تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردن لە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستاندا نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
بەشی یەکەم لە دیمەن و سیناریۆی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. دیمەنی دووەمی ئەم سیناریۆیە ماوەتەوە، لە قبوڵکردن و یان رەتکردنەوەی ئاکامەکانی هەڵبژاردن، پیکهێنانی هاوپەیمانیەتی، نەخشەی لایەنەکان بۆ بەشداری و بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، گرفتەکانی بەردەم پیکیهینانی کابینە نوێ و ململانێی نیوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکان، جێگای هیزە ئۆپۆزیسیۆنە! بۆرژوازییەکان، لە حکومەتی! تازە و رۆڵی جەمسەرە ناوچەیەکان…تاد.
لە دیمەنی یەکەمی سیناریۆی هەڵبژاردنەکاندا، کاردانەوەکان بەوەی دیزاینی پێش وەختەکراوە، ساختەکاری ئەلەکترۆنی ئەنجام دراوە، دەنگ دزراوە و یان هەژمار نەکراوە… بەردەوامە. هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی بەر لە هەڵبژاردن پێداگرییان لەسەر پاکی بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکرد تا جەماوەری کوردستان راپیچی بەردەم سندوقەکانی دەنگدان بکەن، ئێستا هاواریان لێ هەڵساوە کە ساختەکاری بە نەخشەو دیزانی پیش وەختە و بەرمەجەی ئامیرەکانی خوێندنەوە لە قازانجی چەند لایەن و بەڕیکەوتن کراوە، بۆتە هاوارێک بۆ رەتکردنەوە و یان بۆ سازشکردن بەدەستەوە گیراوە.
خۆشباوەری بە چەند ئاڵوگۆرێک لە پرۆسەی بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، لەوانە سەرپەرشتی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە لە جێگای کۆمیسیۆنی کوردستان. کەم کردنەوەی کورسیەکانی لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی. کەم کردنەوەی کورسی کۆتاکان لە ١١ وە بۆ پینج کورسی. بە چوار بازنەیی کردنی کورستان. کەم کردنەوەی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت بۆ نیوە. بەڵێنی پاک بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنەکان و بوار نە هێشتنەوە بۆ ساختەکاری… زوربەی هەرە زۆری حزب و لایەنە بەشدارەکانی هەڵبژاردن و تەنانەت دەرەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنەکانی، غافڵگیر کرد و ئاکامەکانی هەڵبژاردن، توشی ڕاچەنینی کردن.
ئەم ئاڵوگۆڕانە لە بنەرەتدا بەشیکە لە رەوەندێکی گەورەتر کە لەچوارچیوەی ململانێی دەسەڵاتی بەغدا و هەرێمدا کە چەندین ساڵە دەچیتە پیشەوە. سەرەتا بە دەرهینانی پرسی نەوت و غاز و ئابوری لەدەستی هەرێم بەپێی بریارەکانی دادگای فیدرالی دەستی پیکرد و پێی نایە بڕگەی تەواوکاری، یان برگەی دووەم، کە گێرانەوەی هەژموونی دەستوری و یاسایی و حقوقی و بریاری سیاسییە بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا. لەو چوارچێوەیەدا دەرهێنانی بریاری چۆنیەتی بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنەکان و ژمارەی کورسی و بازنەکان و سەڵاحیەتی کۆمیسیۆنی سەراسەری عیراق…تاد رەوەندیکە بۆ ئاراستەی زامنکردنی هەژموون و رۆڵی دەستور و توانایی دەسەڵاتی فیدرالی بەغدا بەسەر فیدرالیزم و دەسەڵاتە لۆکاڵیەکاندا…
پشت بەستن بەو ئاڵوگۆرانەو مایە هەڵچینی لەسەر ئەوەی کە دیزاینی دەسەڵاتدارێتی هەرێم دەگۆرێت، و تەنانەت هەڵبژاردنەکان دەتوانن گۆرانکاری گەورەو کاریگەر بەدوای خۆیدا بێنێ، قوربانیەکانی ئەوان بوون کە خوێندنەوەیان بۆ ئەو ئاڵوگۆرانە، روکەش و کورت بین بوو. وە لەوە زیاتر تینەگەیشتنە لە تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردن لە دۆخی ئێستای سیاسی هەرێمدا. دۆخێک کە نەکوردستان دەوڵەت و وڵاتێکەو نە هەرێمێک کە حکومەت و پەرلەمان تییایدا، رۆڵی حکومەت و پەرلەمانێکی رۆتین دەگێرن، بە وێنەی هەر حکومەت و پەرلەمانێک کە لەدنیا و سیستەمی باوی بۆرژوازییدا هەیە. گەمەی چوار ساڵێک یان زیاتری هەڵبژاردن لە دۆخی تایبەتی هەرێمدا زۆرتر ئاژیتاسیۆن و مانۆرێکی سیاسییە، بۆ پێکهێنانی پەرلەمانێکی کارتۆنی و ڕوپۆشێک بۆ دەسەڵاتی میلیشیایی و حزبۆکراتی.
