تەزویرکردنی ئیرادەی سیاسی کومەلگە و هاوڵاتیان، پیلانێکی سیاسی رەزیلانەیە!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
تەزویرکردن و كلاو لەسەر کردن و زەوتکردنی ئیرادەی سیاسی هاوڵاتیان، تایبەتمەندییەکی هەموو ڕژێمەسیاسیەکانی چینی دەسەڵاتداری دنیای ئەمڕۆیە، زۆر و کەم، بەڵام ئەوەی کە لە چینی دەسەڵاتداری کوردستان و هێزە سیاسیەکانی دەیکەن شتێکی ترە، ناکرێ ناوی بنرێ پێشێلکردنێکی لێرە و لەوێ کە لە هەر شوێنێک ئەگەری ڕوودانی هەیە.
بەلام ئەوەی ڕویدا لە کوردستان هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو پڕۆسەیەکی بێشەرمانە و ئابڕوبەرانەی تەزویرکردنی ئیرادە و کەرامەتی سیاسی تەواو و پڕاوپڕی ئیرادە و کەرامەتی سیاسی تەواوی کۆمەڵگەیەک بوو. دیزاین کردنی لاقەکردنێکی گەورەی ئیرادەی سیاسی و کەرامەتی ئەو بەشەریەتە کرێکار و زەحمەتکێشە بوو کە خەون بە ڕزگاری لە دەسەڵاتی ئەو کەمایەتییە خوێڕی!! و بێکەڵکەوە دەبینێ.
ئەم ئەتککردنەی ئیرادەی سیاسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتكێش و ژن و لاوی ئازادیخوازی کوردستان بە جۆرێک بوو کە تەواوی کۆمەڵگە و تەنانەت ئەو دەزگا و خێڵی زوڕناژەن و میدیای زەرد و نان بە نرخی ڕۆژخۆری توشی شوک کرد. ئەم پرسیارە لە کۆمەڵگەی تەنی چی ڕویداوە؟ چ قیامەتێک وای کردوە ئەم بەشەریەتە دەنگ و ئومێدی خۆی بە دەسەڵات و کۆمەڵە هێزێک ببەخشێ کە لەسەر نان ناچارە شەری لەگەل بکا و لەسەر موچە و کرێی کارەکەی دەدرێتە بەرشەق. لەسەر ڕاستی وتنێکی سادە شاربەدەر و زیندانی و تیرۆر دەکرێ و لاو و گەنجی لە تاو بێئومێدی و هەناسەساردی ڕێگەی هات و نەهاتی ئیجە و دەریاکان دەگرێتەبەر؟ چی وایکردوە لە ناو ئەم بێئومێدیە سەرتاپاگیرە کە چینی دەسەڵاتدار و حاکمیتەکەی سەپاندویەتی، دیسانیش جەماوەری کرێکار و زەحمەتكێش ئامادە بن چارەنوسی سیاسه خۆیان ڕادەستی ئەمانە بکەن؟؟!!
تەزویری ئابروبەرانە و شەرمهێنەرانەی ئیرادەی سیاسی کۆمەڵگەیەکی ٥-٦ ملیۆنی، کردەوەیەکی قێزەون و بە هەر پێوەرێکی مەدەنی و ئینسانی و بە هەر ئەندازەیەک پابەندی بە حەقیقەت و شعوری مرۆڤایەتی، مەحکومە و دەبێ ڕیسوا بکرێ.
لە ئۆردۆغان و دەوڵەتی ئیخوانی تورکیا تا خامەنەیی و کۆماری ئیسلامی، لە هەردوو بنەماڵە و حیزبی دەسەڵاتدارەوە تا بزوتنەوەی پوچی نەوەی نوێ و ئۆپۆزیسیۆنی ساختەی ئیسلامی لە دیزاینکردنی ئەم دزین و تەزویرکرنەی ئیرادەی سیاسی خەلکی کوردستاندا هاوبەشن و لە ژێر پرسیاردان و مایەی نەفرەت و بێزارین.