هەڵبژاردن … هۆنراوەی بەندی عەلی
بە گیرفانی بەتاڵەوە
بە کامی فێ چەپڵە لێدەی
بۆ کەینوبەینی ناندزی ..
دڵنیابە قوربان، لەوەی
تۆش یان عەشرەتی گیرفانی
یان مەلێکی دەماخسزی !
ئاخر لە حەشری سوتانا
ئەوە مایەی وڕیی واق و
ئەوپەڕی سنووری سامە ..
گوناهی گڕ نییە، یاران !
پەروانە عاشقی ئەو بێت،
دیارە هەر خۆی کزرفامە !!
——————
ئۆپۆزسیۆن
کە ماست نەما
ئیدی سودی چییە، تەرکی
ماستاو کردن…
منەت بەسەر کێدا دەکەی
کەوچکی ماستاو ؟!
سەد ئەوەندە لە دوورەوە
بریسکەت بێت،
نەنگە هەرگیز تراویلکە
ببێت بە ئاو ..
ڕیبوارە کوژە دوورەکانی
ئەم هەوارە،
هەر هێندە جوان دەردەکەون
دوور بن… لە چاو !!
ئەوانەی دوای وشکەساڵی
لە ئاغاکان دێنە وەڵام،
دژ بە چۆلەکە برسییەکان
هیچی تر نین، زیاد لە هەندێ
داهڵی ، پەلوپۆ شکاو !!