لەگەڵ ئەوەدا کە هەڵبژاردن ناتوانێت و ڕیگەیەک نییە بۆ ئاڵوگۆری شۆرشگێرانەوە بنەرەتی و ناتوانێت دەست ببات بۆ پایە سەرەکیەکانی سیستەمی ئابوری و سیاسی و لە بنەرەتدا بۆ رەوایەتی بەخشین بەو سیستەمەو بەرگری لێکردنیەتی، بەڵام دەکرێت لە زۆریک لە ولات و دەوڵەتەکانی دنیادا هەڵبژاردن هەندێک ریفۆرمی بەرچاو لەزۆر زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و حقوقی و مافی تاک و هاوڵاتیان و تەنانەت دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، بەدوای خۆیدا بهێنێت، تەنانەت دەکرێت لە کۆنەپەرستیرن دەوڵەتدا، لە رێگای هەلبژاردنەوە ئاڵوگۆر رووبدات و دیزاینی سیاسی تارادەیەک لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە بگۆرێت و رووبدات و هەندێک ریفۆرم بەدوای خۆیدا بهینێت…. بەڵام بوونی چەند تایبەتمەندیەک لەهەر ولات و دەوڵەتیکدا دەتوانێت ریگەی هەر ئاڵوگۆرێک بگرێت و دیزاینی سیاسی لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا، توشی راگرتن و چەق بەستووی بکات. بەشیکی سەرەکی لەو تایبەتمەندیانە لەکوردستاندا ئامادەییان هەیە، کە هەڵبژاردنەکانی جیا دەکاتەوە لە هەر هەڵبژاردنێکی تر، لە ئاستی دنیا و سیستەمی بۆرژوازیدا.
١/ هیزی چەکدار و ئەمنی… لەهەر جێگایەکی ئەم دنیاییە هیزی چەکدار و ئەمنی سەربەخۆ و دابڕاو لە دەسەڵات و بێلایەن نەبوو، موڵکی حزب و دەسەڵاتی حزبۆکراتییە…. ناکرێت هێزی چەکدار و پۆلیس و ئاسایش و …تاد، سەر بە حزبی سیاسی بن و دەنگ و پشتیوانیان بۆ ئەو حزبە سیاسییە نەبیت… ئەگەر لێرەو لەوێ کەسانێک لە چوارچیوەی هیزی چەکداردا پابەندی دەنگدان بە حزبەکەشیان نەبن، یان بەشداری نەکەن، بەڵام زۆرینەی دەنگی بۆ حزب و موڵکی ئەو حزبەیە… ئەم تایبەتمەندییە لە هەر هەڵبژاردنێکدا لایەنێکی یەکلاکەرەیە…. وە ئەم حاڵەتە زۆر دەگمەنە لە ئاستی دنیادا و دەکرێت دەوڵەت و دەسەڵات تەنانەت کۆنەپەرست و دینی و قەومی…. بن، بەڵام هیزی چەکدار بەشێک نەبێت لە هێزی حزب و دەسەڵاتی حزبی.
