ.لێرەشدا لەسەرمانە قسەکەی کاڕڵ مارکس دووبارەبکەینەوە:
کرێکارانی جیهان یەکگرن، ئێوە هیچتان نییە لە دەستی بدەن جگە لە زنجیرەکانی دەستان!