سینەما بۆ هەڵەبجە فیلمی (١٩٨٨)

0

ئەو پڕۆژە هونەرییانەی کە بە نەفەسی ختوکەدانی هەستی کوردبوون یان سۆزێکی بارگاویی بە خەمخۆرییەکی ڕووکەش بۆ قەزیەی نەتەوەیی کورد دەست بە کار دەکەن، دەگمەن کات ڕێک دەکەوێت بتوانن ببنە بەرهەمی هونەریی باش. ژاپۆن کاری گەورەی سینەمایی بۆ (هیرۆشیما و ناکازاکی) دروست ناکات، نە لەبەر ئەوەی کە “کارەساتەکە هێندە گەورەیە سینەما ناتوانێ بیگێڕێتەوە”، کە وەک هۆکاری ئەو سیاسەتەی ژاپۆن لێکدەدرێتەوە، بەڵکو ژاپۆن دەزانێت کە سینەمای قەزیە لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێت ٢ شت بکات: ١- بە جیهان بڵێت کە ئێمە ئەم ڕووداوانەمان بەسەر هاتووە (کە هیچ سوودێکی مەنتقی و پراگماتیکی بۆ قەزیەکە نییە)، ٢- بزواندنی هەست و سۆزی گەلی خۆت. هیچ کام لەمانە پاڵنەری هونەریی نین. دەکرێ پاڵنەر بن بۆ ئاکتێکی سیاسیی، بەڵام وەک ئاکتی سیاسییش هێشتا کێشەدارن.

قسەکە لێرەدا چییە؟ ئایا ئێمە پێویستە فیلم دەربارەی هەڵەبجە دروست بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە “بەڵێ”یە، ئێمە فیلم دەربارەی هەڵەبجە دروست بکەین بۆئەوەی کەچی ڕوو بدات؟ مامەڵەی سینەمای جوو لەگەڵ هۆلۆکۆستدا دەتوانێت ئاوێنەی ئەزموونێکی سەرکەوتوو بێت بۆ مامەڵەی سینەمای کورد لەگەڵ هەڵەبجەدا؟ نەخێر. چونکە سینەمای هۆلۆکۆست لەو جێیەدا هێزی خۆی بەدەست دەهێنێت کە هاوتەریبی پڕۆسە سینەماییەکە، جووڵەیەکی جددی هەبووە بۆ تیۆریزەکردن و تێگەیشتن لە ڕووداوەکە لەسەر ئاستی جومگە جیاوازەکانی ناو کایەی مەعریفیی و فیکریی جیهاندا. کە ئەم هەنگاوە بۆ هەڵەبجە نەنراوە. کەواتە هەر فیلمێک بۆ هەڵەبجە دروست بکەین جگە لە بیانوویەکی دیکە بۆ گریان و خۆڕنین و بەزەیی بەخۆدا هاتنەوە، شتێکی دیکە نییە.

ئەوەی کە ئێران وەک پاڵەوان و فریادڕەسی کوردان لەم فیلمەدا دەبینین، هێندەی هەڵە تەکنیکیی و لۆژیکییەکان ئازاربەخش نییە. چونکە بۆ بەپاڵەوانکردنی ئێران، لە خراپترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین دەرهێنەر بە زۆر ئەم کارەی پێکراوە و لە باشترین حاڵەتیشدا دەتوانین بڵێین دەرهێنەر ئەسڵەن درکی بەوە نییە کە ئێران هاوتای ڕژێمی بەعس، ئەگەر زیاتر دوژمنی کورد نەبووبێت، کەمتر نەبووە. عوزر لە قەباحەت خراپتر. بەڵام بۆ هەڵە تەکنیکیی و لۆژیکییەکان چ پاساوێک هەن؟ کەینێ دەرهێنەری کورد واز لە ئۆرگازمی تەکنیکیی دەهێنێت؟ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل تەنها لە پێناو تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە فیلمەکەدا چییە جگە لە “عەرزی عەزەڵات”؟ وەک بە قسەی دەرهێنەرەکە خۆی لە پۆدکاستێکدا کە دەڵێ “ئێمە ئەمانەوێ بیسەلمێنین کە هیچمان لە هۆڵیوود کەمتر نییە و ئەتوانین وەک ئەوان دیمەنی تەقینەوە و شەڕەتەقە دروست بکەین”.

فیلمەکە پێک دێت لە کۆمەڵێک دیمەن و دایەلۆگی کڵێشەیی، کۆمەڵێک پلۆتهۆڵ، کۆمەڵێک کاراکتەری هەڵتۆقیو کە لە سەرەتای دەرکەوتنیانەوە چاوەڕوانی مەرگێکی حەتمی دەکەن و ڕەهەندێکی دیکە دەوڵەمەندیان ناکات، بەپاڵەوانکردنی ئێران و نیشاندانی وەک فریادڕەسی هەڵەبجەییەکان و چەندین ڕەگەزی ناسینەمایی دیکە. کە پێکڕا شتێک دروست دەکەن کە لە باری سنعەتییەوە ناچارین پێی بڵێین فیلم و کاتێکیش پێی دەڵێین فیلم، وا هەست دەکەین خیانەت لە سینەما دەکەین.

نووسینی: حەمە عومەر

Leave A Reply

Your email address will not be published.