٢/ بەستنەوەی قوتی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی حزبییەوە… لەهەر کۆمەلگەیەکدا دەوڵەتی و نا دەوڵەتی، کار دەستە کەوتن و دامەزراندن، بەدەستی حزبەوە بوو، ئەو لەشکرە لە هاولاتیان کە حزب کاری بۆ دابین کردوون و دایمەزراندون، لە هەر هەڵبژاردنێکدا هیزی یەکلاکەرەوەن بۆ ئەو حزب و دەسەلاتە… ئەم حاڵەتەش لە ئاستی دنیادا دەگمەنە… بۆ ئەوەی کارت دەست بکەوێت دەبێ سەر بە حزبی دەسەڵات بیت و تەزکیەی ئەوت هەبێت… دەکرێت لە وڵات و دەوڵەتێکی دیکتاتۆر و کۆنەپەرستدا بیت، بەڵام کار دەستکەوتن و دامەزراندن مەرج نەبێت بۆ ژیان کردن و دنیا شاهیدی دەیان دەوڵەتی لەو بابەتەیە.
٣/ لەشکری ئامادەی موچەخۆری حزب… ئەم بەشە لە هەرێم پێیان دەوترێت” بن دیوار” لەهەر کۆمەڵگەیەکدا حزب لە ڕێگای دزین و قۆرغکردنی سەرچاوەکانی سامان و داهاتەوە، لە شکری سەدان هەزار کەسی بۆخۆی لە رێگای دابینکردنی موچەوە، بەخۆیەوە بەستەوە، ئەو لەشکرە لایەنێکی یەکلاکەرەوەن لە هەر هەڵبژاردنێکدا و ئەمەش تایبەتمەندیەکە لە دنیادا کەم وێنەو دەگمەن…
٤/ حزب و جەمسەرەکان… پەیوەندی و وابەستەیەیی حزبەکانی دەسەلات، بە جەمسەرە ناوچەییەکانەوە، لایەنێک و تایبەتمەندییەکی تری هەرێمە لەگەل هەر جێگایەکی تری دنیا… لەدۆخی سیاسی و واقعیەتی داسەپاوی بەسەر هەرێمدا، حزبەکانی دەسەلات نەک پەیوەندی، بەڵکو بە تەواوەتی وابەستەی جەمسەرە ناوچەییەکانن و بەو مانایەش نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەو دەولەتانە دەکەن و دەوڵەتەکانیش چ لە پێناو بەرژەوەندیەکانیان و چ بۆ ململانێی نەیارەکانیان و بۆ راگرتنی باڵادەستی و دەستیوردانیان لەو جیگایە، هاوکاری مانەوەی ئەو هێزانە دەکەن و کاری بە وەکالەتیان پێ دەسپێرن… ئەم جەمسەرانە نەک تەنها لە هەلبژاردنەکاندا، بەلکو لە مانەوەی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی وابەستە بەخۆیاندا رۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوە دەگێرن… ئەم تایبەتمەندییەش لە ئاستی دنیادا دەگمەن و کەم وینەیە.
حزبەکانی دەسەلات لە کوردستان هیز و توانایان، لەو فاکت و تایبەتمەندیانەدایە…. هیزو لایەنێکی سیاسی بیەوێت ئەم هێزانە کەنار بخات، بەبێ ئەوەی هێزی هەبێت، هیزی چەکدار، داهات، پشتیوانی ناوچەییی…. بە هەڵبژاردن ناتوانێت یەکێتی و پارتی کەنار بخات… تەنانەت ئەگەر لە هەلبژاردنیشدا دەنگی زیاتریش لە پارتی و یەکێتی بهێنن. نە پارتی و نە یەکێتی، سامان و داهات، هیزی چەکدار و ئەمنی خۆیان، وابەستەیی و پەیوەندیەکانیان… رادەستی هێزی تر ناکەن و بەهەڵبژاردنیش ناکرێت… دەکرێت کورسی هیزو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن!! زیاد یان کەم بکات، بەلام لەو رێگایەوە دەتوانن پۆست بەدەست بهێنن، بەڵام دەسەڵات نا. بەهەمان شیوەش لە رێگای هەڵبژاردنەوە گۆرانکاری لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و ماف فەردی و مەدەنیەکانی خەلک ناکریت و چاوەروانی لەوەی لە واقعیەتی سیاسی هەرێمدا ئاڵوگۆر لە رێگای هەڵبژارندا رووبدات نەک هەر وەهمە، بەلکو خۆڵكردنە چاوی خەڵکە، ٣ دەهەی رابردووش ئەو راستیەی سەلماندووە.
پەرلەمان و حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا دوو دامەزراوەی کارتۆنی و کاریکاتۆری بەناو یاسایین بۆ رەوایەتی بەخشین بە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشییایی، بۆ شیواندنی رای گشتی و بەتایبەتی دنیای دەرەوەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی…. هەر ئەو واقعیەتەشە، کە نەک تەنها حزبە دەسەڵاتدارەکان، بەڵکو حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش، ئامادەنین کەسی یەکەمی خۆیان بنێرنە ناو پەرلەمان، بەڵکو کادر و کەسانی پلە لەخوار، دەنێرنە ناو پەرلەمان و…تاد
بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و لە سێ دەهەی رابردوودا، ئەوەی لە شەقام نیشانی داوە، بە خۆپیشاندان و کۆبونەوەو مانگرتن و …تاد تاکە ریگای ترساندنی دەسەلات و راچەنینان بووە، زنجیرە نارەزایەتیەکانی ساڵانی دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعس و پاشان ١٧ شوبات و…. ئەو برگانەنە کە دەسەلاتی راتەکاندووە و بۆتە مایەی ئاڵوگۆر لە دۆخی سیاسی هەرێم و ئاڵوگۆر لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و جەماوەردا. هەر هیزێکی سیاسی خوازیارەی ئاڵوگۆر هێنان بەدۆخی سیاسی هەرێم و دەسەلاتی حزبۆکراتی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان… بێت، بەبێ روو بەرووبوونەوەی بەنەخشە بەبێ پرۆژەی رۆشنی سیاسی و بەبێ زامنکردنی هەژموونی رابەری بەسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بەبی پلاتفۆری سیاسی رۆش، بە جیگایەک ناگات. چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش و نارازی لەدەسەڵاتی هەرێم دەچنە پشت حزبێکی سیاسی بەهێز و خاوەن ئیدعایەکی شۆرشگێرانە بۆ ئاڵوگۆر و هەڵگێرانەوەی دۆخی باو…. لەدەست دەرهینانی سامان و داهات، بێ لایەن کردنی هیزی چەکدار و سەربەخۆکردنی، دوو هەنگاوی گرنگ لە راستای دەستکورتکردنەوەی دەسەڵات و دەروازەی گۆرانکارییە… لە حاڵەتێکی وادا کە پارتی و یەکێتی دەستیان لە سامان و داهات و دزی و کورتکرایەوە، لە چەک داماڵران و هیزی چەکدار و ئەمنی سەربەخۆکران، هیزی بن دیوار و بە بارمتەگرتنی قوتی خەڵک نامێنێ و هەڵبژاردنیش دەتوانێت ببێتە بژاردەیەک بۆ گۆران و گۆرانکاری ریژەیی، وەکو ئەوەی لە ئاستی دەوڵەتەکانی دنیادا بەڕێوە دەچیت…
ئومێد بەستن بەوەی تەزویران کەم بۆتەوە و ریگری لێدەکرێت، کۆمیسیۆنی بەغدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات، سەرپەرشتی و چۆنیەتی هەڵبژادنەکان ناوەندییەو کورسی کۆتاکان لابراوە، ناتوانێت ئاوی پیرۆز بکات بەسەر پەرلەماندا و رەوایەتی پێ ببەخشێت و دۆخی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان نۆرماڵ بکاتەوە، کە ریشەی لە تایبەتمەندی تردا هەیە.
هەڵبژاردنی ئەمجارە سەد بارە ئەو راستیانەی سەرەوە کردە وانەیەک بۆ وانە لێ وەرگرتن…
*************